سەردێڕ:

تێڕوانین لە تەرمی مرۆڤ

2/10/2020 6:11:06 PM
8108 جار خوێندراوەتەوە
سالار مەحمود
+ -

لە روانگەی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەگۆڕە بەکۆمەڵەکان
لە سۆنگەی بابەتی پێگەی مرۆڤ لە دوای لە دونیا دەرچوون و فەوتانیەوە یا لە تێڕوانینی گشتییەوە بۆ قوربانی، بە گرنگی دەزانم بەدوای وڵامی پرسیارێکدا بگەڕێم کە دەیان لقی ھەیە و پەیوەستە بەبەھای مرۆڤ لەکۆمەڵگادا بە خودی خۆی و حکومەت و یاساو رێساکانەوە.
 لەناو کۆمەڵگاکاندا نەریتی جیاجیا ھەن بۆ مردوو، لاشەی مرۆڤ وەک رێزگرتنی جیاجیا ھەن، رێورەسمی جۆراوجۆری بەخاکسپاردنی شایستە ھەن، تەنانەت بۆ ئارامگا و دوامەنزڵیش.
لە عیراقدا بەپێی یاسا دیاریکراوە چۆن مامەڵە لەگەڵ مردوو لەگەڵ تەرم و قەبردا بکرێت.
بەداخەوە وەک چۆن لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکاندا پێشێلی مافەکانی مرۆڤ بەبەردەوامی ھێڵی سور تێدەپەڕێنێت، وەک چۆن زیندووەکان لەسەر ئاستی گشتی ماف و ژیانیان وەک پێویست لەبەرچاو ناگیرێت، پێدەچێت قەدەری ژیان وای کردبێت لەم وڵاتە لە دوای مردنیش تەرم و روفاتی مرۆڤ تاوانی گەورەی دەرھەق ئەنجام بدرێت کە دەدرێت.
لەم روانگەیەوە سەبارەت بە سزای شێواندنی تەرمی مرۆڤ و سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی مرۆڤ لە مردنیشیدا رێکار دیاری کراوە.
یاسای سزادانی عیراقی ژمارە (۱۱۱)ی ساڵی ۱۹٦۹ ھەروەھا یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عیراق ژمارە(٥)ی ساڵی ۲٠٠٦ و یاسای ژمارە (۱٥) ساڵی ۲٠۱۳ی ھەموارکراو بەچەند مادەیەکی یاسایی سزای دیاری کردووە.
بۆ نمونە لە مادەی ۳۷٤ی یاسای سزادانی عیراقیدا ھاتووە، (بۆ ماوەیەک کەلە دوو ساڵ زیاتر نەبێ سزای زیندانی و غەرامە دەکرێت یا یەکێ لەو سزایانە ھەر کەسێک بەئەنقەست دەستدرێژی کردە سەر حەرەمی لاشەیەک یان بەشێک لەجەستەی یا روفاتێک یا کفنی لێکردەوە یا کردەوەکە بۆ تۆڵە سەندنەوە بێت لە مردووەکە یا تەشھیری پێ بکات، سزای زیندانی دەدرێت کە زیاتر نەبێ لە سێ ساڵ)
مادەی ۳۷۳ی ھەمان یاسا ئاماژەی بەوە کردووە، سزای زیندانی کە لە دووساڵ زیاتر نەبێت و بەغەرامەیەک کە لە دووسەد ھەزار دینار زیاتر نەبێت یان یەکێک لەو سزایانەی ھەر کەسێک دەدرێت دەستدرێژی کردە سەر حەرەمی قەبرێک یا گۆڕستانێک یان بەمەبەست بیشێوێنێت.
مرۆڤ کە مرد ئەبێتە جەستەیەکی بێ رۆح، توانای ھیچ داکۆکی و خۆپارێزییەکی نیە، لەبەر ئەوە ھەر تاوان و پێشێلکردنێکی حورمەتی مردوو جۆرە تاوانێکی قورسن و پێچەوانەی بنەماکانی شەرع و یاسان.
رێسا ئاسمانیەکانیش جەختیان کردووەتەوە لەسەر زەرورەتی پاراستنی مردوو لەھەر دەستدرێژیەک، پێویستە شوێنی شایستە بۆ مردوو ھەبێ بۆ ئەوەی بە ئارامی بەخاک بسپێردرێت.
یاسای سزادانی عیراقی بەگشتی و ھەردوو مادەی (۳۷۳و ۳۷٤) ناتوانن ببنە رەدع بۆ جۆری ئەو تاوانانەی دەرھەق بەمرۆڤ لە گۆڕەبەکۆمەڵەکان کراون.
پێناسەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان وەک لە یاسای گۆڕەبەکۆمەڵەکاندا ژمارە (٥) ی ساڵی ۲٠٠٦ ھەروەھا  یاسای ژمارە(۱۳)ی ساڵی ۲٠۱٥ ھەموارکراودا ھاتووە، کە ئاماژە دەکات بەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ ئەو شوێنە یا زەوییەیە کە لە روفاتێک زیاتری تێدا شاردراوەتەوە، بەبێ رەچاو کردنی حوکمەکانی شەرع و بەھاکانی مرۆڤایەتی، کە ئەرکە لە کاتی بەخاکسپاردندا رەچاو بکرێت.
دیارە مەبەست لێی شاردنەوەی ئاسەوارەکانی تاوانی کۆمەڵکوژییە، لێرەدا بە ئاوڕدانەوە بۆ یاساکانی عیراقی ئەو سزایانەی دیاریکراون سزای سوکن.
