سەردێڕ:

کورد و پێکەوەژیانی گەلان

2/18/2020 2:39:22 PM
6651 جار خوێندراوەتەوە
ئەیوب براخاس
+ -

کورد گەلێکە لە گەلە ڕەسەنەکانی ئەم ناوچەیە و ھەزاران ساڵە لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا یان کوردستانی ئەمڕۆ، دەژی و بەوە ناسراوە، کە ڕەگەزپەرست و توندڕەو نییە و ھەمیشە کراوەیە بۆ پێکەوەژیان لەگەڵ گەلانی دیکە.

کورد وەک گەل و کوردستان وەک نیشتیمان، ھەمیشە جێگەی سەرنجی زلھێزە جیھانیی و ناوچەییەکان بووە، بۆ ئەوەش ھێرشکراوەتە سەری و داگیرکراوە و کورد وەک گەل لە مافە سەرەتاییەکانی بێبەشکراوە.

ئەو داگیرکارییە گەیشتوەتە دابەشکردنی وڵاتەکەیان و دابڕانی کورد لە یەکتر و دابەشکردنی کوردستان بەسەر دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام بەھۆی بەھێزیی کەلتور و زمان و ناسنامە و دێرینیی کورد لە ناوچەکە، توانیویەتی بمێنێتەوە و خۆی لە تواندنەوە و لەناوچوون بپارێزێت.

ئەوەی دەمەوێ لێرەدا باسی بکەم ئەوەیە، کە کورد سەرەڕای ئەو ھەموو زوڵمەی لێی کراوە، ھێشتا ئامادەیە بۆ پێکەوەژیان و برایەتی گەلان، ھێشتا لە ھەموو نەتەوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست زیاتر کراوەیە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە.

بۆ نمونە لە عێراقدا کورد گەلێک نییە کە ھەستی فاشیزمی ھەبێت بەرامبەر بە عەرەب و تورکمان و مەسیحی و شیعە و ئەوانی دیکە، ئەوەتا ئێستا لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان دەیان ھەزار عەرەب و مەسیحی و تورکمان دەژین و کار دەکەن و بە ئازادیی دێن و دەچن، بەڵام نەبینراوە کە ھاوڵاتیانی کورد، یان گروپێک توندڕەوی کورد، ھێرش بکەنە سەر ئەوان و دەریان بکەن و بڵین پێشتر ئێوە زوڵمتان لێکردووین و مافی ژیانتان لێرە نییە.

ئەوە نیشانی دەدات کە کورد گەلێکی لێبوردەیە و ئەوەش تێدەگات، کە ئەوانەی پێشتر زوڵمیان دەکرد لە کورد دەسەڵاتداران بوون، نەک ھاوڵاتیانی ئاسایی ئەو گەلانە.

بۆ ئەوەش کورد لە عێراقدا لە ھەموو پێکھاتەکانی دیکە زیاتر کراوەیە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەلان، کورد دەتوانێت پێشەنگایەتی ئەو جۆرە لە پێکەوەژیان بکات و ئێستاش بە کردەوە ھەنگاوی بۆ ئەوە ناوە. ھەڵوێستەکانی بەرامبەر ھاوڵاتیانی عەرەب و بەشداریکردن لە پێکھێنانەوەی حکومەتی نوێی عێراق و وەستانەوە بەرامبەر داعش ھاوشانی سوپای عێراق و ھێزە چەکدارە عێراقییەکان، ئەوە نیشان دەدات کە کورد بە کردەوە دەیەوێت پێکەوەژیانی گەلان بکاتە ڕاستی لە عێراق.

بەڵام دەبێت باسی ئەوەش بکەین کە حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ ئەوەی بە ڕەنجێکی زۆری خەڵکی کوردستان دروست بووە و قوربانییەکی زۆر دراوە، بەڵام شەڕی ناوخۆ و گەندەڵیی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات وایکردوە کە ڕەنگدانەوەیەکی زۆری لەسەر ئیدارەکردنی ھەرێمی کوردستان ببێت و لە ئێستاشدا ئاسەواری ئەو شەڕی ناوخۆیە ھەر دیارە.

