سەردێڕ:

بۆشایی سەركردە، لە تێپەڕاندنی قەیراندا

3/26/2020 5:34:23 PM
4692 جار خوێندراوەتەوە
د. ئاراز رەمەزان
+ -

لە كاتی سەرهەڵدان و ژیان لە ناو قەیرانەكاندا، جا قەیرانی سیاسی، مرۆیی یان سروشتی بن، گەورەترین رۆڵ دەكەوێتە سەر سەركردەكانی وڵاتان و سەركردەی پارتە سیاسییەكان بە گشتی و دواتری تیمی سەركردایەتیكردنی قەیرانەكان.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە جیهاندا، لە زۆرینەی وڵاتان سەركردەكان رۆژانە بە راستەوخۆ لەگەڵ خەڵك و هاونیشتمانیانن، بۆ نموونە بۆریس جۆنسۆن سەرۆكی بەریتانیا و ترامپ سەرۆكی ئەمریكا و مێركڵ لە ئەڵمانیا...هتد، رۆژانە لە ڕێی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكانیانەوە، لەگەڵ نەتەوەكانیان گفتوگۆدەكەن، گۆڕانكارییە نوێیەكانیان پێدەگەیەنن، پەیامە سیاسییەكانیشان دەگەیەنن و پێیان دەڵێن، لەگەڵتانین، جێتان ناهێڵین بەبرسێتیی و بێ موچەی، بەرچاو ڕوونیان پێدەدەن دەربارەی بارودۆخی ئابوری و سیاسی و تەندروستی وڵاتەكانیان.

مانەوەی سەرۆكەكان لەگەڵ نەتەوەكانیان، هیچ بۆشاییەكی سیاسیی و سەركردایەتی دروستناكات، لە نێوان نەتەوە و سەركردەدا، بە تایبەتی لە كاتی سەرهەڵدانی قەیرانەكاندا، لە كاتی ژیان لەناو قەیرانەكان و روبەڕوبوونەوەی قەیرانەكاندا، هەروەها لەكاتی كۆتایی هاتنی قەیرانەكان و كاركردن لەسەر كاریگەرییەكانی دوای قەیرانەكان.

مانەوەی سەركردە لەناو مەیدانی روبەڕوبوونەوەی قەیرانەكان و جێنەهێشتنی پانتایی گشتی جەماوەری كاریگەری ئەرێنی زۆری لەسەر ڕای گشتی و جەماوەر دەبێت، هەم بۆ تێپەڕاندن و ژیان لەناو قەیرانەكاندا، هەمیش بۆ دوای قەیرانەكان و لێكەوتەكانی لەسەر ڕای گشتی و لەسەر جەماوەر و لێكەوتە سیاسییەكانی بەرامبەر بە پارتە سیاسیی و سەركردەكان.

گرنگترین كاریگەری مانەوەی سەركردە لە كاتی قەیرانەكان، دروستكردنی كاریگەری دەروونییە لەسەر جەماوەر، كاركردنە لەسەر سایكۆلۆژیای جەماوەر، دەرخستنی متمانە و راستگۆیی سەركردایەتیكردنە، دەرخستنی متمانە و لێپرسراوێتی و راستگۆیی سیاسیی سەركردەكانە بۆ دەنگدەرانیان، بۆ نەتەوەكانیان، توانست و ئاستی سەركردایەتی سەركردەكانە، چونكە باشترین سەركردەكان، گەورەترین رۆڵ دەگێڕن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان، سەركردەی پاسیڤ خراپترین جۆری سەركردەكانن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان.

هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی مانگی شوباتەوە، بەستراتیژ و پلانێكی باشەوە روبەڕوی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەتەوە، كە لە ئێستادا قەیرانێكی تەندروستی و ئابوری و سیاسیی نێودەوڵەتی دروستكردووە، تیمی روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنەكانی تریش، ئەرك و رۆڵێكی گرنگیان گێڕاوە و جێی ستایشن، بەڵام ئەوەی نیگەرانی دروستكردووە لای هاونیشتمانیان بۆشایی سەركردەكانمانە لە سەرۆكایەتی هەرێم، لە حكومەت و لەناو پارتە سیاسییەكاندا.

سەركردەكانی ئێمە، كەمترین دەركەوتنی راستەوخۆیان هەیە لەگەڵ جەماوەر، لە ئێستادا خەڵك لەهەموو كات زیاتر پێویستی بەدەركەوتنی سەركردایەتی سیاسیی و حوكمڕانی كورد هەیە، دەتوانن گەورەترین كاریگەریی لەسەر ئارامی گشتی و سایكۆلۆژیای گشتی دروستبكەن، سەركردایەتی ئێمە نەك نەیانتوانیوە ئەوەبكەن، بەڵكو بەپێچەوانەوە بێدەنگن لە دروستكردنی قەیرانی تری سیاسیی و ئابوری كە كاریگەری زۆریان لەسەر سایكۆلۆژیای جەماوەر لە كوردستان هەیە و دەرەنجامی سیاسیی نەرێنیشی دەبێت لە داهاتوودا.

كاتێك وەزیرەكانی حكومەت، لێدوانی ناڕوون لەسەر ئابوری كوردستان و لەسەر موچە و داهاتی خەڵك دەدەن و قەیرانێكی دەروونی گەورە لەنێو زیاتر لە ملیۆنێك موچە خۆر دروستدەكەن، سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پارتە سیاسییەكان، بەشداریی ناكەن ل ەدڵنیاكردنەوەی موچە خۆران و خەڵك و بۆشاییەكی گەورە دروستدەكەن بەدەرنەكەوتنیان و پێنەدانی دڵنیایی لەسەر دۆخی ژیانی خەڵك هاوشێوەی ئەوەی جۆنسۆن لەبەریتانیا دەیكات و ئەوەی ترەمپ و تیمەكانی لەئەمریكا دەیكەن، بۆ پێدانی دڵنیایی ئابوری و موچە و داهاتی خەڵك، چونكە نادڵنیایی كاریگەریی كورتخایەنی هەیە و ئەگەر لێكەوتە و ئاڵۆزی سیاسیی و كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا بهێنێت.

كاتێك تیمەكانی حكومەت، بەوپەڕی توانا و راستگۆییانەوە لە سەنگەری روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادان، سەركردەكانمان نابێت رێگە بەدامەزراوە و پارتە سیاسییەكانیان بدەن، ئاڵۆزی سیاسیی لە نێوان پارتە سیاسییەكان دروستبكرێت، هەر لەدروستكردنی كەیسی سیخوری نێوانە دەزگا ئەمنییەكان و دواتریش ئاڵۆزی هێزی چەكداری لەزینی وەرتێ و هتد.

پێویستە ئێوە وەكو سەركردایەتی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش (سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمان) و سەرۆكی پارتە سیاسییەكان، ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە كە دروستانكردووە لە نێوان خۆتان و نەتەوەكەتان، خراپترین كاریگەری نەرێنیان لەسەر خەڵك دروستكردووە، بە ئاڵۆزییە سیاسییەكان و ناڕوونی لێدوانی وەزیرەكانتان و بەرچاو ڕووننەبوونی موچەخۆران لەسەر موچەكانیان و داهاتیان، ئەگەر ئەم بۆشاییە پڕنەكەنەوە، ئەوا ناتوانن سەركردایەتی حەقیقی خەڵك بكەن و ناتوانن رۆڵی سەرۆكتان هەبێت لە تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە نێودەوڵەتییەی كە هەرێمی كوردستانیشی گرتووەتەوە.