سەردێڕ:

کۆستەکان و کۆسپەکان لە حەسەن بەننا ‌ تا موفتی زادە

2/11/2019 7:34:04 PM
1773 جار خوێندراوەتەوە
ناسیح مەلا کەریم
+ -

تێبینی :
قسەکردن دەربارەی کەسایەتیەکان مانای پیاھەڵدان و گەو‌رەکردنیان نیە زیاد لە قەبارەی خۆیان . ھاوکات رەخنەگرتن لە دید و بۆچوونەکانیان ئاماژەی ( تەنقیێ) و کەمکردنەوەی پێگە و قوربانیدانیان نیە .
١/٤ کۆسپەکان:
نەزان ونەشارەزان ئەوانەی وا بزانن گەیاندنی ئاین و ئاشناکردنی مرۆڤایەتی بە پەیامی ناوازەی خودایی، کارێکی ئاسانە و رێگای بانگەوازی ئیسلامی بە گوڵ چێنراوە، کۆسپەکانی بەردەم بڵاوبوونەوەی ئایین زۆرن، لەوانە: 
نەزانین لای موسڵمانان بەرامبەر دینەکەیان، بێسەروبەری وپەرتەوازەیی،
دووبەرەکی، فرەمیمبەری وفرە مەرجەعی، دەمارگیری، حساب نەکردن بۆ دوژمن، بێئاگایی لە سوننەتی خوای گەورە و یاساکانی شکست وسەرکەوتن، دەروونبەزیوی، باڵادەستی نەیارانی دین.. ھتد.. 
٢/٤ کۆستەکان
زاڵبوونی کەمایەتیکی خۆسەپێن و وەلانانی شەریعەت، ( دیسان) بێسەروبەری وپەرتەوازەیی، تێرۆری فیکری،غافڵکوژی وتێرۆری جەستەیی، پەراوێزخستنی موسڵمانان، زیندانیکردن، راوەدوونان، ھاوڵاتیبوونی پلەدوو( بۆ موسڵمانان) ، تۆمەتبەخشینەوە، ، رۆژ لەدوای رۆژ زاڵبوونی عەقڵیەتی مادیەگەرایی ، لاوازبوونی بەھاکان، دۆگمایی و خۆدزینەوە لە پیداویستیەکانی سەردەم ... ھتد... 

٣/٤ حەسەن بەننا
دوای روخاندنی خیلافەتی عوسمانی ( ئیسلامی) شپرزەیی و بێسەروبەری رووی لە جیھانی ئیسلامی کرد و موسڵمانان بێھیواییەکی زۆریان پێوە دیار بوو. یەکێک لەو کەسانەی بەستەڵەکی بێھیوایی شکاند و جارێکی تر ھیوای بۆ موسڵمانان گیڕایەوە ( حەسەن بەننا) بوو، لە کاتێکدا کە نەیارانی نێوخۆی و دەرەکی ئیسلام، لە لوتکەی ھێز و دەسەڵاتیاندا بوون . 
( بەننا) توانی لە ماوەی بیست ساڵی تەمەنی بانگەوازدا ( ١٩٢٨- ١٩٤٩) گەورەترین رابوونی سەردەمی نوێ لەسەر بنەمای ھزری دروست رابگەیەنێت، وەک شاعیرێک لە وەسف و کاریگەری بزوتنەوەکەی بەننادا دەلێت:
کام چەکەی زۆر تۆقێنەر بوو لە ڕووی زەمین
یان وەک ئەتۆم ترسێنەر بوو 
درابووشە دەست خوێنڕێژی وەک ( ستالین) 
بڕوات نەبوو کاریگەر بێت لە شەستەکان 
وەک یەک پیتی وشەی ( ئیخوانولموسلیمین) ! 

رەوتەکەی بەننا لەو تەمەنە کورتەدا نەیارانی دینی ھێنابوو بە چۆکدا و خەوی لە چاوەکانیان تۆراند بوو بەتایبەت جولەکە.. بۆیە کەوتنە پیلانگێڕی و تا ئەوە ‌بوو ( نەقراشی پاشا) لە ژێر فشاری رۆژئاوا و جولەکە لە ٨/١٢/١٩٤٨ بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی ( برایانی موسڵمان)ی راگەیاند... 
پاش تەنھا چوار مانگیش لەم بڕیارە گەورترین کارەسات ڕووی لە کۆمەڵەی ( برایانی موسڵمان) کرد و پیشەواکەیان ( حەسەن بەننا ) لە ١٢/٢/١٩٤٩ بە ‌پیلانێکی نێودەوڵەتی و بە شیوەیەکی ناپاکانە شەھید کرا 
شەھیدکردنی ( بەننا )، ئەگەرچی کۆستێکی گەورە و گورزێکی گورچک بڕ بوو لە کۆمەڵەی برایان و خەسارەتێکی گەروە بوو لە ئوممەتی ئیسلام، بەڵام نەبوو بە کۆسپ لە بەردەم تەوژمی بانگەوازەکی بەننا، بەڵکو تەرز و لقەکانی بزوتنەکەی بە جیھانی ئیسلامیدا بڵاوبوویەوەو بڕوا ناکەم بزاڤێک و رەوتێکی سیاسی ئیسلامی ھەبێت لە سەر ئەم ھەسارەیە لە ژێر کاریگەری و ھەژموونی فیکری بەننا دا نەبێت یان نەبووبێت – کەم تا زۆر .

