سەردێڕ:

ئەمریكا لە رۆژئاوا دەكشێتەوە؟

10/7/2019 9:01:20 PM
12849 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
+ -

پرسی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەسوریا و پەلاماری تورکیا یەکێکە لەپرسە ئاڵۆزەکانی سوریا، ھەر چەند مانگ جارێک ئەو پرسە دێتەوە گۆڕێ و جگە لەکورد بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپاو ناوچەکە ھاواریان لێ ھەڵدەستێ.
ئەوەی ئێستا تورکیا داوای دەکات پەلاماردانی رۆژئاوای کوردستانە لە سەرێ کانیەوە بۆ گرێ سپی، بەدرێژایی زیاتر لە ١٠٠ کیلۆمەترو قوڵایی ٥ کیلۆمەتر کە تەواوی گوندو شارەکانی سنورەکە دەگرێتەوە. بەپێی لێدوانی رەسمیی، ئەنقەرە دەیەوێت ناوچەیەکی ئارام دروستبکات و ئاوارەکانی سوریا لە تورکیا لەو ناوچەیە نیشتەجێ بکات. ئەو ناوچەیەی تورکیا دەیەوێ ھێرشی بکاتەسەر زۆربەی ھەرە زۆری دانیشتوانەکەی عەرەب نشینن. لە راستیدا دەیەوێ کورد لە رۆژئاوای کورستان بەدرێژایی سنورەکەی بڕبڕ بکات و جموجۆڵ و بەیەکگەیشتن لاواز بکات، واتە جزیرە لەکۆبانیی بەتەواوی داببرێت ھەروەک کۆبانیی بەتەواوی لەعەفرین دابڕی. ھاوکات ئەو ئەگەرەش بەتەواوی لەبار ببات کە گوایە کورد دەیەوێت دەستی بەئاوی دەریای ناوەڕاست بگات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن و مەنتقی مانەوەی ھێزو ھاوکێشەی ناوچەکە، پرسی کشانەوەی ئەو ھێزانە زۆر زەحمەتە. لەلایەک ئەمریکا ٦ سەربازگەی گەورەی لەرۆژئاوای کوردستان دروستکردووەو دووان لەو سەربازگانە بۆ ئەوە دروستنەکراون ئەو ھێزانە بەمزوانە بکشێنەوە. ھاوکات روسیاو ئێران کە نفوزێکی گەروەیان لەسوریا ھەیە، ئەستەمە رێگە بەتورکیا بدەن، ئەمە سەرباری رێگریی بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت فرەنساو ئەڵمانیا لەپەلامارێکی ئاوھای تورکیا.
خولاسەی کەلام، پێدەچێت وەک لەسەرەتای ئەمساڵ جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ لەناکاو و بەبێ ئاماژەی پێشوەختە کشانەوەی ھێزەکانی لەسوریا راگەیاندو دوای ماوەیەک بەچەند قۆناغێک خۆی دزیەوە لەکشانەوەی ھێزەکان و بگرە ئەمریکا ھێزو ھاوکاریی زیاتری رەوانەی رۆژئاوا کرد. ئەمجارەش بەھەمانشێوە لەدوێنێوە پاشەکشەیەک لەقسەکانی ترەمپ بەدیدەکرێت و ناڕەزاییەکانی ئیدارەکەی و لێپرسراوانی ئەمریکا بەروونی دیارە. ھێشتا روون نییە، بەڵام ئەگەری بەھێز ئەوەیە ئەمجارەش ئەمریکا پەشیمان ببێتەوەو لەبەرامبەر پەشیمانبونەوەیشی بڕێک ھاوکاریی دارایی لەوڵاتانی ئەوروپاو کەنداو بەدەستبھێنێت.