سەردێڕ:

کاتێک ڤایرۆسەکە دیار نامێنێ

3/15/2020 12:52:33 AM
19364 جار خوێندراوەتەوە
كاروان چێوار
+ -

ئەو کاتەی کە ڤایرۆسەکە دەڕوات لەگەڕەکەکان پێشوازی لە ھەموو میوانەکان دەکەین، سفرەیەک رادەخەین بەدرێژایی گەڕەکەکە یان مێزێکی نان خواردن بێ کورسی دانیشتن ، میوەی جۆراوجۆر و شیرینیش بۆ مناڵان. 
کاتێک ڤایرۆسەکە دیار نامێنێ ئەو کابوسەش دەڕوات کە ماوەیەکە توشی سەرئێشەیەکی کردوین. 
کە ڤایرۆسەکە دەڕوات بەڵێن بدە جارێکی تر زەوی پیس مەکە و رێزی بگرە، شەقامەکان بێ مرۆڤ سامناکە، باخچەکان بێ ژوان رەونەقی نییە، کۆڵانەکان بە یاری مناڵان کۆڵانە. 
کە ڤایروسەکە دەڕوات دەستی یەک دەگرین و لە دەوری ئاگرەکە سەما دەکەین و ھەڵدەپەڕین، پێکەوە گۆرانی دەڵێن، بەڵام بەڵێن بدە جارێکی تر دڵی یەک نەشکێنین .
ماوەیەک دور دەبین لە یەک، بەڵام کاتێک ڤایرۆسەکە ڕاوئەنێین  ئیتر لە سەرما ناترسین  و بوکەبەفرینەیەک دروست دەکەین، شێوەی مرۆڤێکی ترساو بێت و تا لە بەردەم ھەتاودا بتوێتەوە، بەڵام بەڵێن بدە لقی ئەو دارە مەشکێنە، مەبەستم ئیتر دار مەترسێنە، سەیر بکە ترس چی کرد لێمان.
کە ڤایرۆسەکە دیار نامێنێ، تۆش ئەو مرۆڤە وون بکە کە بچوکت دەکاتەوە لەبەردەم ستەمکارێکدا، ئەھا سەرکردەکانی دنیا  ئەو سەرکردانەی دیموکراتی وەک بنێشت ئەجون لە دەمیاندا و کەچی دڵ رەقانە دەڵێن ئەم ڤایرۆسە دەبێتە لە دەستدانی ئازیزانتان. 
کە زەوی لە ڤایرۆسەکە پاک دەبێتەوە، رەش و سپی و چاو بچوک و چاوشین و قژ رەش و خاوەن پێداویستی تایبەت و ھەژار و دەوڵەمەند جیاوازییەکان تێک بشکێنە، چونکە بیرت نەچێت لە سەردەمی ڤایرۆسەکەدا ھەموومان یەک ترس  لە مەرگ  و یەک جۆریش لە مردنمان ھەبوو. 
کە ڤایرۆسەکە دەڕوات، ئاوت خۆش بوێت مەمنونی ئاوبە  کە یارمەتی داین لە پاکبوونەوەی دەستمان، بەڵێن بدە جارێکی تر بە فیڕۆی نەدەیت. 
کە ڤایرۆسەکە دەڕوات، یەکەم بەیانی بە دەم پیاسەوە بە ھاوڕێکەت بڵێ، زۆرم بیردەکردیت، چیتر لە پشتەوە خیانەتت لێ ناکەم، بە خۆشەویستەکەت بڵێ زۆر دڵم لات بوو چی تر دڵت ناشکێنم، بە دایکت بڵێ ھەموو ئێوارەیەک تا دەستت ماچ نەکەم نان ناخۆم، بە خوشکەکەت بڵێ دڵت چی ئەوێت با من رێنیشاندەرت بم بۆ گەشتن پیی. 
کاتێک کە ڤایرۆسەکە دەڕوات، ئەمەی باسم کرد چەشنی خەیاڵی منە بۆ ژیان بۆ زەوی .