سەردێڕ:

حكومەتێكی خاو

4/23/2019 10:22:15 AM
1964 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
+ -

ئەگەرچی بڕیار بوو پێکھێنانی حکومەتی نوێ خێرا ناوی لێبھێنرێت و ھەنگاوەکانی کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بچێتە جێبەجێکردن، بەڵام بێدەنگی لێکراوە و دەنگوباسێکی نوێ نییە بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان یەکێتی و پارتی.

ئەوەی زانراوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چاوەڕێی پارتی دەکات بۆ دەستنیشانکردنی رۆژ و کاتی رێککەوتنەکە، چونکە وردەکاریی پێکھێنانی حکومەت لەنێوان ھەردوولادا بڕاوەتەوە، بەڵام پێدەچێت پارتی و گۆڕان نەگەیشتبنە رێککەوتن لەسەر ئەو سەرنج و تێبینیانەی ھەردوولا لەسەر پرسی پێکھێنانی حکومەت و سەرۆکایەتی ھەرێم ھەیانە، لەبنەڕەتیشدا پرسی پێکھێنانی حکومەت پەیوەندی بە پارتییەوە ھەیە و تائێستا ھیچ کۆبونەوەیەکی رەسمیی و ناڕەسمیی بۆ پێکھێنانی حکومەت لەنێوان یەکێتی و گۆڕاندا نەکراوە تاوەکو کێشە لەنێوانیاندا ھەبێت، بۆیە ئەوەی پێشبینی دەکرا لەسەرەتاوە، پێکھێنانی ئەم حکومەتە تا مانگی شەشی ئەمساڵ درێژە بکێشێت، کورد وتەنی دیارە ھەویرەکەی ئاوی زۆری پێویستە.

ئەو سەرنجەی گۆڕان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم یان حکومەت ھەیەتی، ھی ئەوەنییە پێکھێنانی لەسەر دوابخرێت، بەڵام پێدەچێت پارتی بیەوێت کەمێک رەچاوی خواستی گۆڕان بکات لەپرسی پێکھێنانی حکومەت، چونکە پارتی تەنھا لەحکومەت ئیشی بەبزوتنەوەی گۆڕان نییە، بەڵکو بۆ تێپەڕاندنی بەشێک لەئەجێندای سیاسی خۆی لەناو پەرلەمان، پێویستی بەبزوتنەوەی گۆڕان ھەیە! بەتایبەت ژمارەیەک پرس و بابەتی گرنگ و چارەنوسساز ھەیە رەنگە لەم خولەی پەرلەمان ببێتە بەرنامەی کاری پەرلەمان و پێویستدەکات گۆڕان لەوەیش ھاوکاری پارتی بکات.

لە درێژەی گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکومەت لەماوەی چەند مانگی رابردوو دەرکەوت پرسی دابەشکردنی پۆست و جومگەکانی حکومڕانی زۆر بەکێشەو زەحمەتترن لەپرسی ئەجێندای سیاسی لایەنەکان بۆ بەشداریکردن لەحکومەت، رەنگە ھەموو لایەنە سیاسییەکان بەشێک لە دروشم و بەرنامەی ھەڵبژاردنیان خستبێتە سەر کاغەزی رێککەوتنی پێکھێنانی حکومەت، بەڵام بەشێک لەپرسە چارەنوسساز و گرنگەکان ھێشتا لەدەرەوەی بەرنامەی کاری پەرلەمان یان حکومەتی نوێی کوردستاندایە، یان خۆیان دەدزنەوە لەباسکردنی لەکاتێکدا رۆژانە لەمیدیاکانیادا باسی دەکەن و ھەندێجار لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیشیاندا کردویانەتە ماددەیەکی وروژێنەر! بۆنمونە لەماوەی دوای یەکخستنەوی ھەردوو ئیدارەی ھەرێم لە ٢٠٠٦ وە تائێستا ھیچ حزب و لایەنێکی سیاسی لەکوردستان مەرجی بەشداریکردنی لەحکومەت نەبەستۆتەوە بە نەھێشتن یان لابردنی ئەو ھەموو بنکەو بارەگا سەربازیی و ھەواڵگرییەی وڵاتانی دراوسێ لەسەر خاکی کوردستان! بۆیە دەبینین وروژاندنە زۆرەی لەتەلفزیۆنەکانیان بۆھەندێ پرس و بابەتی پەیوەندیدار بەباری سیاسی و ئابورییەوە دەکرێت، ئەوەندەی موزایەدەی سیاسییە ئەوەندە تێگەیشتن و کارنامەی حزبیی نییە! بۆیە دەبینین حزب و لایەنی سیاسیی ھەیە لەباسی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستانەوە دەخشێت بەرەو پرسگەلێک کە خۆی بچوکدەکاتەوە لەبەرژەوەندی تەسکی حزبی، بۆیە دەبینین لەبری باسکردنی خواست و داخوازییە نەتەوەییەکان لەبەغدا، دێتەسەر وەرگرتنی پۆستێکی دیاریکراو و تەنانەت پێداگرییەکەی بۆتەھۆی تێکدانی نەک یەکڕیزی نیشتیمانیی، بگرە تێکدانی ئەو پەیوەندیی و گفتوگۆ سیاسییەی کە لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکاندا ھەبووە.