سەردێڕ:

هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بۆمبەكان دەتەقێنێتەوە؟

3/22/2019 11:35:53 PM
10383 جار خوێندراوەتەوە
مەم بورهان قانع
+ -

چەند رۆژێکی دیکە، پرسی تاوتوێکردن و پەسەندکردن، یان نەکردنی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان، قسەو باسی گەرمی لەبارەوە دەکرێت. یەکەمین پرس کە فراکسیۆنی "پارتی" کاری بۆ دەکات، ھەموارکردنەوەی "یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان- عیراق"ە (یاسای ژمارە "١"ی ساڵی ٢٠٠٥)، بەجۆرێ کە بە باڵای "نێچیرڤان بارزانیی"ی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی داھاتوی ھەرێمی کوردستانی بدورن، بەڵام ئایا ئەم ھەموارکردنەوەیە، بۆمبەکان لەگەڵ خۆی دا دەتەقێنێتەوە؟ یان: بە ئاسانی تێپەڕدەکرێت و ھیچ جیاوازییەک ناکەن لەنێوان دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم، چ لە سیستمی سەرۆکایەتیی دا بێت، یان سیستمی پەرلەمانیی؟

ئەم وتارە، ئیستێ دەکات لەسەر یاساکە و ھەروەھا بەرپرسیارێتیی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر چۆنێتیی ھەموارکردنەوەی ئەم یاسای، سەرەڕای ئەوەی ئێمە پێمانوایە یاساگەلێک و پرسگەلێکی دیکەی گرنگتر ھەن؛ کە پێویستە لە پارلەماندا وەکو ئەولەوییەتی کارکردن، کاریان لەسەر بکرێت، بەتایبەتی پرسی موچەی بەناھەق پاشەکەوتکراوی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان. بەڵام، ئەم شیکارییەم بۆ یاساکە و پێشنیازم وەکو پارلەمانتارێک بۆ باشکردنی یاساکە لە چوارچێوەیەی سیستمی پارلەمانیی دا (کە سەرۆکی ھەرێم لە پارلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت)، لەو سۆنگەوەیە کە لە چەند ھەفتەی داھاتودا، پرۆسەکە بەم ئاڕاستەیەدا دەبێت. ھەربۆیە، دەبێت قسەیەکی زانستیی و قانونیی لەسەر ئەم پڕۆسەیە و دەسەڵاتەکانی سەرۆ‌کی ھەرێم لە سیستمی پارلەمانیی دا بکرێت.

ئەم یاسایە، لە ٢٠ مادە پێکھاتوە و لەرۆژی ٧/٦/٢٠٠٥ و لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان- عیراق (پەرلەمانی کوردستان)ەوە دەرچوە.

بەجۆرێ ئەم یاسایە دەرکراوە، کە سیستمی حکومڕانیی لە ھەرێمی کوردستان دا، سیستمێکی سەرۆکایەتییە و "سەرۆکی ھەرێم"یش راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە و بە دەنگدانی نھێنیی ھەڵدەبژێردرێت و بەمەیش "سەرۆکی ھەرێم" دەسەڵاتێکی زۆری دەبێت، وەکچۆن لە ھەر سیستمێکی سەرۆکایەتیی دا بەوجۆرەیە، بەڵام کاتێ ئەم یاسایە ھەمواردەکرێتەوە و "سەرۆکی ھەرێم" لە پەرلەمانی کوردستان-ەوە ھەڵدەبژێردرێت، بە مانای پەسەندکردنی "سیستمی پەرلەمانیی" دێت (ئەگەر تەنھا بۆ چوار ساڵیش بێت، لەپێناو دابەشکردنی ھەردو پۆستی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت دا لەنێو دو ئامۆزاکەی بنەماڵەی بارزانیی دا). بۆیە، لە سیستمی پەرلەمانیی دا (وەکو ئەوەی لە عیراق دا ھەیە)، سەرۆککۆمار دەسەڵاتەکانی سنوردارە و زۆرینەی دەسەڵاتەکان لە دەستی سەرۆکوەزیردایە. واتا لە سیستمی پەرلەمانیی دا، دەسەڵاتی سەرۆک، یان سەرۆکی ھەرێم (بەراورد بە سیستمی سەرۆکایەتیی)، زۆر سنوردار دەبێت.

