سەردێڕ:

١٠١ ڕێگا بۆ زیادکردنی داھات و دابینکردنی موچە

3/24/2020 3:05:06 PM
7733 جار خوێندراوەتەوە
دابان محەمەد
+ -

یەکەم - ڤایرۆسی کۆرۆنا، پەتایەکی جیھانیە، کوشندەیە، زۆربەی وڵاتان گیرۆدەی بوون، مەترسی بڵاوبونەوەی زیاتری ھەیە لە ھەرێم، خۆشبەختانە ژمارەی ئەوانەی چاک بونەتەوە نزیک بوەتەوە لە ژمارەی توشبوان، ئەم پرسە بۆ کەسانی پسپۆڕ و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی جێبەجێکردن بەجێدەھێڵین، پشتیوانیان دەبین و ھاوکارییان دەکەین و پابەندی ڕێنماییەکانیا دەبین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوکراوە و چاودێرێکی بە دیقەتین، بۆ ڕێکار و ھەنگاوەکانی حکومەت لە چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و چۆنێتی زیادکردنی داھات بۆ دابینکردنی موچە. 

دووەم - دۆخی دارایی ھەرێم، ئیمتیحانێکی گەورە و دەرفەتە، تا ھەڵسەنگاندنێکی تەواو بۆ ئەم کابینەیەی حکومەت بکەین، تێبگەین بە شوێنپێکانی کابینەی پێشودا حکومڕانی بەردەوامە، یان خاوەنی ڕوئیای خۆیەتی و ڕێگایەکی جیاواز دەگرێتەبەر، کاری لە پێشینە پاراستنی بەرژەوەندی خەڵک و فەمانبەر و موچەخۆرە یان وەک پێشتر حزب و بەرپرسانی حزب و کۆمپانیاکانیان تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی بە گیرفانی موچەخۆر دەکرێت یان گیرفانی حزب و کۆمپانیا سێبەرەکانیان.

١٠١ڕێگا ھەیە بۆ چارەسەری دۆخی دارایی و زیادکردنی داھات و بەردەوام بونی موچە، ئەم کابینەیەی حکومەت ئەبێت ھەر ١٠١ ڕێگاکە تاقی بکاتەوە، ئینجا بیر لە دەستکاریکردنی موچە و دەرماڵەی فەرمانبەری فعلی نەکاتەوە، بەدەرلەوە ھەر ھەنگاو بڕیارێکی تر جگە لە لێکەوتەی خراپ و قوڵ، تەجاوزی ڕێککەوتنامەکانی بەشدارییە لە حکومەت، بازدانە بەسەر ھیێڵە گشتیەکانی کارنامەی حکومەت، فرسەتھێنان و خراپ بەکارھێنانی یاسای چاکسازییە و گومانی گەورەی سیاسی دروست دەکات.

سێیەم - ئەو داھاتەی حکومەتی ھەرێم لە ناوخۆوە دەستی دەکەوێت، زیاترە لەو داھاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەگاتە وەزارەتی دارایی، دەیان کۆمپانیای ھەردوو حزب لە خاڵی سنوری ئیبراھیم خەلیلەوە تا پەروێزخان، مانگانە دەیان ملیار دینار لە ژێر ناوی جیادا دەبەن، وەرگرتنی چەندین جۆر باجی تر کە ئەرکی حکومەتە و دراوە بە کۆمپانیاکانی سێبەری حزب، زیانی چەندین ملیار دیناری لە داھاتی ناوخۆ داوە، ڕاگرتنی ئەم نەزیفە لە داھات دەیان ملیار دینار دەگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت.

لە داھاتی نەوت، ئەو بڕەی ناشەفافە و دیارنامێنێت، دوو بەقەد ئەو بڕەیە کە ڕادەستی وەزارەتی دارایی دەکرێت، باجی کۆمپانیاکانی بواری نەوت و غاز، گرێبەستی کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری، کۆمپانیاکانی ئاسایشی بواری نەوت(سکیوریتی)، گرێبەستی کۆمپانیاکانی گواستنەوە و ھتد... زیانی سەدان ملیار دیناریان لە داھاتی نەوت داوە بە نمونە: تێچوی دروستکردنی بۆری نەوت، ٧٥٠ ملیۆن دۆلار بوە، بەڵام کرێی مانگانەی ٥٠ ملیۆن دۆلارە، بە زمانێکی سادە خانوییەک دەکڕیت بە ٧ دەفتەر و نیو، بەڵام بیدەیت بە کرێی ٥٠ وەرەقەی مانگانە.

ئەمانە تەنھا ھەنگاوی سەرەتایی و یەکەمن لە ڕێکخستنەوە و چاکسازی لە داھاتی ناوخۆ ( نەوتی و غەیرە نەوتی) کە سەدان ملیار دینار داھات دەگێڕێتەوە، دەرکردنی چەند بڕیارێک بەس نین، بەڵکو نیەت و ئیرادەی سەرۆکایەتی ئەم کابینەیەی دەوێت، لەگەڵ چاودێری وردی لیژنەی باڵای ڕێکخستنەوەی داھات و خەرجیە گشتیەکان.