سەردێڕ:

بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان کاردانەوە؟!

12/14/2019 2:27:03 PM
5802 جار خوێندراوەتەوە
ساڵح ژاژڵەیی
+ -

بەشی سێیەم 
لە کۆتایی بەشی دووەمی ئەم نوسینەمدا باسی خاوەندارێتی کۆمپانیای وشەم کرد، لە ڕاستیدا دەریشکەوت کە ھەر لە ‌سەرەتای دروستبونی کۆمپانیای وشەوە کاک نەوشیروان بەرنامەی داناوە کە دوای خۆی ببێتە موڵکی کورەکانی، پێش ئەوەی وەفاتیش بکات نەیشاردۆتەوەو بە ئاشکرا وتویەتی کۆمپانیای وشە موڵکی خۆم  و کوڕەکانمە شایەتیش ھەیەو لە ژیانیشدا ماوە.

دوای وەفاتی کاک نەوشیروان بە ماوەیەکی زۆر کورت کوڕەکانی کۆمپانیای وشەیان خستە سەرخۆیان کۆمپانیای وشە ئەم بەشانەیە:

١-گردی زەرگەتە بە تەلەفزیۆن و سایتی ئەلکترۆنی و ھەموو بیناکان کە لەسەری دروستکراون. 
٢- تەلاری چاودێری دارایی. 
٣- پشکەکانی سۆپەرما‌رکێتی میترۆ. 
٤- پشکەکانی کۆمپانیای چیمەنتۆی گاسن. 
٥- بینای ھەموو مەکۆکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ھەموو شار و شارۆچکەکان کە بە پارەی ژمارەیەک لەو دەوڵەمەندانەی ھاوکاری بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد کڕاون. 

دوای وەفاتی کاک نەوشیروان بە ماوەیەکی زۆر کورت، دەستیان گرت بەسەر تەلەفزیۆنەکەدا و خۆیان بەڕێوەبەر و ستافی تایبەتیان بۆ دانا بەبێ پرس  و را بە خانەی راپەڕاندن  و رێکخەری گشتی، ئەوەش مانای وایەکە بە موڵکی خۆیانی ئەزانن  و چۆنیان بوێت وای لێ ئەکەن، لە ئێستادا بە ‌تەواوی تەلەفزیۆنەکەیان داخست  و کارمەندەکانیان ناردە ماڵەوە، بەڵام دەستبەسەراگرتنی ھەموو موڵک و ماڵی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەندەی تر جەماوەری گۆڕانی رەنج بە خەسار کرد و تروسکایی لە دڵدا کوژاندنەوە.

لەو کاتەوە کە دەنگو باسی تاپۆکردنی کۆمپانیای وشە لەسەر کوڕەکانی کاک نەوشیروان ھاتووەتە کایەوە و بووەتە قسە و باسی ناو گۆڕانخوازان، تا ئێستا جەندین جار داویان لێکراوە  با لە رێگای تەلەفزیونەکەوە ڕونکردنەوەیەک بدەن  و گۆڕانخوازان دڵنیابکەنەوە لە راستی و دروستی ئەو قسەو باسانە ، بەڵام تا ئیستا کەم تازۆر یەک قسەیان نەکردوە، چونکە ھیچ وەڵامێکیان پێ نییە ، واتە نایانەوێت قسە لەسەر ئەوە بکەن  و بە موڵکی خۆیانی ئەزانن ، کەواتە نابی پێیان ناخۆشبێت کە ئەڵێن کاک نەوشیروان کۆمپانیای وشەی کردووەتە موڵکی کوڕەکانی ، ئەگەر ئەم قسەو باسانە ڕاستنین با بفەرمون بڵێن ئەوە موڵکی بزوتنەوەی گۆرانە و وەرن لەسەر کێی تاپۆ دەکەن بیکەن .

بەڕاستی ئەوەی پێشتر کاک نەوشیروانی ناسیبێت ھەرگیز ڕۆژێ لە رۆژان بڕوای نەئەکرد کاری لەو شێوەیە بکات  و ھەموو ڕابردوی سیاسی خۆی سفر بکاتەوە، خومەینی کاتی خۆی لە ناچاریدا بڕیاریدا شەڕ لەگەڵ سەدام بوەستێنێت، چونکە توانای شەڕیان نەمابوو، لە کاتی بڕیاردانەکەدا ئەڵێت: ئەم بڕیارە بۆ من وەکو ئەوە وایە پیاڵەیەک ژەھر بخۆمەوە. 

لە راستیدا ھەوڵدانی کاک نەوشیروان بۆ تاپۆکردنی موڵک و ماڵی گۆڕان لە سەر مناڵەکانی بە بە راورد لەگەڵ خەباتی رابردوی وەکو خواردنەوەی پیاڵە ژەھرەکەی خومەینی وایە.