ئەم شیکارییە، پەیوەندیی بەوەوە نییە کە ئایا "نێچیرڤان بارزانیی" سەرۆکی ھەرێم دەبێت، یان ھەر کەسێکی دیکە. ئایا "مەسرور بارزانیی" سەرۆکی حکومەت دەبێت، یان ھەر کەسێکی دیکە، بەڵکو شیکاریکردنی بەند و بڕگەکانی ئەم یاسایە، پاڵپشتە بە دروستبونی سیستمێکی پەرلەمانیی، کە چەند رۆژێکی دیکە یاساکە دێتە پەرلەمان و گوایا پێشوەختە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتیی وەھا رێکەوتون، سەرۆکی داھاتوی ھەرێم، بە ھەمان ئەو دەسەڵاتانەوە بمێنێتەوە، کە پێشتر ھەیبون (لەکاتێکدا، پێشتر سیستمی سەرۆکایەتیی بوە و ھەموارکردنەکەیش دەبێت بەپێی سیستمی پەرلەمانیی بێت).

+ دەبێت مادەی "یەکەم"ی یاساکە سەرلەبەری بگۆڕدرێت، کە بە دەق بەمجۆرە ھاتوە: "ھەرێمی کوردستان – عیراق، سەرۆکێکی دەبێت، بە (سەرۆکی ھەرێمی کوردستان – عیراق) ناودەبرێ، کە سەرۆکی باڵای راپەڕاندنیشە لە ھەرێمدا".

لە ھیچ سیستمێکی پەرلەمانیی دا، سەرۆکی وڵات، یان سەرۆکی ھەرێم، سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی راپەڕاندن نییە.

لە "مادەی دوەم"ی ئەم یاسایەدا، ھاتوە: "سەرۆکی ھەرێم بە دەنگدانی گشتیی و نھێنیی و راستەوخۆ ھەڵدەبژێردرێت....". بێگومان لە سیستمی سەرۆکایەتیی دا بەمجۆرەیە، بەڵام ئەمجارە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم، بەپێی سیستمی پەرلەمانیی دەبێت، ھەربۆیە دەبێت ئەم مادەیە و مادەکەی پێشویش ھەڵبوەشێنرێنەوە.

"مادەی چوارەم"ی یاساکە، بەمجۆرەیە: "ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی دا دەبێت". بۆیە، دەبێت ئەم مادەیەیش بگۆڕدرێت.

ئەوەی لەم یاسایەدا کەموکوڕییەکی گەورەیە، ئەو سێ مەرجەیە کە دانراون بۆ ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی ھەرێم و ئەو سێ مەرجەیش زۆر کەمن و بەتایبەتی رەچاوی مەرجی "بڕوانامەی زانکۆیی" نەکراوە، لەکاتێکدا ئەم مەرجە لە یاسای سەرۆکایەتیی زۆربەی ھەرە زۆری وڵاتان دا ھەیە. ئەوەتا لە عیراقیش دا و لە کۆی ئەو شەش مەرجەی لە مادەی "یەکەم"ی یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠١٢ی پەرلەمانی عیراق دا (یاسای حوکمەکانی خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار) ھاتوە. لە خاڵی چوارەمی مەرجەکان دا، جەخت لەوە کراوە: "دەبێت سەرۆککۆمار لانیکەم بڕوانامەی "بەکالۆریۆس"ی ھەبێت و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق-ەوە ددانی پێدا نرابێت". بۆیە، دەبێت ئەم مەرجەیش لە کاتی ھەموارکردنەوەی یاساکەدا، بۆ پاڵێوراوی سەرۆکی ھەرێم دابنرێت.

