سەردێڕ:

باردۆخی ھاوڵاتیان لە نێوان شوباتی ٢٠١١ و ٢٠٢٠ دا

2/13/2020 4:24:55 PM
8858 جار خوێندراوەتەوە
داریان ڕزگار
+ -

 شوباتی ٢٠١١ ڕاچەنینی گەلێک بوو دژی نادادی دەسەڵاتێکی خۆماڵی خۆسەپێن، ڕەتکردنەوەی ستەم و نا دادپەروەری بوو لە حکومڕانی دا ، پێویستی و وەرچەرخانێکی نوێ بوو لە مێژووی کوردا .

ئەوەی گرنگە بە کورتی لێی تێبگەین ئەوەیە کە نەک خواستەکانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات و ڕۆژانی دواتر بە دی نەھاتووە بەڵکو لە بیرمانیان دەرکردووە کە گرنگترین خواستەکان خۆی دەبینییەوە لە چاکسازی گەورە و ڕیشەی و گۆڕانکاری گەورە لە حکومڕانی دا و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێک دوور لە تەزویر دزی کردن لە دەنگی ھاوڵاتییان .

گرنگە بزانین دوای ٩ ساڵ لە خۆپیشاندانەکان شەھید بوون و برینداربوونی ھەزاران ھاوڵاتی دۆخ و گوزەرانی ھاوڵاتییان چۆنە؟ بۆ ئەمەش بەراوردێک بکەین لە نێوان ئەو دوو ساڵەدا ئایا کێشە و گرفتە ئیداریەکان و پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و بژێوی ژیانی ھاوڵاتیان ئێستا و ئەو کاتە چۆنە؟

_لە ٢٠١١ پێشینەی ھاوسەرگیری و قەرزی بچوک و قەرزی خانووبەرە ھەبوون بەڵام لە ئێستادا دوای ٩ ساڵ لە ٢٠٢٠ ھیچ کام لەمانە نین.

_لە ٢٠١١ نرخی سووتەمەنی بۆ نموونە بەنزین ٥٠٠ دینار بوو ئێستا زیاترە.

_لە ٢٠١١ دۆخی کارەبا لە ئێستا باشتر بوو دوای ٩ ساڵ لە جێی ئەوەی باشتر بێت خراپتر بووە.

_لەسەر ئاستی وەبەرھێنانیشدا لەساڵی (٢٠١١) لەبودجەدا بڕی (٤تریلیۆن و ٧٠٠ ملیار) تەرخانکرابوو بۆ پرۆژەکانی وەبەرھێنان بەڵام لە ئێستادا زۆر خراپترە .

_لە ٢٠١١ مامۆستایەک لە ٢٥ مانگەوە مووچەی وەردەگرت وکۆی فەرمانبەرانیش تا ٢٨ مانگ مووچەیان وەردەگرت بەڵام لە ئێستادا وا لە مانگی ٢ ھێشتا مووچەی مانگی ١٢ پار ساڵ نەدراوە ئەمە بێ لەوەی ھەر فەرمانبەرێک نزیکی ٣٠ ملیۆن دیناری لای حکومەتە .

_ئەمە بێ لەو سەدان قەیرانانەی کە دەسەڵات دروستی دەکات بۆمان کە دواین قەیران نەمانی غاز بوو کە لە ئێستادا دەسەڵات داھێنان دەکات لە دروست کردنی قەیران و بارگرانی بۆ ھاوڵاتیان.

لە نێوان ٢٠١١ بۆ ٢٠٢٠ لە کۆی سێکتەرەکانی حکومەت و وەزارەتەکان بە ڕێژەی لە %٥٠٠ باج زیاد بووە نەک ئەمە بۆ ھەندێک شت بە زۆر پارە لە ھاوڵاتیان دەکێشنەوە.

ماوەتەوە بڵێین کە دۆخ و گوزەرانی ھاوڵاتیان لە ئێستادا لە ھەموو ڕوویەکەوە لە ترۆپکی خراپیدایە لە ئێستادا زۆر پێویسترە کە دەنگ و ڕەنگمان ھەبێت ، بێباکی‌و ملھوڕی دەسەڵات‌و نەبوونی نەخشەڕێی سەرکەوتن ھۆکارێکی گرنگ بۆ ناڕەزایەتی ھاوڵاتیان ,گەر لە پێشتردا ھۆکارێک ھەبووبێت بۆ ناڕەزایەتی ئێستا ھەزاران ھۆکار ھەن کە سەپاندوویانە بەسەرماندا ،گەر لە پێشتردا ویستێک ھەبووبێت ئێستا پێویستییەکی جدی ھەیە بۆ ناڕەزایەتی.

گەر لە پێشتر زەمینەسازی پێویست نەکرابێت ئێستا چەندان قەیران زوڵم و ستەمی گەورە ھەن کە ھەر یەک لەمانە ھۆکارێکی گەورەن بۆ ناڕەزایەتی و دەنگدانەوەی گەورە.

ئێمە کاتێک دەڵێن دەسەڵات شکستی ھێناوە لە خزمەت کردنی ھاوڵاتییان دروشم نییە بەلکو کردار و جوڵەی کەڵەکەبووی دەسەڵاتە بە درێژای ٢٩ ساڵی ڕابردوو ، گەندەڵی بەھەدەردانی گشتی و قۆرخکاری و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و ھەڕەشە دیارترین سیمای ئەم دەسەڵاتە بوون لە ڕابردوو و ئێستاشدا بۆیە تاکو ئەم جوڵەیە بمێنێت ھیوایەک نییە بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتییان جوانتر بڵێن ئەمە پەیوەندییەکی پێچەوانەیە کات ئەوەی سەلماندووە کە دەسەڵاتی گەندەڵ ناتوانێت خزمەت بکات بۆیە باشترین کارێک ئێمە ئەنجامی بدەین لە ئێستادا ئەوەیە :

دەنگی ئەم گەلە ناڕازییە یەک بخەین و بە یەکگرتووی و بە خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرتاسەری دەست پێ بکەین بە شێوەیەکی شارستانی و ئاشتییانە، دوور لە توندوتیژی و زیان گەیاندن بە سامانی ھاوڵاتیان و سامانی گشتی، دوور لە کاری ناشیرین،تۆی ھاوڵاتی ناڕازی بەم شێوەیە دەتوانێت رووبەڕووی دەسەڵاتی گەندەڵی شکستخواردوو ببێتەوە ، ئەمەش بەبێ ئیرادە وویستێکی جدی و قوربانیدان نایەتە دی و کۆتایی بە گەندەڵی و دەسەڵاتی گەندەڵ نایات.