سەردێڕ:

خوێندنەوەی ڕێککەوتنی پەیەدە و سوریا

10/15/2019 2:22:09 PM
6592 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز
+ -

پەیەدە و سوریا لە سەر قۆناغی یەکەم، کە دەکرێت بە قۆناغی سەربازی ناوی بەرین ڕێککەوتون. ھەردوو ئێران و ڕوسیا چالاکانە لە پشت ئەم ڕێکەوتنەوە بون.
ئەم ڕێکەوتنە دەرئەنجامی یاری ھێزە گەورەکانە: ئەگەر ئەمریکا ڕێگەی بە تورک نەدایە، ئەگەر تورک ھێرشی نەکردایە، ئەم ڕێکەوتنە نەدەبو. بۆیە مامەڵەی روس و ئێران لە گەڵ تورکیادا وەک فاکتەرێکی سەرەکی لە ھاتنەئارای ڕێکەوتنەکە مامەڵەیەکی ستراتیژی دەبێت بە ئاراستەی ئەوەی کە، کورد ناچار بە ئەسەد بکات، بەڵام تورک نەبێتە خاوەن ھیچ پێگەیەک لە سوریا.
ئەمە بە ڕونی لە لێدوانەکانی پوتیندا دەبینی، کاتێک دەڵێت نابێت ھیچ ھێزێکی ناشەرعی لە سەر خاکی سوریا بێت. لە ھەمانکاتدا روسیا و ئێران ئامانجیان ئەوەیە کە ئەمریکا زیاتر لاوازبێت لە ناوچەکە و ھەروەھا وێنایەکی وەھای بۆ دروست بکەن کە لایەنێکە ناتوانرێت پشتی پێببەسترێت. کەواتە ئەمریکا، تورکیا، روسیا، ئێران، کورد لە گەڵ سوریا ھەمو بەشێکن لە ھاوکیشەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ. ئەوروپا و عێراق و بەشەکانی تری کوردستان و ئیسرائیل بەشێکی تری ھاوکێشەکەن بەڵام ھەندێک بە ناڕاستەوخۆ.
لە ئێستادا رێککەوتنەتەکە لە قۆناغی یەکەمدایە، کە دەکرێت بە قۆناغی سەربازی ناوی بەرین،  گرنگ قۆناغی دوەمە کە قۆناغی سیاسیە. ھەر سێ سوریا و ئێران و روسیا دەیانەوێت ئەم ڕێکەوتنە ببێت لە بەر کۆمەڵێک ھۆکار، یەکەم، دەرکردنی ئەمریکا، دوەم، ھەبونی دەسەڵات بە سەر زۆرینەی خاکی سوریادا، سێیەم، دابینکردنی زەمینەیەکی ئابوری بۆ ئەەی ڕژێمی ئەسەد لیی سودمەند بێت چونکە ناوچەی کوردستان لە ڕوی سامانی سروشتی و کشتوکاڵ و ئاوەوە بۆ سوریا ئێجگار گرنگە. 
ھەردوو ئێران و روسیا نایانەوێت کە سوریا بۆ ماوەیەکی درێژ ببێت بە باری ئابوری بە سەریانەوە، بە تایبەتی کە ھەردوو وڵات لە ژێر ئابوری سەختتدا دەژین و بەردەوام ڕوبەڕوی ئابلۆقە دەبنەوە.
ئایا ئەم قۆناغە چەند دەخایەنێت؟ ئایا قۆناغی سیاسی کەی دەست پێدەکات، یان ھەر دەست پێدەکات ھەموو ئەگەرن و پەیوەستن بە دۆخەکەوە.
وەک لە ئێستادا ئاماژەی پێدەکرێت کە قۆناغی سیاسی جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی دابیندەکات. بەڵام ئەسەد ئێستا دۆخەکە وەھا دەبینێت کە فشاری ھێزی دەرەکی و ناوەکی لە سەر نەماوە. دەتوانێت لە قۆناغی خۆ ڕزگارکردن بەرەو قۆناغی خۆپتەوکردن بڕوات.
لە ئیستاوە کاری کورد دەبێت بەو ئاراستەیەدا بێت کە چۆن پێگە بۆ قۆناغی سیاسی دابڕێژێت. ئەم سۆز و پشتیوانەی نێودەوڵەتییە سەرمایەیەکی باشە، بەڵام ئەگەر بتوانرێت وەبەرھێنانی لە سەر بکرێت.