دەبێت ھەر پێنج بڕگەکەی "مادەی حەوتەم"ی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لاببرێن، چونکە پەیوەنددارن بە میکانیزمی ھەڵبژاردن و خۆپاڵاوتنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم لە "سیستمی سەرۆکایەتیی"دا و دەبێت میکانیزمەکان بگۆردرێن و گۆڕینەکەیش بەوشێوەیە بێت، کە کە لە سیستمی پەرلەمانیی دا رەچاودەکرێت.

لە "مادەی ھەشتەم"ی یاساکەدا، ھاتوە: "بە دەنگی زۆرینەی سادەی پەرلەمانتاران، کاندیدی سەرۆکی ھەرێم بە براوە دادەنرێت...."، بەڵام لە عیراق دا، سەرۆککۆمار دەبێت دو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان مسۆگەر بکات و ئەگەر ھیچ کام لە رکابەرەکانی پالێوراو بۆ ئەو پۆستە نەیانتوانی ئەو رێژەیەی دەنگەکان بەدەستبھێنن، ئەوکات گەڕێکی دیکەی ھەڵبژاردن لە پەرلەمانەوە دەکرێت و ھەر رکابەرێک زۆرینەی دەنگەکانی ھێنا، ئینجا دەبێتە سەرۆککۆمار، وەکچۆن لە ھەڵبژاردنی "بەرھەم ساڵح"دا بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق بینیمان. بۆیە، پێویستە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمانەوە، لانیکەم پاڵپشت بێت بە دەنگی دو لەسەر سێی ئەندامان، نەک زۆرینەی سادە. ئەمە لە کاتێکدایە، بەپێی "مادەی شانزەیەم"ی یاسای "سەرۆکایەتیی ھەرێم..."، بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی ھەرێم، پێویستمان بە دەنگی سێ لەسەر چواری ئەندامانی پەرلەمانە، کە ئەم رێژەیە زۆر بە زەحمەت لە پەرلەمان دا دروست دەبێت، لەکاتێکدا بەدەستھێنانی زۆرینەی سادە لەناو پارلەمان دا و بۆ بەخشینی متمانە بە "سەرۆکی ھەرێم" زۆر ئاسانە، کەچی سەندنەوەی متمانە لێی، زۆر زەحمەت کراوە. لەکاتێکدا دەبێت متمانە بەخشین و سەندنەوەی متمانەیش، بە ھەمان رێژەبێت، کە ئەمەیش خزمەتی پایەکانی دیموکراسی و پێگەی بەھێزی پەرلەمان دەکات.

لە بڕگەی "یەک"ی "مادەی دەیەم"ی یاساکەدا، ھاتوە: "سەرۆکی ھەرێم لە ماوەی ١٠ رۆژدا ئیمزا لەسەر یاساکانی پارلەمان دەکات و بۆی ھەیە تانەیان لێبدات...". پێویستە لە ھەموارکردنەوەی ئەم یاسایەدا، دەسەڵاتی "تانەدان" لە سەرۆکی ھەرێم وەربگیرێتەوە، بەوپێیەی مەرجەعی ھەڵبژاردنی "سەرۆکی ھەرێم" پەرلەمانە، نەک خەڵکی کوردستان.

خاڵی "شەش"ی ھەمان مادە، بەمجۆرەیە: "سەرۆکی ھەرێم حوکمی لە سێدارەدان پەسەنددەکات، یان سوککردنی بۆ بەندکردنی ھەتاھەتایی". دەبێت لە ھەموارکردنەوەی یاساکەدا، ئەم دەسەڵاتەیش لە سەرۆکی داھاتوی ھەرێمی کوردستان وەربگیرێتەوە و لە دەستی پەرلەمان دا بێت.

