سەردێڕ:

توێژاڵەکانی قەیرانی بەسرە

4/17/2019 7:14:05 PM
2119 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز
+ -

بەسرە قەیرانێکی فرە ئاستە بۆ عێراق و ناوچەکە. لە چەندین ئاستدا پەیوەندی بە کوردەوە ھەیە. لێرەدا بە خێرایی چەند سەرە قەڵەمێک لەوبارەوە دەخەمە بەرچاو. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە فەیسبوکەکەمەوە لە ڕای ھاوڕێیانم پرسی، وەک جۆرێک لە ڕاپرسی، ڕاو بۆچونەکانی ئەوان بەشێکن لە ھەڵسەنگاندنی دیدی من بۆ دۆخەکە.

یەکەم، بەسرە، لە سەرەتای دروستبونی عێراقەوە ناڕازی بوە کە ببێتە بەشێک لە عێراق. ئەم سەرەتایە ھەتا ئەمڕۆ درێژەی ھەیە. دەکرێت پاڵنەری سەرەکی بەسرە ئابوری بێت پێش ھەموو شتێکی تر. بەڵام ئابوری بوونی ئەم خواستە تەنھا بە زمانی ئابوری دەرنابڕدرێت. بەڵکو بە زمانی نادادپەروەری و خراپی حوکمڕانی و نەبوونی خزمەتگوزاری و دووری حکومەتی ناوەندی زۆر ھۆکاری تریش، کە ھەموویان بەشێکن لە ئاڵۆزییەکە. ھەروەھا لە میانەی کاتدا ئەم خواستە ئابورییە دەبێتە کەلتور، چونکە ڕوداو و یادەوەری و شوناسی بۆ بەرھەم دێت.

دووەم، بەسرە شوناسێکی ھەیە، کە لە قەیراندایە، لەگەڵ سەرتاپا دەورووبەریدا. بەسراوییەکان خۆیان لە ئەو خەڵکانە جودا دەکەنەوە کە لە ماوەی شانزە ساڵی ڕابوردوو یان پێشتر کۆچیان بۆ ئەو شارە کردووە، بە ھۆکاری وشککردنی ھۆڕەکان، بە شاربوونی عێراق، کۆتایی ژیانی کشتوکاڵی بە ھۆی جەنگ و نەبوونی ئاو و نەخۆشی ھۆڵەندییەوە. ئەمە جۆرێکە لە پەرتبوونی لە ھەناو شارەکەدا دروستکردووە. ئەم شوناسی جێگە بچکۆلەکان لە بەرامبەر شوناسی گەورە، خەسڵەتێکی ئاڵۆزی عێراقە. ئەم دیاردەیە لە موسڵ و سلێمانیش بە زەقی دەبینرێت.

ئەم خەڵکە کۆچکردووانە دژ بە خواستی بە ھەریمبوونن چونکە دەترسن پاشان لە ناوچەکە وەدەربنرێن. ئەگەر ئەمڕۆ ژمارەی دانیشتوانی بەسرە خۆی لە ٤ ملیون کەس دەدات ئەوا نزیکەی نیوەی دەرەکین.

سێیەم، بەسراوییەکان لە گەڵ دەوڵەتی کوێتدا پەیوەندییەکی خراپیان ھەیە چونکە کوێت وەھا دەبینن کە دژایەتی بەسرە دەکات، لە داڕشتنی سنور و ھەروەھا لە کێشەی بەندەرەکاندا.

چوارھەم، ئێران لایەنێکی باڵادەستە لە پارێزگاکەدا. بەرژەوەندی ئێران لە گەڵ ھەرێم و زەمینەسازی بۆ جودابوونەوە نیە. بۆیە لە نێوان خەڵکی بەسرە و ئێراندا پەیوەندییەکە باش نیە. وەک لە رووداوی سوتانی قونسوڵخانە و چەندین روداوی تردا بینیمان.

پێنجەم، میلیشیا و سەرۆک عەشیرەتەکان کۆمەڵە ھێزێکی کاریگەرن لە ئیدارە و داڕشتنی سیاسەتی پارێزگاکەدا. ئەم ھێزانە، ھەریەکە و ئامانجی خۆی ھەیە. بەڵام ئامانجی سەرەکییان پێداویستیە بۆ پارە. ئەمەش وەھایکردوە کە بڕێکی زۆری داھاتی پاریزگاکە بۆ ئەمانە بچێت بەبێ ئەوەی بچێتە خانەی خزمەتی شارەکەوە.

شەشەم، بەسرە کێشەی ئاوی سوێر، نەمانی کشتوکاڵ، پیسی ژینگە، لە گەڵ نەبوونی خزمەتگوزاری ھەیە ھەموو ئەمانە وەھا دەکات کە بەسرە ناچاربێت کە پەیوەست بێت بە دەوروبەرییەوە، بە تایبەت لە کورتخایەندا.

ئەگەر ئەو خاڵانەی سەرەوە دەربڕی واقیعی پاریزگاکەن ئەوا مەترسیەکانی داخوازی خەڵکی بەسرە چیە؟

یەکەم، نوخبەی شیعە بە گشتی وەھا بیردەکەنەوە کە عێراق لە بەردەم سێ ڕیانێکدایە: یەکەم، بێ دەوڵەتی، دووەم، پەرتبوون، سێیەم، دەوڵەتێکی بەھێز. دیارە زۆربەی ھێزەکان لە ھەوڵی دەوڵەتی بەھێزدان، ھەریەک بە دیدی خۆی. ئەم بوونی دوو بژاردەی خراپ، بە دیدی ئەوان، لە گەڵ یەک بژاردەی باشدا، وەھا دەکات کە خواستی فیدڕاڵبوون بە مەترسی ببینن.

