سەردێڕ:

کۆرۆنا و مرۆڤ

3/13/2020 11:37:36 AM
8789 جار خوێندراوەتەوە
لوقمان حەوێز
+ -

ئەگەر کۆرۆنا بەئاگا بووایە و ھەستی ھەبووایە، ھەرگیز مرۆڤی نەدەکردە خانەخوێ بۆ خۆی، ئەو نازانێت بونەوەرێکی ھەڵبژاردووە لەنێو شیردەرەکان زۆر لەخۆی ترسناکترە.
ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی سێ مانگە لەوەتەی لەنێو مرۆڤەکان بڵاوبووەتەوە سێ بۆ چوار ھەزار مرۆڤی کوشتووە، بەڵام ھەموو ڕۆژێک لایەنی کەم ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ مرۆڤ لەلایەن مرۆڤی ترەوە تەنیا بەچەک دەکوژرێن لە سەرانسەری جیھاندا، دڵنیام کۆرۆنا دوای ماوەیەکی کەم کۆنتڕۆڵ دەکرێت، بەڵام بەداخەوە کوشتنی مرۆڤەکان لەلایەن خۆیانەوە ھەر بەردەوام دەبێت.
کۆرۆنا دەیەھا ملیۆن ساڵە پێش مرۆڤیش ھەر ھەبووە لەسەر زەوی، سروشت ڕێگەی پێداوە لەنێو خانە و لەشی ھەندێک لە شیردەر و باڵندەکاندا بژی، تەنیا زیانی بەو کۆمەڵە زیندەوەرە گەیاندووە کە خانەخوێی ڤایرۆسەکە بوون و ھیچ زیانێکی بۆ ژینگە  نەبووە، بەدەر لەو چەند جۆرە شیردەر و باڵندەیەش بەگژ زیندەوەرەکانی تردا نەچۆتەوە، بەڵام مرۆڤ تەنیا نزیکەی دووسەد ھەزار ساڵە لەسەر ھەسارەی زەوی ھەیە، تەنیا لەو چەند سەد ساڵەی ڕابردووش تاوەکو ئێستا ٤٦% ی ھەموو دارستانە سروشتییەکانی سەر ڕووی زەوی تەخت کردووە، ئەمەش واتە بڕینی ملیارەھا درەخت، مرۆڤ دەیەھا ھەزار ئاوێتەی ژەھراوی داھێناوە و بەشێکی زۆریش لەو ئاوێتانە ھەوا و ئاو خاکی زۆربەی ڕووبەرەکانیان پیس کردووە، لەڕێگەی بەکارھێنان و سوتاندنی بڕێکی ئێجگار زۆریش لە دژە ژینگەترین جۆری وزە کە نەوت و گاز و خەڵوزی بەردینە گۆڕانکاری ترسناکی لەنێو سیستەمی ژینگەیی دروستکردووە، پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەش و ھەوا بەشێکن لەو گۆڕانکارییانە، مرۆڤ پتر لە نیوەی ژمارەی ھەموو شیردەرە کێویەکانی لە سروشتدا لەناوبردوە، ڕێژەیەکی بەرچاوی لە باڵندەکان و گیاندارە ئاوییەکانیشی کەمکردووەتەوە، زۆر جۆریشی لەوانە بەتەواوی لەناوبردووە.
کۆرۆنا تەنیا ٣% ی ئەو مرۆڤانە دەکوژێت کە دەچێتە نێو لەشیانەوە، کۆرۆنا نەبوەتە و نابێتە ھۆی لەناوبردنی ھیچ جۆرێک لە زیندەوەر (جۆر نەوەک ژمارە)، جگە لەوەی لەوانەیە زووتر بنبڕ بکرێت، بەڵام ئەگەر مایەوە لەوانەیە تا ئەو پەڕی ساڵێکی تر ڤاکسینێک بدۆزرێتەوە لاوازی بکات و لەناوی ببات لەنێو مرۆڤەکان، ھەرچی مرۆڤە بەھۆی وێرانکردنی ژینگە و چالاکییە لەڕادە بەدەرەکانی دەیەھا ساڵە دەستی کردووە بە لەناوبردنی بەکۆمەڵی زیندەوەران لەسەر ھەسارەی زەوی، تا کۆتایی ئەم سەدەیە لەوانەیە جۆرەکانی ئەو زیندەوەرانەی لەسەر دەستی مرۆڤ بۆ ھەتا ھەتایە لەناو دەچن بگاتە پتر لە یەک ملیۆن جۆر، ئەمەش دەکاتە لایەنی کەم ١٥% ی ھەموو ژیان لەسەر ھەسارەی زەوی..!
ئێستا خۆتان بڕیار بدەن، کامیان ترسناکترن بۆ ژیان..؟ کۆرۆنا یان مرۆڤ؟

‌بەپەلە