سەردێڕ:

خاڵی هاوبەش لە جیاوازییەکانماندا

1/25/2020 8:38:23 PM
4036 جار خوێندراوەتەوە
ڕابەر سیوەیلی
+ -

وەختێک کە لەتەک دۆسیەیەکی پەیوەندیدار بە ژیانی گشتیی کۆمەڵگە ڕووبەڕوو دەبینەوە، لە چوارچێوەی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی، پێویست دەبێت لەسەر شانمان دوو قسەی خێر بکەین. بەبڕوای ئێمە، ئەو ململانێ فیکرییەی لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لەنێوان بیریارانی ئیسلامی، چەپ‌و سیکۆلاری کوردستاندا سەریھەڵداوە، دەکرێ لە چەند گۆشە نیگایەکەوە لێی بڕوانرێت:

لە دیدگا گشتییەکەوە، ململانێیەکی سروشتیەو بە درێژایی مێژوو بوونی ھەبووە، لەو بڕوایەشدام ھەتاکو تەواوبوونی کات ھەر بمێنێت. چونکە ململانێکە لە بنەڕەتدا جیاوازی فیکرییەو ھیچ کەسیش بە جیاوازبوونی بۆچوونەکانی لەوی دی، نابێتە تاوانبار.

لەبەرئەوە کارێکی ژیرانەو مرۆڤدۆستانەیە ئەگەر بەچاوێکی سادە لەو ململانێیە بڕوانین، وە بتوانین وەکو تاک، سوودبەخش بین لە ئەرێنیی دەرئەنجامەکان‌و خۆبەدوورکاریش بین لە نەرێنییەکانی. کاتێک دەڵێین "ململانێیەکی سروشتییە" رەنگە بخوازێت شەنوکەوێکی ئەو نیوەدێڕە بکەین: ململانێیە بەمانای ڕکابەرایەتی لەسەر بەدەستھێنان‌و زوو پێشکەشکردنی باشترینەکان بە کۆمەڵگە، سروشتییە بەمانای پەنابردنە بەر گونجاوترینی ڕێگاکان بۆ دەستەبەرکردنی ئەو باشترینانەی کە ئاماژەمان پێدا. بەبڕوای ئێمە، ئەم جۆرە لە مامەڵەو تێگەیشتن بۆ ئەو ململانێیە، دەکرێ بمانگەیەنێتە دەرئەنجامێکی تەندروست.

بەداخەوە ئەوەی ئێستا بە مەیدانی ململانێ فیکرییەکانی کوردستاندا گوزەردەکا، تا ڕادەیەکی زۆر پێچەوانەی ئەو دەستەواژانەیە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا. بۆچی؟ چونکە بەدیوێکدا، حەنەحەبەشی، چەلەحانێ، ناوزڕاندن‌و شکاندنی کەسایەتی جێگەی ڕکابەرایەتی گرتۆتەوە، بەدیوێکی دیکەشدا سەرەخولێیە بۆ دۆزینەوەی نەگونجاوترین ڕێگە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ناپەسەندییانە.

ئەگەر بە کورتی‌و بە پوختی باس لە ھۆکاری ئەو ناتەندروستییانەش لە ململانێکاندا بکەین، دەکرێ دوو خاڵی سەرەکی وەکو بنەما وەربگرین.

خاڵی یەکەم: ڕەنگدانەوەی کاریگەریی بەگژیەکداچوونی سیاسییەکان‌و نالەباریی پەیوەندی نێوانیان لەسەر بیریاران و ڕۆشنبیران، کە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەوە بووە بە دیاردەو تا ئێستاش بەردەوامە. خاڵی دووەم: ناتەندروستیی تاکی کورد لەڕووی بیرکردنەوەو قبوڵنەکردنی بەرامبەر، کە ئەوەش زەبری کوشندەی بە دوورکەوتنەوەی فیکرەکان لەیەکدی داوە، ئەوەتا ئێستاش بەڕوونی دەرئەنجامەکانیان دەبینین‌و کار گەیشتۆتە سەر ڕاپێچکردنی یەکتری بۆ نێو ھۆڵەکانی دادگا.

لە دیدی ئێمەدا، تەندروستبوونەوەی ئەم بارودۆخە ناتەندروستە، پێویستی بە زەقکردنەوەی خاڵی ھاوبەش‌و کاڵکردنەوەی خاڵە جیاوازەکانە. گومانم نیە لەوەی کە ھەموولایەکمان خاڵی ھاوبەش‌و قبوڵکراومان زۆر زیاترە لە ناکۆکییەکانمان.

بەدیوێکی دیکەدا، ئێمە خاوەنی ھەر فیکرو ئاڕاستەیەکی بیرکردنەوە بین، بەڵام لەسەر پرسگەلێکی وەکو ڕێزگرتن لە دین‌و ئادابی گشتی، پاراستنی شیرازەی خێزان، بونیادنانی تاکی بەھێز، زیندووڕاگرتنی ڕەسەنایەتی، پارێزگاریکردن لە بەھا باڵاکانی کۆمەڵگەو جیاکردنەوەی ئازادی لە بەرەڵڵایی، کۆک‌و ھاوڕاین.

ئەوەی کە دەمێنێتەوە، گوزارشت دەکات لە جیاوازی بۆچوونەکانمان دەربارەی تێگەیشتنمان بۆ دونیاو تێڕوانینمان بۆ ژیان. کەواتە ئەم دەستپێکە دەکرێ ببێتە خاڵێکی وەچەرخان بۆ ڕەوینەوەی تەمومژی نێوان فیکرو ئاڕاستە جیاوازەکان‌و، کۆکردنەوەیان لە دەوری ئامانجە بەرزو باڵاو بەبەھاکانی کۆمەڵگەی کوردەواری، بەبێ ڕاپێچکردنی یەکدی بۆ نێو ھۆڵەکانی دادگا!!!