سەردێڕ:

تاوانەکەی نیوزیلەندا

3/15/2019 8:30:17 PM
9317 جار خوێندراوەتەوە
مەم بورهان قانع
+ -

کوشتنی مرۆڤ لەسەر ئینتیمای ئایینیی، یان سیاسیی، یاخود ئایدیۆلۆژیی، تاوانێکی گەورەیە و دەبێت ئەنجامدەرەکەی توندترین سزا بدرێت.

شەھیدکردنی ٤٩ مرۆڤ و بریندارکردنی ٤٨ مرۆڤی دیکە، لەکاتی خوداپەرستیی دا و تەنھا لەبەرئەوەی موسوڵمانن، لە یەکێک لە وڵاتە دیموکراسییەکان و لەنێو دو مزگەوتی ئەو وڵاتەدا، تاوانێکی قێزەون و مەترسیدار و نەفرەتلێکراوە.

ئەمە چ بەدڕەوشتییەکی مرۆیی و ئەخلاقییە، کە لە چەند خولەکێکدا و بە خوێنساردییەوە، ٤٩ مرۆڤ شەھیدبکەیت و ٤٨ی دیکەیش بریندار بکەیت و پاساوی شەھیدکردنەکەیشیان بۆ ئەوە بگەڕێنیتەوە کە "دژی داگیرکاریی موسوڵمانەکانی لە ئەروپادا"؟!

بۆ رێگریکردن و دوبارە نەبونەوەی ئەم حاڵەتانە، دەبێت پەرە بە کولتوری یەکتری قەبوڵکردن و پێکەوەژیان بدرێت، کە ئەلف و بێی ھەر سیستمێکی دیموکراسییە. سیستمێک بەخۆی بڵێت دیموکراسیی، بەڵام مرۆڤی نەخۆش و دڕندەی وەک "برێنتۆنت تارانت"ی تاوانباری ئەم کۆمەڵکوژییە بەرھەمبھێنێت، کە لە چەند خولەکێک و خەمساردانە ٤٩ مرۆڤ شەھید بکات و ٤٨ی دیکەیش بریندار بکات، دەبێت کۆی کایەکانی ئەم سیستمە دیموکراسییە لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ و پەروەردە و کولتور، بخرێنە ژێر پرسیاری جدییەوە.

ئەم روداوە لە "نیوزیلەندا"، تاوانێکە، ویژدانی ھەر مرۆڤێکی بە ویژدانی ئەم ھەسارەیە ئازاردەدات.

توندڕەویی، ھەر توندڕەوییە، چ ئیسلامییەک بیکات، یان مەسیحییەک، یاخود جولەکەیەک، یان ھەر تائیفەیەکی ئایینیی، یاخود ھەڵگری ھەر ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسیی، بۆیە دەبێت نەفرەتیان لێبکرێت.