سەردێڕ:

پێموایە ئیسلام رقی لێمانە

3/17/2019 4:41:41 PM
12725 جار خوێندراوەتەوە
ناسیح مەلا کەریم
+ -


ئەمە گوتەی کەسێکی ئاسایی نیە ...

ئەمە نوسینی نوسەرێکی نەناسراو نیە..

ئەمە ریکلامی سەر دوکانیکی مەی فرۆشتن نیە..

ئەمە دەنگۆی کلیسایەکی رۆژئاوایی نیە ..

ئەمە ھاواری قەشەیەکی نەستوری نیە .

پێموایە ئیسلام رقی لێمانە..!!.

ئەمە قسەی ( دۆناڵد ترامپ)ە لە ١١/ئازاری/ ٢٠١٦ لە سەروبەندی ھەلبژاردنەکانی ئەمەریکا... 

دوێنیش ١٥/٣ دوای ڕووداوە خویناویەکەی نیوزیلەندا، ترامپ تەنھا دەستەواژەکانی ( ھیوام ئاسودەی گەلی نیوزلەندە) ،( ئاواتم ئارامیە بۆ گەلی نیوزلەندا) دووبارە دەکردەوە، بێ ئەوەی ناڕاستەوخۆش باسی ئیسلام یان موسڵمانان بکات. 

ترامپ وەک کەسێکی ئاسایی ئەم رەفتارانە نانوینێت، ئەو وەک سەرۆکی گەورەترین دەوڵەتی تێرۆریستی جیھانی رەفتار دەکات، رەفتارەکانی ( بۆ غەیری ئەمەریکیەکان) ھیچی لە رەفتارەکانی ( مۆسۆلۆنی) و ( ھیتلەر) و ( شاوشیسکۆ )  کەمتر نیە.

ئەو دەرچووی ئەو قوتابخانەیەیە،‌ کە زیاتر لە ٢٢ ساڵ پشتیوانی لە رژێمی خوێنمژی سەددام کرد، ئەو قوتابی ئەو قوتابخانە تێرۆریستیەیە کە لە بەرگی دیموکراسیدا و لە ١٨/٣/١٩٨٨ سەرۆکە لەناوچووەکەی ( رۆناڵد رێگان) رایگەیاند کە ( رژێمی کۆماری ئیسلامی ئیران) بۆردومانی کیمییایی ھەڵەبجەی کردووە نەک عێراق .. !! ( بڕوانە ژمارەکانی گۆڤاری ئەلف باء).

( ترامپ) سەربازیکی دڵرەقی شۆڤینی ئەم سەربازگەیەیە کە لە ٢٣/٣/١٩٨٨ شاری ( فاو)ی عێراقییان لە ژێر دەستی ئیرانیەکان دەرھێانا وگیڕایانەوە بۆ ژیر دەسەڵاتی بەعس.

( ترامپ) بەم وشانەی( پێموایە ئیسلام رقی لێمانە..!! )  مۆڵەت دەداتە تێرۆریستە ئەوروپیەکان تا کاری لەم شیوەیە ئەنجام بدەن... ترامپ گەرچی خۆی تەقێنەری فیشەکەکان نیە، بەڵام دەستی بکوژەکان توند دەکات لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانیان.!

ترامپ رابەری ئەو دیموکراسیە فشۆلەیە کە لە ژێر لولەی تۆپ و باڵی فرۆکە و چەکە کۆکوژەکانەوە بۆ رۆژھەڵاتی ئیسلامی دەگوازرێتەوە. !!

( ترامپ) و رژێمە مرۆڤکوژەکی دەستیان سوورە بە خوێنی ھەزاران خەڵکی سڤیلی بێ دەسەڵات لە عێراق و فەلەستین و ئەفغانستان ..!!

( ترامپ) و ھاوبەشەکانی لەو گروپە تێرۆریستیەن، کە پشتیوانی مادی و مەعنەوی بێسنور پیشکەش بەو رژێمە کارتۆنیە دیکتاتۆریانە دەکات، کە بە ئاگر و ئاسن مامەڵە لە گەڵ ھاونیشتمانیانی خۆیان دەکەن لە رۆژھەڵاتی ئیسلامی.

 بیریشتان نەچێت " نەک دواجار" بەڵکو پێش ھەموو شت، ( ترامپ ) سەرۆکی ئەو دەوڵەتە مرۆڤکوژەیە، کە لەسەر ئێسک و پروسکی زیاتر لە ٧٠ ملیۆن مرۆڤ بونیاد نراوە لە ھیندیە سورەکان !! . ( وەک سەرچاوە ئەوروپیەکان خۆیان دەڵێن).