بەو سزایانەش کە لە یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ھاتووە بۆ دەستکاریکردن و شێواندنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان.
لەم رووەوە گرنگە یاسادانەرانی عیراق و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەوردی دراسەیەکی جۆری ئەو سزایانە بەبەراورد بەمەترسییە گەورەکانی ئەو تاوانانە بکات، وەک بەشێک لە پرۆسەی بەبەھای زیاترەوە روانین لەمرۆڤ لەدوای بەجێھێشتنی ژیان.
 لە عیراقدا نزیکەی سێ سەد گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوەو دەستنیشان کراون لەلایەن تیمی شارەزاو تایبەتمەندەوەو شوێنەکانیان دیاری کراون. بەپێی یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عیراق دەبێت لە رۆژی دۆزینەوەی گۆڕەکانەوە، پاسەوانی بکرێن بۆ ون نەبوون و پارێزگاریکردنیان لە شێواندن، تاوەکو بە رێوشوێنی زانستی ھەڵدەدرێنەوە.
بەداخەوە ئەم کارەش نەکراوە، لەبەر ئەوەی ئەرکی جێبەجێکرنی حوکمەکانی یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکان سپێردراوە بە (دامەزراوەی شەھیدانی عیراق). لەگەڵ چەندین دامەزراوەی پەیوەندیداری ترو بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان.
کەمتەرخەمی لە راپەڕاندنی ئەرکە یاساییەکان لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بەڕای من دەچێتە خانەی بەکەم تەماشاکردنی پیرۆزی مرۆڤ و رێز نەگرتن لە روفاتی قوربانیانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، چونکە ھەمووان دەزانن تاوانەکان بە چ چەشنێکی دژ بە مرۆڤانەو دژ بەھەموو بەھایەکی ئاسمانی و زەمینی ئەنجامدراون بەرامبەر بەخەڵکی سڤیل و ژن و منداڵ و پیرو گەنج.
وەک لەمادەی (٥) ی یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ھاتووە دوای دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ پێویستە حکومەت دەستبکات بە راپەڕاندنی ئەرکە یاساییەکان لەماوەی یەک ساڵداو کارەکانی تەواو بکات.
بە خوێندنەوەیەکی خێرای یاساکە بۆمان دەردەکەوێت بەھای گەورە نەدراوە بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە چڕکردنەوەی ئەرکەکانی سەر حکومەت لە راپەڕاندنی بەرپرسیارێتی ھەمە لایەنە بەرامبەر بەو گۆڕو روفاتانە.
ھەرچەندە بەبەراورد بە یاسای یەکەم و ھەموارکراوەکە، ئەوەی دووەمیان چەند لایەنێکی تری ئەرکەکانی پڕ کردووەتەوە، بەڵام ھێشتا تێرو تەسەل نییە.
لەمەدا دەگەینە ئەو راستیەی بەھای مرۆڤ وەک چۆن لە زیندوێتیدا لەم وڵاتەدا پێدەچێت لەئاستی پێویستدا نەبێت، ئاوەھاو زیاتریش بۆ مردووان یا ئەو قوربانییانەی بوونە ھەوێنی راماڵینی دیکتاتۆریەتی بەعس لە عیراقدا نەبێت.
بۆ بیرھێنانەوە سەبارەت بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان تا ئێستا سێ کۆنگرەی بەناو نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە، ھەریەکە لەو کۆنگرانە چەندین لێکۆڵینەوەو پێشنیارو بیرۆکەی کار خراونەتە روو، بەڵام ئایا کار بەو راسپاردەو دەرخستانە کراوە؟ بێگومان بەداخەوە نەخێر. 
کۆنگرەکان 
یەکەم: لە ١٦/٩/٢٠٠٦ لە شاری لەندەنی بەریتانیا بەسترا.
دووەم: لە ٨/١٠/٢٠٠٨  لەشاری نەجەف لە عیراق بەسترا.
سێیەم: لە١٧/٤/٢٠١١ لەشاری ھەولێر پایتەختی کوردستان بەسترا.
ھەرچەندە سانا نییە گەیشتن بە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەم باسەی پێداڕێژرا، بەڵام بەکورتی و کرمانجی راپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتی بەرامبەر مرۆڤە بەکۆمەڵ لەگۆڕنراوەکان، بەشێکی گرنگە بۆ زیندوو راگرتنی بەھای مرۆڤ.