ئەوەی جێی تێڕامان و ھەڵویستە لەسەرکردنە ئەو پرسیارەیە کە : داخۆ بزوتنەوەکەی ( بەننا ) پاش خۆی ئاراستەی فیکری بەرەو کوێ رۆشت ؟؟ 
وەڵامی پرسیارێکی لەم جۆرە سەنەھی نیە و دەیان توێژینەوە ھەڵدەگرێت ( چ بە رەخنە وە چ بە پاسا و پیاھەڵدان) ... بەڵام وەک شاعیرێک لە وێناکردنی حاڵی ئیستای دەستنەمامەکەی بەننا دەڵێت: 
بەڵام ئەمڕۆ ھو‌تافی ( الجھاد)ەکەش 
وا بووەتە مایەی پێکەنین.!!
چونکە ( جیھازە شێرەکەی ) ئیمام بەننا
ھەر لە دوای خۆی مۆمیا کرا و 
نینۆک و دانی ھەڵوەرین ..!!

٤/٤ موفتی زادە
ئەگەر ( بەننا ) لە رۆژئاوای ئیسلامی سومبولی بوێری و بەرخۆدان و خزمەت بێت، ئەوا ( موفتی زادە) لە رۆژھەڵاتی ئیسلامیەوە نموونەی بۆ خوا سوڵحان و نەتەوەپەروەر و بانگخوازی بە ئارام و دەرچوی قوتابخانەکەی ( ئیبنوحەنبەلە) !!
موفتی زادە شانبەشانی زانایانی تری ئەھلی سوننەت لە نەتەوە جیاوازەکانی تری ئیران، وێڕای نەگونجانی ژینگەی سیاسی و مەزھبی، بەڵام ئەو بە کۆڵنەدان و خۆگری و دڵسۆزی توانی نەوەیەک پەورەدە بکات و ھەمیشە لە خەمی نەتەوەکەی و لە ‌پێشەوەی داکۆکیکارانی میللەتە مافخوراوەکەیدا بێت ...
ئەگەرچی – وەک ھەندێک باسی لێوە دەکەن - لەسەرەتای سەرھەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئیران دژ بە نیزامی پەھلەوەی لە ساڵی ١٩٧٩، موفتی زادە بەڵینی ( خودموختاری – حوکمی خۆجێی ) پێدرابوو بۆ کوردان، ھەندێکیش دروشمی ( کاک ئەحمەد و خومەینی رابەری شیعە و سوننی)یان بەرز کردبوویەوە، بەڵام ئەفسوس کاربەدەستانی ئێران خاوەن بەڵێنی خۆیان نەبوون و سەرجەم نەیارەکانی خۆیان لە ‌ناوبرد بە ئیسلامی و چەپ و لیبرال و ھتد.. لەناویشیاندا موفتی زادە کە نزیکەی ١٠ ساڵ لە زیندان بوو، و ە بەھۆی کاریگەر‌ی رەوشی زیندان لە سەر تەندروستی، لە ٩/٢/١٩٩٣ گیانی پاکی سپارد و بەمەش ھەم شاگردەکانی ھەتیو کەوتن ،ھەم ئەھلی سوننەت کۆستیکی گەورەیان لێکەوت و سەرکردەیەکی دەگمەنیان لەدەستدا، کە ئەستەمە بە ئاسانی جێی پڕ بکرێتەوە ..
موفتی زادە سەرباری ئەوەی کەسێکی رۆحانی بوو وە لەخەمی مرۆڤەکاندا بوو ، بەڵام ئەو ھەمیشە دەیووت: نەتەوەکەم سێ ستەمی لەسەرە؛ ستەمێکی ( مەزھەبی) ستەمێکی ( نەتەوەیی) ستەمیکی ( عیمرانی – ئاوەدانی)..
پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا شاگردەکانی ( موفتی زادە ) تا چەندە توانیویانە پرنسیپ و بنەما ھزریەکانی رێبەرەکەیان پیادە بکەن و لانی کەم لە ناوچە کوردنشینەکاندا بەرجەستەی بکەن ( سەرباری رێوشوێنە ئەمنیەکان ) ؟؟؟
ماوەتەوە بلێین: ( بەننا و موفتی زادە ) کۆتایی بە ‌ژیانیان ھات، بەڵام کاروانی بانگخوازان و موجاھیدان و دلسۆزانی ئەم دینە بەردەوام دەبێت، سەرباری کۆستەکان و کۆسپەکان و لەدەستدانی دەیان و سەدان لە قوتابیانی قوتابخانەکەی ( ئەرقەمی کوڕی ئەبی ئەرقەم ) کە موحەممەدی پێغەمبەرمان – درود و سەلامی خوای لەسەر بێت- مامۆستایەتی و سەرقافڵەی ئەو کاروانە موبارەکەیە ...
ھەروەھا جێی خۆیەتی ڕووی دەممان لە ھاوڕایان و ھاوبیرانی ( بەننا و موفتی زادە) بکەین و بڵێین: گەورەترین ڕێزلێنان و دڵسۆزی بۆ رابەرەکانتان، ( ژیانکردنە ) بەو شێوەی ئەوان کردیان لە ( برایەتی ) و ( خاکدۆستی ) و( مرۆڤدۆستی) و ( رۆشنفیکری) و( رۆحانیبوونی ) ئاوێتە بە خۆشەویستی خوای گەورە، دوور لە دەمارگیری و شەخێەنە و مرۆڤپەرستی .