سەردێڕ:

حکومەتی باڵشکاو

6/3/2019 5:39:57 PM
3719 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
+ -

دەستنیشانکردنی کاندیدێک بۆ پارێزگاری کەرکوک، رێککەوتنەکەی یەکێتی و پارتی رووبەڕووی واقعێکی نوێ کردەوە، لەگەڵیدا جۆرێک لە ھێرشی راگەیاندن دەستی پێکردووە، ئەمەش دۆخێکی دەرونیی ناسەقامگیری بۆ خەڵک دروستکردووە، کاریگەری زۆری لە بازار و ژیانی خەڵک کردووە.

رەنگە پرسیاری گرنگ ئەوە بێت کە چۆن دەکرێت رێککەوتنێک ھێشتا رەنگ و حیبری سەر کاغەزەکەی وشک نەبووە، لە جێبەجێکردنیدا رووبەڕووی گرفت و ئاستەنگ بێت؟! رەنگە ئەوەیان پەیوەندی نەبوونی متمانە و جۆرێک لە دڕدۆنگییەوە ھەبێت لە نێوان ھەردوولا. لەراستیدا ئەم رێککەوتنە بۆ دووبارە دروستکردنەوەی متمانە بوو لەنێوان ھەردوولا، بۆ بەیەکەوە کارکردن لە ماوەی چوار ساڵی داھاتوو، دواتر دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتێکی درێژخایەنی ھاوبەش بۆ ئیدارەدانی حوکمڕانی لە ھەرێم و ھاو کات تێگەیشتنی ھاوبەش بۆ چارەسەرکردن و رووبەڕووبونەوەی ئەو بارودۆخەی دوای رووداوەکانی ریفراندۆم رووبەڕووی ھەرێم بویەوە، بەڵام پێدەچێت نەبوونی متمانە و گومانکردن لەجێبەجێکردنی رێککەوتنەکە وایکرد، ھەنگاوێک بەر لە راسپاردنی حکومەت، تەڵەکە بتەقیت و ئەوگومانە راست دەربچێت کە بەشێک لەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەجێبەجێکردنی بڕگەی تایبەت بەکاندیدکردنی پارێزگاری کەرکوک دەیانکرد.

بەپێی رێککەوتنەکە، لەگەڵ راسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران بۆ پێکھێنانی حکومەت، ھەنگاوی دانانی پارێزگاری کەرکوک دەستپێبکات، بەڵام مقۆمقۆی چەند ناوێک و لێدوانە ناکۆک و دژەکانی بەشێک لەسەرکردایەتی پارتی دەرھەق بەکەرکوک، بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتی خستە گومان، بۆیە پێشوەختە گوشاریان کردو داوای یەکلاییکردنەوەی کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوکیان ھەم لە مەکتەبی سیاسی و ھەمیش لەپارتی کرد، سەرەنجام دەرکەوت ئەوەی بۆ پارێزگاری کەرکوک پێشنیارکراوە، نە کەرکوکییەو نە لەلایەن یەکێتیەوە پێشنیارکراوە، ئەمەش پێچەوانەی مەنتقی رێککەوتنەکە بوو کە پێویست بوو کەسێک دەستنیشانبکرێت لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتیش رەزامەندی لەسەربدات.

ھەر لەسەرەتاوە رێککەوتنەکە بەناکامڵی لەدایک بوو، قەدەری پارێزگاری کەرکوک و ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لەگرفتەکانی شارەکە، بەرێککەوتنێکی زارەکی سپاردرا، کە ئەمە لەمەنتق و مێژووی رێککەوتنی سیاسیدا بونی نییە، چونکە دەرفەتی خۆدزینەوە یان شێواندنی رێککەوتنەکە دەدات.

پرسیاری ھەموومان رەنگە ئەوە بێت ئەگەر پارتی بەردەوام بێت لەھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەت بەتەواوکردنی پارسەنگ بەبزوتنەوەی گۆڕان و کۆتای (پارتی) چارەنوسی حوکمڕانی ھەرێم چی دەبێت؟ کاردانەوەو لێکەوتەی ئەم بارودۆخە چی دەبێت؟

رەنگە ھێشتا دەرفەت مابێت بۆئەوەی پێشبینی ئاڵۆزیی و دۆخی نەخوازراو نەکەین، بەیاننامەکەی پارتی و یەکێتی لەیادی دامەزراندنی یەکێتیدا ئومێدێکی ھێشتۆتەوە رێککەوتن بکرێت، نەخاسمە ناکۆکی ھەردولا تەنھا لەسەر (کاندید)ە نەک ناکۆکی سیاسی، بەتایبەت لەم دۆخەدا کە ھەم ناوچەکە دەکوڵێت و ھەمیش ناوچە جێناکۆکەکان گڕی گرتوە، بەڵام ئەگەر پارتی بەردەوام بێت لەپێکھێنانی کابینەو ئاوڕێک نەداتەوە، ئەوا لەلایەک سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت تەنھا نوێنەرایەتی پارتی و ئەو چەند ئەندام پەرلەمانەی گۆڕان و کەمینە سەرکردایەتیە (سەرلێشواوەی) گۆڕان دەکات. ئەمە لەکاتێکدا ھیچ لایەنێکی سیاسی جگە لەگۆڕان ئامادەی دەنگدان و ئاڵۆزکردنی ئەم دۆخە نەبوون. لەلایەکی دیکە قەڵەمڕەوییەکەی سنوردار دەبێت، وەک حکومەتێکی باڵشکاو، سەرەنجام دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت، لەو ئاڵۆزییەشدا بزوتنەوەی گۆڕان دەکەوێتە داوێکەوە، لەوانەیە ھەم لەزۆنی سەوزببێت و ھەمیش پەرلەمانتارەکانیان ببنە نیشتەجێی ھەولێرو رێگەی گەڕانەوەیان بۆ سلێمانی ئاسان نەبێت، ئەوکاتەش کورد وتەنی (ھەم لەقەل دەبن و ھەمیش لەکۆتر).