سەردێڕ:

چاکسازیی بنەڕەتیی لە کوێوە دەستپێدەکات؟

2/8/2020 4:38:17 PM
10318 جار خوێندراوەتەوە
ئەیوب براخاس
+ -

لە ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتداران بەردەوام باسی چاکسازیی دەکەن و کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمیش لە ڕێگەی پرۆژە یاسایەکی چاکسازییەوە لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی، بانگەشەی فراوانیان کرد، کە لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە لە ھەرێمی کوردستان چاکسازیی دەکەن و ڕووبەڕووی گەندەڵیی دەبنەوە، بەڵام ئایا بە ڕاستی دەتوانن ئەوە بکەن؟
لە ماوەی ٢٩ ساڵی دەسەڵاتداریی یەکێتی و پارتی نەیانتوانیوە پلانێکی جددیان ھەبێت بۆ پێشخستنی ھەرێمی کوردستان و خاوەندەرکەوتن لەو ھەموو ڕەنج و زەحمەتییەی کە ئەم گەلە داوییەتی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوی عێراق و ڕژێمەکانی پێشووتردا.
دوای ٢٩ ساڵ ھێشتا چەندین کێشە و قەیران لە ھەرێمی کوردستان ھەن، ھەر لە کێشەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە، تا کێشەی تەندروستی و نەبوونی ھەلی کار و نەبوونی سیستمێکی پەروەردەیی دروست و سیستمێکی ئابوری بەھێز.
ھەروەھا نەبوونی سوپایەکی نیشتیمانی کە ئینتیمای بۆ گەل و نیشتیمان بێت، نەک بۆ حزب و بنەماڵە، حزب و بنەماڵەیەک کە ھەموو بەرژەوەندییەکی خۆیان لە پێش بەرژەوەندییەکانی گەل و وڵات و شەھیدانەوە دادەنێن.
ئێستا ھەرێمی کوردستان لەناو کێشەی خزمەتگوزاریی و نەبوونی ھەلی کار و نەبوونی ئابورییەکی بەھێز و دەستگرتنی حزبدایە بەسەر ھەموو بازرگانیەکانەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسان باسی چاکسازیی دەکەن و دەڵێن، دەیانەوێت ڕووبەڕووی گەندەڵیی ببنەوە، ڕاستییەکەی ئەگەر ئەوان ڕاست دەکەن، دەبێت سەرەتا ڕووبەڕووی خۆیان ببنەوە و چاکسازیی لە خۆیانەوە دەستپێبکەن.
دەسەڵاتدارانی ھەرێم خۆیان کێشەن و خۆیان خاوەنی کۆمپانیا و کەناڵی ڕاگەیاندن و بیری نەوت و گرێبەستی نایاسایی و کۆمپانیاکانی بازرگانی جگەرە و ھێلکە و نەوت و غاز و دەرمانن.
دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی خۆیان ھێزی چەکداری تایبەتیان دروست کردوە و پێشمەرگەیان کردووە بە چەندین بەشەوە.
ئەوان خۆیان لە ھەڵبژاردنەکاندان تۆمەتبارن بە تەزویر و ساختەکاریی و دەستکاریکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و سوکایەتیکردن بە سیستم و پرۆسەی دیموکراسیی لە کوردستانی عێراق.
ئەگەر چاکسازیی دەکەن، دەبێت لە خۆیانەوە دەستپێبکەن، دەبێت لە خۆیانەوە گەندەڵیی نەھێڵن، چونکە ئەوان خۆیان سەرچاوەی نەھامەتیی و کێشەکانی ئەم وڵاتەن، ئەوان خۆیان ٢٩ ساڵە حاکمی سەرەکی ئەم ھەرێمەن، ئەوان خۆیان تەنانەت کارگوزارێکیشیان لە خوێندنگەکان بە تەزکیە و حزبایەتی و خزمایەتی داناوە.