ھەروەھا کورد لە عێراق نابێت ھەر بپاڕێتەوە و ھەر خەریکی نیشاندانی مەزڵومیەتی خۆی بێت، بەڵکو دەبێت شەرم نەکات لەوەی داواکارییەکانی خۆی ئاڕاستەی حکومەتی عێراق بکات. ھەروەھا دەبێت خۆی چارسەری بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە.

دەمەوێت باسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان یان باکوری سوریاش بکەم، کوردەکان نمونەیەکی نوێی پێکەوەژیانی گەلانیان دروست کردوە و سەلماندویانە، کە ڕێز لە زمان و ناسنامە و کەلتور و ڕاستینەی گەلان و ئاینەکانی دیکە دەگرن.

ئەوان دەیانەوێت لە چوارچێوەی سوریا بمێننەوە و لەگەڵ حکومەتی ناوەند کێشەکانیان چارەسەر بکەن و لەگەڵ گەلانی دیکە ناوچەکانی خۆیان بەڕێوەبەرن، سەرەڕای ئەو ھەموو ھێرش و پەلامارانەی لەسەریانە، لە بیر و فەلسەفەی پێوەژیانی گەلان پاشەکشەیان نەکردوە و ھەردەچێ پێشتری دەخەن، ھەر بۆ ئەوەشە بەشێک لە ئازادیخوازانی دنیا پشتگیرییان دەکەن و دەیانەوێت ئەو ئەزمونە نوێیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەربکەوێت.

ئەوە بۆ باکوری کوردستانیش ھەر ڕاستە، ئەوەتا کوردەکان داوای دەوڵەت و جیابوونەوە ناکەن و باوەڕیان بە پێکەوەژیان ھەیە لە چوارچێوەی وڵاتی تورکیا، بەڵام بتوانن مافە سەرەتایی و سیاسی و کەلتورییەکانیان لە دەستوردا جێگیربکرێت و خۆیان ناوچەکانی خۆیان بەڕێوەبەرن.

لە ئێرانیش ھەمان تێڕوانین ڕاستە، ھەرگیز کوردەکانی ئەوێش خاوەنی بیرێکی فاشیزمی توندڕەو نەبوون، کە ئەوانی دیکە ڕەتبکەنەوە و مافی ژیانیان پێ ڕەوا نەبینن، بەڵکو لە چوارچێوەی ئێران ماونەتەوە و باوەڕیان بە پێکەوەژیانی گەلان ھەبووە و لەگەڵ گەلی فارس ھیچ کێشەیەکیان نەبووە.

لە تەواوی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کورد ئامادەیی ئەوەی ھەیە، کە پێشەنگایەتی پێکەوەژیانی ئازادانەی گەلان بکات و ئەوە بکاتە کردەوە، ئەو دابەشبوونەشی دواجار بۆ پێکەوەژیانی گەلان بە ئەرێنی دەشکێتەوە، چونکە لە ئێستادا لەگەڵ گەلە سەرەکییەکانی ناوچەکە دەژی، لە عێراق و سوریا لەگەڵ عەرەب و لە ئێران لەگەڵ فارس و لە تورکیا لەگەڵ تورک دەژی، ئەوە بۆ خۆی دەرفەتی ئەوەی پێدەدات کە ئەو پێشەنگایەتییە بکات و پێکەوەژیانی گەلان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ڕاستیی، بەوەش کۆتایی بە شەڕ و ناکۆکیی و ململانیکانی نێوان ئەم گەلانە دێت و دەرفەتی دەستێوەردانی دەرەکیش ناھێڵێت، ھەروەھا دەسەڵاتدارە گەندەڵەکانیش ناتوانن گەلی کورد یان گەلانی دیکە بە ھەڕەشە بۆ سەرخۆیان ببینن و گەلانی خۆیان فریو بدەن و ھەستی نەتەوەیی و فاشیزمییان بۆ دروست بکەن و بەکاریانبێنن بۆ پێکدادان و ئاڵۆزیی و درێژکردنەوەی دەسەڵاتی گەندەڵ و قۆرخکاری خۆیان.