سەردێڕ:

کۆرۆنا لە رێگەی گۆشت و خواردنەوە دەگوازرێتەوە ؟

3/16/2020 9:19:46 PM
10526 جار خوێندراوەتەوە
د.ئەرکان مەنوچەر
+ -

ئەگەرچی توێژینەوە و زانیاریەکان لەسەر نەخۆشی کۆرۆنای ناسراو بە کۆڤۆید ١٩ کەمن و بەردەوام لە گۆڕاندایە، بەڵام لە ڕوانگەی دوو پەتای پێشووی کۆرۆنا کە بریتیبوون لە کۆرۆنای ناسراو بە سارس(severe acute respiratory syndrome coronavirus (SARS-CoV))، لەگەڵ کۆرۆنای مێرس (Middle East respiratory syndrome coronavirus (MERS-CoV)) ، توانرا لە ڕێگەی دامەزراوە زانستیەکانی خۆراک ئەوە بوترێت تا چەندێک گۆشت و خۆراک ھۆکارن بۆ گواستنەوەی کۆڤۆید ١٩.

لەگەڵ سەرەتای سەرھەڵدان و بڵاوبونەوەی نەخۆشی کۆڤۆید ١٩ ناسراو بە کۆرۆنا، لە یەکێک لە بازاڕەکانی فرۆشتنی بەرھەمە گۆشتیەکان لە شاری وھان،ڕاستەوخۆ خواردنی گۆشت و بەرھەمە گۆشتیەکان بوونە سەرچاوەی مەترسی لای خەڵکی و خۆیان لێ دەپاراست بە جۆرێک ھەندێک بانگەشە بووە مانشێتی ڕاگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، لەوانە ئەوەی دەوترا  نەبوونی گۆشت یەکسانە بە نەبوونی کۆرۆنا، بەگشتی ڕۆشنبیری ئەوە بڵاوکرایەوە، کە خۆ دورگرتن لە خواردن و بەکارھێنانی گۆشت ھۆکارێکە بۆ خۆ بە دورگرتن لە کۆرۆنا لەم کاتەدا.

ئەوەی لای زۆرێک خەڵکی بڵاوە تاوەکو ئێستا لە ڕووی زانستیەوە نەسەلمێنراوە و پێچەوانەکەی ڕاستە کە خۆراک بە تایبەت گۆشت ھۆکارێک نیە بۆ گواستنەوەی کۆڤۆید ئەمەش لە لایەن دامەزراوەی سەلامەتی خۆراکی ئەوروپی پشتڕاست کراوەتەوە.

سەرەتای سەرھەڵدانی کۆرۆنا لە شاری وھان، سەرجەم توشبوەکان ئەو کەسانە بوون کە لە بازاڕی گۆشت فرۆشاندا کاریان دەکرد کە چەندین جۆر گۆشتی ئاژەڵ و پەلەوەری تێدا دەفرۆشرێت لەوانە گۆشتی مار و شەمشەمە کوێرە و پانگۆلین و شتی تریش، ھەر لەسەرتاوە ئەوە یەکلا نەکرایەوە، ئەگەر سەرچاوەی نەخۆشیەکە گۆشتی بازاڕەکە بوو بێت، نازارێت گۆشتی چ گیاندارێک بووە، ئەگەر چی ڕیزبوونی جینی کۆڤۆید زۆر لەو کۆرۆناوە نزیکە کە لە ماردا ھەیە نەک لە شەمشەمە کوێرە و مریشک و ئەوانی تر، ئەگەر چی ڕیزبوونی جینی ئەو جۆرەی کۆرۆنا کە بە سارس ناسرابوو چەند ساڵی ڕابردوو بڵاوبویەوە بە نزیکەی لە سەدا ٩٦ لەوەی شەمشەمە کوێرە دەچوو، بەڵام دیسان نەتوانرا ئەوە بسەلمێنرێت ڕاستەوخۆ ئەو ھۆکاری گواستنەوەی سارس بووە.

داتا و توێژینەوەیەکی فەرمی تا ئێستا لە بەردەستدا بێت بریتیە لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی خۆرکی ئەوروپی کە لەم بارەوە بڵاویان کردۆتەوە تیایدا ڕایدەگەیەنن، کە تا ئێستا نەتوانراوە ئەوە بسەلمێنرێت خۆراک بە گشتی و گۆشت بە تایبەتی ھۆکاربووە بۆ بڵاوبونەوەی کۆڤۆید ١٩.

بە گوێرەی توێژینەوەکان لە کۆتا دوو پەتای ھاوشێوەی کۆرۆنای کۆڤۆید کە بریتی بوون لە کۆرۆنای ناسراو بە سارس(severe acute respiratory syndrome coronavirus (SARS-CoV))، لەگەڵ کۆرۆنای مێرس (Middle East respiratory syndrome coronavirus (MERS-CoV)) ، نەتوانرا ئەوە بسەلمێنرێت کە گواستنەوە لە ڕێگەی خواردنەوەوە ڕویداوە بە تایبەت گۆشتی پەلەوەر و ئاژەڵەوە.

بە ھەمانشێوە سەنتەری ئەوروپی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکان، ڕایگەیاند ئەگەرچی پێ دەچێت سەرچاوەی یەکەمی نەخۆشیەکە ئاژەڵ و پەلەوەر بووبێت لە وڵاتی چین( کە ئەمەش یەکلا نەبوەتەوە)، بەڵام ھۆکاری سەرەکی بڵاوبونەوەی پەتاکە لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ بووە لە ڕێگەی دەنکۆڵەی ئاوی ھەناسەدانە و کۆکە و پژمینەوە بووە.

ھەر لەوبارەوە ڕێکخراوی تەندورستی جیھانی (WHO ) وەک ھەمیشە پێی وایە ڕێگاکانی مامەڵە کردن لە گەڵ خۆراکی تەندروست باشترین ڕێگایە بۆ ھەڵس و کەوت لەگەڵ خۆراکدا وەک دەست شتن و کوڵاندنی تەواوەتی خۆراک و ڕێگاکانی تری خۆپاراستن لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشت و خۆراکی تەندروستدا.