دووەم، فیدرالی بە کورتی یانی سەربەخۆیی ئیداری و پێکەوەیی سیاسی. بەڵام لە وڵاتێکی وەک عێراقدا ئیدارە و سیاسەت و ئابوری و سەربازی ھەموو بەیەکدا چوون، بۆیە جیاکردنەوەی پێویستی بە عێراقێکی نوێیە. ئەم ھەنگاوە بە مەترسی دەبینرێت، بەتایبەت کە موسڵ و سوننەش خواستی فیدڕاڵیان ھەیە.

سێیەم، جودایی بەسرە وەھا دەبینرێت کە دەبێتە ھۆکاری کۆتایی عێراق، ئەگەر نەشبێت ئەوا دەبێتە ھۆکاری عێراقێکی ھەژار. بۆیە کورد نەبێت ئەستەمە ئەوانی تر پاڵپشتی خواستی بەسرە بکەن.

ھەڵوێستی کورد

ئەگەر وەڵامی ھاوڕێکانم وەک سامپڵێک وەربگرین ئەوا زۆرینەی زۆر لە گەڵ بە ھەرێمبوونی بەسرەدان. ئەم خواستە وەھا دەبینرێت کە مافیانە، دەبێتە ھۆکاری عێراقێکی لاواز، کە بۆ کوردستان باشە، یان دەبێتە ھۆکاری کۆتایی عێراق کە دیسانەوە لە سودی کورددایە. بەڵام کەس ئەو ئەگەرەی لە بەرچاو نەگرت، ئەگەر ھاتوو بەسرە جودابووە و عێراق پەرت نەبوو، ئەوا کورد زیاتر زەرەمەند دەبێت لەم پرۆسەیە. بەڵام بە گشتی ھەرێمبوون ھەنگاوێکی پۆزەتیفە. ئەوەی نوخبەی عەرەبی ترساندوە دەستورە کە وەھای دەبینن کە تیایدا مافی ھەرێمەکان زۆرجار زیاترە لە ناوەند.

نەمانی بەندەر یان بە لاندلۆکبونی عێراق زیانی بۆ کورد ھەیە لە ڕووی بازرگانی و ئابوری و سیاسییەوە.

خواستی بەسرە و ئەوانی تر

ئەمرۆ کۆمەڵێک زۆر لە جەنگ بەڕێوەدەچێت لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، یەکێک لەو جەنگانە جەنگی بەندەرەکانە؛ بەسرە بەدەرنیە لەو جەنگە. ھەندێک لایەنی عێراقی بڕوایان وەھایە کە گەشەی بەسرە دەبێتە ھۆی لاوازی دوبەی وەک ناوەندێکی ترانزێت، بۆیە ئیماراتیەکان پێیان باش نیە کە بەسرە ببوژێتەوە. یان پێیان باشە لە عێراق جودابێتەوە چونکە ئەو کاتە بەندەرێکی کاریگەر نابێت. شەڕی ئیماراتییەکان لە یەمەن و جێگاکانی تر زیاتر ھەر بۆ ئەو مەبەستەیە، لە کاتێکدا پێش ھەموان ھەنگاویان بەرەو ئابوری پۆست -نەوت ناوە لە ناوچەکەدا.

عێراق چیدەکان

حکومەتی عێراق دەسەڵاتی لە بەسرە لاوازە. ھەتا بێت زیاتر ناوەندی دەبێت. ئەمەش بە پێکەوە گرێدانی ھەردوو دیموگرافیا و نەوت، عێراق دەخاتە بەردەم کێشەی زۆرەوە. حکومەتی ئێستا بۆ چارەسەری ئەم کێشەی ھادی عامری کرد بە بەرپرسی باڵا لەو پارێزگایە وەک نوێنەری سەرۆک وەزیران. ئەمە لە کاتی سەردانی سەرۆک وەزیران ھاتە ئاراوە و ئەم ڕۆژانە جێبەجێکرا. ئەم ھەنگاوە مایەی ناڕازی ھیزەکانی تری شیعەیە. ئایا چ دەرئەنجامێکی لێدەکەوێتەوە؟

کۆتایی

چارەسەی کێشەی بەسرە، لە ئاستی ناوخۆیی و نیشتمانی و ناوچەییی و نێودەوڵەتیدا ئاڵۆزە. بەتایبەت پاش کردنەوەی مەلەفی داڕشتنەوەی سنوری نێوان عێراق و ئێران بە پێی رێککەوتنی جەزائیر، کە لە ڕاستیدا جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی کۆنی ترە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٣ لە نێوان تورک و ئێراندا. بەسرە و عێراق کیشەی خواردن، ئاو، وزەیان ھەیە. ئێران دابینکەری ھەموو ئەمانەیە. ئایا ئابلۆقەی ئەمریکا چۆن کاریگەری دەبێت لە سەر ئەم دۆخە؟ ئایا سەرھەڵدانەوەی قەیران چۆن دەقۆزرێتەوە بە تایبەت ئەگەر ململانێی کەنداو و ئێران ئاڵۆزتربێت. نوخبەی سیاسی ئەمڕۆی عێراقی لە ھەندێک ھەوڵدان کە دەکرێت ھەنگاوی باش بێت بەڵام بیدەسەڵاتیی ڕەنگە ببێتە ھۆکاری فەراھەم نەبوونیان. بونی عێراق بە خاڵی گەیاندنی نێوان وڵاتانی کەنداو و ئێران، ڕۆڵێکە کە نەبیە بەریش پێشنیاری کرد، بەڵام فەراھەمکردنی ئەستەمە.