لە خاڵی "نۆ"، لە "مادەی دەیەم"ی یاساکەدا، ھاتوە: "سەرۆکی ھەرێم دەتوانێت سەرپەرشتی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بکات". ئەگەر بڕیارە سیستمەکە پەرلەمانیی بێت، ئەوا "سەرۆکی ھەرێم"، ئەم دەسەڵاتەیشی نامێنێت و پێویست دەکات لە ھەموارکردنەوەدا، ئەم خاڵەیش لاببرێت.

خاڵی "چواردە"ی "مادەی دەیەم"ی یاساکە، جەختدەکات لەسەر ئەوەی سەرۆکی ھەرێم: "فەرمانی قبوڵی ئەنجومەنی وەزیران، یان وەزیر دەردەچوێنێ". لە سیستمی سەرۆکایەتیی دا، ئەم مافە بە سەرۆک، یان "سەرۆکی ھەرێم" دەبەخشرێت، بەڵام دەبێت لە ھەموارکردنەوەکەدا، دەنگدان و پەسەندکردنی پەرلەمان، بڕیاری یەکلاکەرەوەبێت بۆ قبوڵکردنی ئەنجومەنی وەزیران، یان قبوڵکردنی وەزیرەکانی کابینە حکومەتییەکە، نەک خودی سەرۆکی ھەرێم.

بەپێی خاڵی "شانزە"ی ھەمان مادەی یاساکە: "سەرۆکی ھەرێم بۆی ھەیە دوای رەزامەندیی ئەنجومەنی دادوەران، دادوەر دابمەزرێنێ". دەبێت ئەم دەسەڵاتەیش لە سەرۆکی ھەرێم وەربگیرێتەوە و "دەسەڵاتی دادوەریی" سەربەخۆ بێت و ئەنجومەنی باڵای دەسەڵاتی دادوەریی، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەکانی، بۆی ھەبێت "دادوەر" دابمەزرێنێ، یان ئەم دەسەڵاتە بدرێتە پەرلەمان، وەکچۆن تەنانەت بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی ھەرێم لە ساڵی ٢٠١٣دا، پۆستی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، پۆستی "وەزیر" بوە و ١٦ ئەندامی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، پلەکانیان "وەزیر" بوە و وەزیریش متمانەی لە پارلەمانەوە پێدەدرێت.

لە خاڵی "حەڤدە"ی ھەمان "مادەی دەیەم"ی یاساکەدا، ھاتوە: "بەخشینی روتبەی سەربازیی بە ئەفسەرانی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێم و ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دەرکردن و خانەنشینیشیان بەپێی یاسا رەچاوکراوەکان".

لە ھەر سیستمێکی سەرۆکایەتیی دا، سەرۆک ئەم دەسەڵاتەی ھەیە، بەڵام لە سیستمی پەرلەمانیی دا، وەک ئەوەی کە ھەرێم لە چوار ساڵی داھاتودا بەمجۆرە دەبێت، ئەوا پێویستە لە ھەموارکردنەوەی یاساکەدا، ئەم دەسەڵاتەیش لە سەرۆکی ھەرێم وەربگیرێتەوە.

ئەو مادەیەی کە ئەگەری ئەوە ھەیە لە دانیشتنی چەند رۆژی داھاتوی پارلەمان و لە ساتەوەختی بەرێوەچونی دانیشتنی تایبەت بە ھەموارکردنەوەی ئەم یاسایەدا، مشتومڕی لێبکەوێتەوە (ئەگەر پارتی و یەکێتی و ھەروەھا بارزانیی باوک و کوڕ لەگەڵ "نێچیرڤان بارزانیی"دا، لەسەری رێکنەکەوتبن) و یەکێک بێت لە بۆمبە تەقێنراوەکانی ھەموارکردنەوەی یاساکە، "مادەی سیانزەیەم"ی یاساکەیە، کە ناکۆکیی و رای جیاواز بەخۆوە دەبینێت، وەکچۆن لە خاڵی "یەک"ی مادەکەدا ھاتوە: "سەرۆکی ھەرێم، فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان- عیراقە".

