سەردێڕ:

ئەنجامی دەنگی ساختە

1/14/2020 9:58:55 AM
6588 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
+ -

دامودەزگا دەوڵەتیی و دەستورییەکانی کوردستان قەت نەیانتوانیوە رۆڵ و پێگەی خۆیان ھەبێت، ھەمیشە سێبەر و دیلی دەسەڵاتێکی دیکە بوون لەدەرەوەی دامودەزگای دەوڵەتیی. ئەو رووداوەی دوێنێی ناو پەرلەمانی کوردستان زادەی بەریەککەوتنێکی لەناکاو بێپلانی نێوان دوو پەرلەمانتار نەبوو، بەڵکو زادەی واقعی تاڵ و ھەژموونی بیری تەسکی حزبیی و بەڵتەگێتیە بەسەر ھەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی زۆربەی حوکمڕان و پەرلەمانتارانی کوردستان.

دەزانم دەستەواژەکان ھەڵێنجراوی بارێکی توندن، حەزمنەدەکرد توند بنوسم، بەڵام دیمەنی ناو پەرلەمان گەلێک خەمئامێزە، لەم دۆخە زۆر بێزارین و مەگەر توند نوسین بەشێک لەتوڕەییەکەمان بەتاڵ بکاتەوە.

ساڵانێکە پەرلەمان و حکومەت و دامەزراوەکانی دادوەریی لەکوردستان بەتەواوی بێبەھا و بێنرخ بوون، رەوشی میدیا و دەسەڵاتی چوارەمیش لەوان باشتر نییە، ھەریەکەیان بەشێوەیەک بووەتە داردەستی حزب و وەزیفە و بایەخی خۆیان لەدەستداوە.

لە ٢٠١٥ پەرلەمانی کوردستان بە دوو زێرەڤانی داخرا! لەکاتێکدا پەرلەمان نەموڵکی بزوتنەوەی گۆڕان و نە یەکێتی و پارتی و نەھیچ حزبێکی کوردستانە، کاتێکیش لەدەرەوەی پەرلەمان بڕیاری ریفراندۆم-درا ئەوەندەی دیکە بێبایەخ کرا. خراپتر ئەوەبوو پەرلەمانتار لەژورێکی پەرلەمان بەند بکرێت و جگە لەسوکایەتی شەخسی، دارکاریی بکرێت، ئەم دیمەنە لەمێژووی ھیچ پەرلەمانێکی دونیا نەبووە و نییە.

ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ و قەبارەی تەزویر و ساختەکردنی دەنگی خەڵک ئەوەندە گەورەبوو، ھیچ قیمەتی بۆ دامەزراوەی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان نەھێشتەوە، قبوڵکردنی ئەنجامەکەشی شەرعیەتدان بوو دەنگی ساختە! ئەو ژمارە زۆرەی بەدەنگی ساختەش بەدەستھات، بووە بارێکی گران بەسەر سەقامگیریی سیاسی و پرسی سازانی نیشتیمانیی لە کوردستان. بۆیە دەبێ بەئاسایی بیبینن بەشێک لەوانەی ئێستا لەپەرلەمانن شەق بوەشێنن یان ھەڵسوکەوتی نەشیاو و دوور لە عورف و ھەڵسوکەوتی گشتیی بکەن، چونکە لەبنەڕەتدا بەشەرعی نەھاتوون و نەبوونەتە پەرلەمانتار! واوەتریش غەدرێکی زۆر لە پێکھاتەکانی دیکەی وەک کلدۆ ئاشوریی و تورکمانەکان کرا! بەدەنگی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و پێشمەرگە، ژمارەیەک داردەست کرانە نوێنەری ئەو پێکھاتانە، لەکاتێکدا کۆتا بۆ گرەنتیکردنی مافی بەشداریی پێکھاتەکان بوو نەک زوڵم لێکردن و بەکارھێنانیان بۆ خواستی سیاسی و کردنیان بە بەشێک لە ململانێی سیاسی لەکاتێکدا ئەوانەی بەناوی ئەوانەوە لە پەرلەمانن، نوێنەرایەتی خۆشیان ناکەن نەک پێکھاتەکانیان.

