سەردێڕ:

ئەرکی تیمی نوێی یەکێتی

7/8/2019 6:07:01 PM
3281 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
+ -


پێدەچێت لەچەند رۆژی داھاتوو تیمی نوێی حکومەت یەکلایی ببێتەوە ئیدی رێگرییەک نامێنێت بۆ راگەیاندنی کابینەی نوێی، لەدوای سوێندخواردن قۆناغی دووەمی کارکردن و دەستپێدەکات، ئەویش جێبەجێکردنی رێککەوتنی لایەنەکان و ئەجێندای تیمی نوێ.

 ئەگەر بەشێک لەئەرکی داھاتووی تیمی نوێ بریتی بێت لەپێداچونەوە بەھەڵەکانی رابردوو، پێشکەشکردنی پلانی نوێ بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک، وەک لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان ھەموو لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لەحکومەت بانگەشەیان بۆ دەکرد، ئەوا ئەرکی تیمی نوێی یەکێتی لەحکومەت کەمێک گرانترە. گرانتر بەومانایەی ئەرکی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەشیان لەئەستۆیە کە لەنێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتیدا مۆرکراوە.

ئەرکی تیمی نوێی یەکێتی خۆی لەچەند تەوەرێکی سەرەکی دەبینێتەوە، گرنگە لە ئێستاوە ئاماژەیان پێبدەین. یەکەمیان؛ جێبەجێکردنی مەبدەئی شەراکەتی راستەقینە لەبڕیاردان. واتە ئەم کابینەیە وەک کابینەکانی دیکە ھەژمونی تاک حزبیی و میزاجی شەخسی بەسەریدا زاڵ نەبێت، لەمەودوا بڕیاردان تێیدا دەستەجەمعی بێت و ھەموو تێیدا بەشداربن بۆئەوەی لانیکەم ئەگەر سەرکەوتوو بوو، ئەوا ھەمووان سەرکەوتووبن، ئەگەر گلەیی و گازندەشی لێکرا ئەوا گازندەکە روبەڕووی ھەمووان دەکرێتەوە.

 دووەمیان؛ راستکردنەوەی بەشێک لەو لاسەنگییەی کە لەجومگەکانی حوکمڕانیدا دروستبووە، چونکە ئێستا ئەم حکومەتە بەم تەشکیلەی ئێستای لەحکومەتێک ناچێت حزبێکی دیکە یان چەند حزبێک تێیدا بەشداربن! بەڵکو لەخوار وەزیر یان نوسینگەی وەزیرەکان، ئەویدیکە یەک رەنگە و حزبێکی دیاریکراو بەتەواوی کۆنترۆڵی جومگەکانی کردووە! بگرە وەزارەت ھەیە تەنھا یەک لایەنگری حزبێکی دیکەی تێدا نییە! خراپتر لەوە، ھەموو ئیمکاناتی ئەو وەزارەتانە خراوەتە خزمەت حزبێکی دیاریکراوو ئەو پارەو بودجە گەورەیەی بۆ بەڕێوەبردنی دیوانی وەزارەتەکان و فەرمانگە ھەرێمییەکان تەرخاندەکرێت، لەخزمەت یەک حزبەو بەتەواوی مۆنۆپۆل کراوە. ئینجا بەناوی حکومەتەوە پۆست و پلەو ئیمتیاز دەبەخشنەوە بۆ لایەنگرانیان یان بۆ دەستەمۆکردنی بەشێک لەفەرمانبەرانی حکومەت.

سێیەمیان؛ گرنگترین ئەرکی تیمی نوێی حکومەت لەم کابینەیە، چەسپاندنی عەدالەتی راستەقینەیە لەدابەشکردنی داھات و ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە. بەپێی ئەو ئامارانەی بەردەستن ناعەدالەتییەکی زۆر گەورە لەخەرجکردنی داھات ھەبووە لەچەند ساڵی رابردوو. ئەو ناعەدالەتییە ناڕەزایی و گازندەیەکی زۆر گەورەی دروستکردووە، پێویستدەکات ھەم راست بکرێتەوە و ھەمیش قەرەبوی ئەو ناوچانە بکرێتەوە، چونکە ناکرێت لەقەرزێکی بیانی شارێک یان ناوچەیەک زیاتر لە یەک ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجبکرێت و ناوچەیەکی دیکە تەنھا ٥٠٠ ملیۆن دۆلار!