سەردێڕ:

تێزی سەرۆکە کوردەکە لە کوردستان و عێراقەوە بۆ ناوچەکە و جیھان

9/25/2019 11:40:35 AM
4773 جار خوێندراوەتەوە
سالار مەحمود
+ -

لەمیانەی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کوردێک وەک سەرۆک ئامادەیی ھەیە. ئامادەبوونێکی پڕ جوڵە و دیدار، سەرۆکی وڵاتە گەورەکانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیاو سەرۆکی چەندین وڵاتی تر بەبایەخەوە تێزەکانی د. بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عیراق گوێبیست بوون بۆ چارەسەری گرفتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و گەڕانەوەی عێراق لە قۆناغی دوای سەرکەوتن بەسەر تیرۆری داعشدا بۆ ناو کایەی نێو نەتەوەیی.

لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بەتایبەتی دیدارێکی تەواو سەرکەوتووی دیبلۆماسی ئەنجامدا. سەرۆکی عێراق بە وردی باسی قۆناغی بوژاندنەوەی کردووە دوای دەرکردنی یاسای ئەنجومەنی ئاوەدانکردنەوە ( مجلس الاعمار) کە بایەخێکی زۆری دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ناوچە زەرەرمەندەکانی شەڕی تیرۆری داعش. ھەروەھا باس لە سیاسەتی میانڕوانە و ھاوسەنگی عێراق کراوە لە ناو ململانێکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە دیداری سەرۆکەکانی وڵاتاندا نوێنەری حکومەتی کوردستان یاوەری سەرۆکی عێراقە، قسەم لەگەڵ ئەندامێکی وەفدەکە کرد باسی لە سەرسامی سەرۆکی وڵاتان کرد، بۆ توانای دیبلۆماسی سەرۆک کۆماری عێراق و ئەداکردنی گوتار و دیدەکانی لەبارەی دۆخی ئێستا و ئایندەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عێراق.

میدیاکانی جیھان بەگرنگیەوە دیدارەکانی سەرۆک کۆماریان روماڵ کرد بەتایبەتی پەرۆشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی ھاوسەنگ و لێکگەیشتن بۆ ھەماھەنگی و رەخساندنی دەرفەتی کاری ھاوبەش بۆ بوژاندنەوە و سود وەرگرتن لە تواناکان، بەداخەوە ھێشتا ھەندێ میدیای خۆماڵی و بەتایبەتی کوردی ئەوەندە بایەخیان بەوتەی سەرۆکە بیانییەکاندا ھێندە نەپەرژانە سەر تێزەکانی بەڕێز د. بەرھەم ساڵح! لەکاتێکدا پیشەییانە و نیشتمانیانە دەبوو زیاتر خۆیان دەرباز بکردایە لەو گرێیانەی رابردوو.

جیھان لە میانەی کۆبونەوەی نەتەوەیەکگرتوەکاندا بە دیقەتەوە گوێ لە سەرۆکە کوردەکەی عیراق دەگرن لەبارەی چۆنێتی بەدیھێنانی ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلانی ناوچەکە.

ھەورەھا ئاوڕێک لە جینۆسایدی گەلەکەمان و ئێزیدییەکان و رۆڵی پێشمەرگە و دەرفەتە ھاوبەشەکانی نێوان پێکھاتەکان و رێوشوێنە دەستورییەکان بۆ چارەسەری گرفتەکان دەخاتەڕوو، لەگەڵ تێڕوانینی عێراق بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و گواستنەوەی گۆڕەپانی عێراق لە ململانێوە بۆ بەیەکگەیشتنی ئاشتیانە.

خەڵکی کوردستان ئەو چاوەڕوانییەیان ھەیە لە دووتوێی دۆسیەی بەردەستیدا دۆزی نیشتمانی و دیموکراسی بەجۆرێک بخاتە روو کە ھاوسۆزی و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پەیدا بکات.

ئەم جوڵە دیبلۆماسیە ئاست بەرزەی سەرۆک بەرھەم ساڵح،  جوڵە دیبلۆماسیەکانی سەرۆک مام جەلال بەبیر دێنێتەوە لە قۆناغێکی نوێ و لەسەردەمێکی جیاواز و گۆڕاودا.