لە ھیچ سیستمێکی پەرلەمانیی دا، سەرۆک، یان سەرۆکی ھەرێم، فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان نابێت. ئەوەتا لە عیراق دا، ئەو کەسەی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانە، سەرۆکوەزیرە، نەک سەرۆککۆمار. وەکچۆن سیستمی حکومڕانیی عیراق-یش، بەپێی دەستور، بە "سیستمێکی پەرلەمانیی" دانراوە. بۆیە، دەبێت ئەم دەسەڵاتەیش لە "سەرۆکی ھەرێم"ی داھاتو بسەنرێتەوە.

لە خاڵی "دو"ی ھەمان "مادەی سیانزەیەم"دا، ھاتوە: "سەرۆکی ھەرێم، جێگرێک بۆ فەرمانداری گشتیی ھێزەکانی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان- عیراق دادەمەزرێنێ، تا لە ئەرک و فرمانەکانی دا، لەمروەوە یاریدەی بدا و لە دیارنەبونیدا، جێگای بگرێتەوە".

پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم، لە پۆستی وەزیر بەرزترە، چ لە سیستمی سەرۆکایەتیی دا بێت، یان پەرلەمانیی. بۆیە، دەبێت لە ھەموارکردنەوەی ئەم یاسایەدا، ئەو کەسەی ئەم پۆستەی دەدرێتێ، نابێت لە لایەن سەرۆکی ھەرێم-ەوە دابمەزرێنرێت و فەرمانی دامەزراندنی بۆ دەربکرێت، بەڵکو دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە بە دەنگی دو لەسەر سێ، یان لە حاڵەتی بونی دو رکابەر یان زیاتردا بۆ ئەم پۆستە، ئەگەر ھیچیان دەنگی دو لەسەر سێ-یان نەھێنا، ئەوا لە گەڕی دوەمی دەنگدان دا، دەشێ بە دەنگی زۆرینە ھەڵبژێردرێت.

ئەنجام:

ئەگەر لە دانیشتنی چەند رۆژی داھاتوی پەرلەمانی کوردستان دا سەبارەت بە ھەموارکردنەوەی ئەم یاسایە، رەچاوی ئەم سەرنجە یاساییانە نەکرا و دەسەڵاتەکانی "سەرۆک" کەمنەکرانەوە، وەک ئەوەی لە سیستمی "پەرلەمانیی"دا ھەیە، بەڵکو بەپێی رێکەوتنی نایاسایی و گاڵتەجاڕیکردن بە سیستەمەکانی حکومڕانیی و دەسەڵاتەکانی سەرۆک لە ھەر سیستمێکیاندا، پارتی و یەکێتی لە لایەک و ھەروەھا رێکەوتنی سەرۆکی پێشنیازکراوی داھاتوی ھەرێم، لەگەڵ سەرۆکی پێشنیازکراوی کابینەی داھاتوی حکومەتی ھەرێ (لە دەرەوەی پارلەمان)، بڕیاری کۆتایی لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی داھاتوی ھەرێم درابێت و پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی و شەریکەکانیان تەنھا ئەرکی دەست بەرزکردنەوەیان پێسپێردرابێت بۆ تێپەڕاندنی، ئەوا بەھایەک نامێنێتەوە بۆ "سیستمی پەرلەمانیی" و بانگەشەکردنیش بۆ "سیستمی پەرلەمانیی" لە ھەرێمی کوردستان دا، جگە لە درۆیەکی گەورە، ھیچی تر نابێت. ھاوشێوەی ئەو درۆ سیاسییە گەورانە دەبێت، کە لە ٢٨ ساڵی رابردودا، گوێمانی پێ ئاخنراوە.