سەردێڕ:

کەرکوک و کاردانەوە

6/18/2019 1:40:59 PM
3091 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
+ -

پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم گەیشتووەتە دووڕیانێکی سەخت، گەیشتووەتە رۆژی خۆی و تێپەڕیووە، ئەگەر نەتوانرێت رێکەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێبکرێت، بەدڵنیاییەوە کاریگەریی راستەوخۆ و روونی دەبێت لەسەر کۆی بارودۆخی سیاسی و حوکمڕانیی لە ھەرێمی کوردستان.
ئەو رێگرییەی ھەیە روونە، ئەگەر کاندید بۆ پارێزگاری کەرکوک دەستنیشان نەکرێت، ئەوا پێکھێنانی حکومەت بە عەمەلی رووبەڕووی گرفتی جددی دەبێتەوە، تاکە رێگریش لەبەردەم کردنەوەی ئەم گرێیە، بەلاڕێدابردن و خۆدزینەوەی لایەنی سەرەکیی راسپێردراوە بۆ پێکھێنانی حکومەت لە چارەسەری ئەو پرسە! ھۆکارەکەیشی بێگومان روونە، بۆیە دەبێ پێشبینی کاردانەوە و ئاڵۆزبوونی دۆخەکە بکرێت.
تائێستا وەک ئەوەی دەبینرێت وادەردەکەوێت ئەو لایەنە ھیچ پڕۆژە یان دەریچەیەکی بۆ چارەسەری کەرکوک لەدوای شکستی ریفراندۆمەوە پێ نەبێت، ھیچ وەڵامێکی بۆ لێکەوتەکانی ریفراندۆم ‌و رووداوەکانی دواتر پێ نەبێت، دوای ئەو دۆخەش کەبەسەر کوردستان بەگشتی ‌و کەرکوک بەتایبەتیدا ھات، ئاساییە سێبەری ئاڵای عیراق شەقامەکانی پایتەخت تاریک بکات و لەئاست سرودی نەتەوەیی و نیشتمانیی «ئەی رەقیب» کڕو کپی ببینین!
خراپتر لەمەش ئێستا کە گفتوگۆی پێکھێنانی حکومەتی نوێی ھەرێم دەکرێت، یەکێتی مەرجی یەکلاییکردنەوەی پارێزگاری کەرکوکی خستۆتەڕوو، ھیچ کام لەوانەی کە پێشتر بەدروشمی نەتەوەیی و ئاڵای کوردستان ‌و سەربەخۆییەوە کردبووە بنێشتە خۆشە، ھیچ ھەڵوێستێکیان لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کەرکوکەوە نییە!
ھێشتا روون نییە گرفت و گرێی دانانی پارێزگاری کەرکوک تێدەپەڕێت یان نا، بەڵام کەرکوک لەبەردەم بارودۆخێکی زۆر مەترسیداردایە، مەترسییەکە تەنھا بوونی حاکمێکی عەرەبی بە وەکالەت نییە کە بڕیار‌و رەفتاری شۆڤێنیستانە دەدات ‌و دەردەکات، بەڵکو ئەو واقیعەیە کە ١٨ مانگی داھاتوو رووبەڕووی ئەو شارە دەبێتەوە.
یەکەمیان بەھۆی کارانەبوونی ئەنجومەنی پارێزگاکەوە بەھۆی ئامادەنەبوونی فراکسیۆنی پارتی لە لیستی برایەتی، ئەگەری سەرپشککردن و پێدانی دەسەڵات بە راکان سەعید (پارێزگاری بەوەکالەت) بە خەرجکردن و مامەڵەپێکرنی ئەو بودجە گەورەیەی پارێزگای کەرکوکە کە بە سەدان ملیۆن دۆلار مەزندە دەکرێت! پێشبینی دەکرێت راکان بەشێکی گەورەی ئەو بودجە گەورەیە لە خزمەتی پڕۆژەی شۆڤینزمی عەرەبیی و دووبارە تەعریبکردنەوەی ئەو شارەدا خەرج بکات و ئەو پارەیە تەخشان و پەخشان بکات و زیانێکی گەورە بە ئایندەی کورد لەکەرکوک بگەینێت.
دووەمیشیان، بڕیارە لە ٢٠٢٠ سەرژمێریی گشتیی لە عیراق بکرێت، بێگومان ئەگەر ئیدارەی شارەکە بەدەست کوردەوە نەبێت، چارەنووسی کوردستانی بوونی کەرکوک دەکەوێتە دۆخێکی زۆر مەترسیدارەوە بەتایبەتی لەئێستاوە ھەوڵی زۆر ھەیە کە دەستکاریی تۆماری نیشتەجێبوون و گێڕانەوەی عەرەبی ھاوردە بۆ شارەکە.
بەدڵنیاییەوە لەوانەیە دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک لەم قۆناغەدا، کۆی گرفت و کێشەکانی کەرکوک چارەسەر نەکات، بەڵام خۆ دەتوانێت بەشێک لە کێشەکانی کەرکوکی روبەڕوو بکرێتەوە و ھەوڵەکانی داگیرکردنی زەویی کوردو گواستنەوەی فەرمانگە و گۆڕینی بەڕێوبەرانی کورد رابگرێت، ھەروەک پۆلیسی شارەکە لەژێر فەرماندا دەبێت و بەشێک لە جموجۆڵی شارەکەی دەکەوێتە دەست، بەڵام ناکرێت لە دوورەوە بەبێ ھیچ بیانوویەک یان پڕۆژەیەک، یان بوونی دەنگی جەماوەریی لە شارەکە! رێگریی لە دانانی پارێزگار بکرێت!