ئەوان ھەر رۆژەی کێشەیەک بۆ خەڵک زیاد دەکەن، ئەوەی کە کەمێک بە ئاسانی دەستی خەڵک دەکەوت، بوتڵی غاز بوو، بەڵام ئێستا ئەو قەیرانەشیان دروست کردوە و قەیرانی غازیش یەکێکی دیکەیە لە سەرئێشەکانی خەڵک، ڕۆژانە ھاوڵاتی ئەم ھەرێمە لە سەرەی غازدا دەوەستێت.
ھەروەھا لەلایەکی دیکەوە ناوە ناوە خەڵک سەرقاڵ دەکەن، بە کێشەی دین و کێشەی فرەژنیی و کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لە کاتێکدا دەیان کێشەی گەورە و بنەڕەتیی ھەن و کەسێکی وەک مەلا مەزھەر دەکەن بە پاڵەوان و فریادڕەس.
بەرپرسانی ئێستای حکومەتی ھەرێمی کوردستان و یەکێتی و پارتی لە دەوڵەمەندترینەکانی جیھانن، ئەوان ئەو ھەموو سامانەیان لە کوێ بوو، خۆ لە شاخ بوون ھیچیان نەبوو، لە کوێ دەستیان کەوت ئەو ھەموو پارە و سەروەت و سامانە؟!
لەلایەکی دیکەوە دەیانەوێت دەست بەرن بۆ مووچەی کەسوکاری ئەنفالکراوان و شەھیدان و زیندانیانی سیاسیی، بەڵام دەست نابەن بۆ داھاتە زەبەلاحەکانی خۆیان.
بۆیە من پێم وایە ئەوەی باسی دەکەن لەسەر چاکسازیی و یاسایان بۆ دەرکردووە، تەنھا ڕووکەشییە و کاری جددیی نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی لە ھەرێمی کوردستانی عێراق، چونکە کانی لە سەرچاوەکەیەوە لێڵ دەبێت.
لە ھەرێمی کوردستانیش گەندەڵیی لە سەرەوە ھاتووەتە خوارەوە، بۆیە بنبڕکردنیشی ھەر لە سەرەوە دەکرێت و دەبێت بەرپرسان لە خۆیانەوە دەستپێبکەن.
دەبێت ئەوان ڕۆژێک چاکسازیی ڕاستەقینە بکەن، چونکە ھەرگیز ئەم دۆخە بەو شێوەیە بەردەوام نابێت و خەڵک ئەو بێ خزمەتگوزاریی و بێکاریی و نادادپەروەرییە تا سەر قبوڵ ناکات، بۆ ئەوەش چەندین نمونەمان ھەیە، نزیکترینیش لێمانەوە ئەو دۆخەی عێراقە، کە گەنجەکانی عێراق دەسەڵاتدارانیان ھێناوەتە لەرزە، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی عێراق زۆر لەوانەی ھەرێمی کوردستان بەھێزترن.
دەمەوێت باسی ئەوەش بکەم لە ئێستادا شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە شێوازێکی مەدەنیانە ڕووبەڕووی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بووەتەوە و توانیویەتی تا ڕادەیەکی زۆر گوزارشت لە داخوازیی و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکات.
لە پیشتریش ڕەوانشاد نەشیروان مستەفا ھەوڵی زۆریدا بۆ ڕێکخستنەوەی دامەزراوە شەرعییەکان کە خزمەت بە ھەموو چین و توێژەکان بکەن، بەڵام یەکێتی و پارتی بە تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاژاوەگێڕیی و تێکدانی ئەزموونی حکومەتە ساواکە تۆمەتباریان دەکرد.
بۆیە ئەگەر ئەم حکومەتە تۆتالیتاریە بێسەروبەرەیە بەردەوام بێت ئەوا ھیچ زەمانێک نیە بۆ ناڕەزایی و سەرھەڵدانی گەورەتر کە خۆی لە ھێز و شەڕی خوێناویدا ببینێتەوە و جارێکی دیکە گەلەکەمان باجی سەرەڕۆییەکانی ئەو دەسەڵاتە مافیاگەرانە بدات.