ئێمە دەزانین پەرلەمان دوو وەزیفەی سەرەکی ھەیە، یەکەمیان پەسندکردنی بودجە و بەدواداچوونی خەرجییەتی، ئەوی دیکەشیان یاسادانان و چاودێریکردنی ئیشوکارەکانی حکومەتە، بەڵام با بپرسین پەرلەمان لەماوەی چەند ساڵی رابردوو چیکردووە؟ جگە لەدوو ساڵی سەرۆکایەتی حکومەتی د. بەرھەم، چەندجار ئەو پەرلەمانەی ئێمە گفتوگۆی بودجەی ساڵانەی کردووە؟ لەچاودێریکردنی حکومەت توانیویەتی چەند وەزیر بانگ بکات و متمانەیان بخاتە ژێر پرسیار؟!

با لەحکومەت بپرسین، بزانین چ دامەزراوەیەکە؟ لەھەموو دونیا حکومەت سێ ئەرکی سەرەکی لەئەستۆدایە، یەکەم؛ دابینکردنی ئەمن و ئاسایش، دووەم؛ دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتیی، سێیەمیش؛ مسۆگەرکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی.

لەھەرسێکیدا ئەم حکومەتەی ئێمە ئەوە نییە کە پێویستە ھەبێت، لەیەکەمدا دەبینین بەڕێوبەری ئاسایش وەک بەدیگاردی حزب بەروونی و بەبێ تەمومژ بۆ میدیاکانی حزبەکەی ئاشکرای دەکات کە کادری حزبێکیان بە بارمتە گرتووە لەبەرئەوەی کادری حزبەکەیان لەلایەن دادگا دەستگیرکراوە؟! ئەم قسەیە دوو دەرەنجاممان دەداتە دەست، یەکەمیان؛ دامەزراوەی ئاسایش دامەزراوەیەکە لەبری پاراستنی گیانی خەڵک، بووەتە مەترسی بۆسەر گیانی ھاوڵاتییان! دووەمیشیان؛ دادگا و دادوەر بێبەھا دەکات و ھیچ بەھایەکیان بۆ ناھێڵێتەوە.

خۆ ئەگەر لەخزمەتگوزاریی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیش بپرسین ئەوا شایەتیمان پێویست نییە، فەرموون لەماوەی ٢٨ ساڵی رابردووی ئەم حکومڕانییە، نەتوانراوە رێگای دوو پارێزگا بکرێتە جووت ساید، چجای کارەبا و ئاو و سوتەمەنیی..ھتد ئینجا خۆ باسی عەدالەتیش بکەین بەدڵنیاییەوە ناتوانین نەڵێین ھەرچی تەزکیەی حزبی نەبێت مومکین نییە نە دابمەزرێت و نە سودمەندبێت لەخێروبێری ئەم وڵاتە، بگرە وەزارەت یان فەرمانگەی حکومەت ھەیە وەک مقەڕی حزبی لێھاتووە، ئەندامی یەک حزب نەبێت کەسی دیکەی لێ نییە.

لەبارەی دامەزراوەی دادوەریش بدوێین، بەدڵنیاییەوە دامەزراوەیەکی شەرمھێنە. ئەم دەسەڵاتە بەشێوەیەکی گشتیی ئەوەندە لاوازە، بووە بەدیلی دەستی حزب! عەیبەیەکی زۆر گەورەیە کاتێک دەبینی بەشێک دادوەرانی وڵاتەکەت دەبنە ئەندامی کەمپینی حزب! فەرموون لەکەمپینی ٢٠١٨ حزب، نەک دادوەر، بگرە سەرۆکی دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەولێرمان بینی لە یاریگای ھەولێر بەشداری کەمپینی حزبیان کردبوو، خراپتر ئەوەیە دادوەر لەپەنای حزب ھەڕەشە لەدادوەری دیکە بکات و دواتر بەفەرمانی حزب سکاڵای دادوەری سکاڵاکار لەلایەن دادگاوە وەرنەگیرێت

ئەوەی سەرەوە بەشێکە لەواقع و ژیانی کۆمەڵگای کوردستان، بۆیە ئاساییە پەرلەمان لەبری ببێتە سەکۆی گفتوگۆ و بەیەکگەیشتنی دیدو بۆچوونە جیاوازەکان،  ببێتە شوێنی شەق وەشاندن و سەپاندنی مەنتقی زۆرینەی ساختە و تەزویر.