سەردێڕ:

دووگ و گەندەڵیی سیستەماتیک

12/10/2019 4:13:01 PM
5044 جار خوێندراوەتەوە
کاروان حەمە ساڵح
+ -

سەرەتا، عێراق و ڕۆژی جیھانی گەندەلی:

دوێنێ ڕۆژی جیھانی گەندەلی بوو، گەندەلیی وەک دیاردە و پرسێک، ھیچ بەشێکی ئەم جیھانە نییە کە بێ بەش بێت لێی، چوونکە بە پێی یەکێک لە پێناسەکانی گەندەڵی، ھەر کردەیەک و دەستکەوتێک (ماددی بێت یان مەعنەوەی) ئەگەر لە دەرەوەی رێکاری یاسایی و دامەزراوەیی بەدەست بھێنرێت ئەوا دەچێتە چوارچێوەی گەندەڵیەوە، عێراق و ھەرێمی کوردستانیش وەک بەشێکی ئەم جیھانە بەشیان ھەیە لە گەندەڵیدا، بەڵام چۆن بەشێک!

بە پێی دواین ئاماری جیھانیی، عێراق پلەی ١٦٨ ھەمینی گرتووە لە کۆی ١٧٨ وڵات، واتا تەنھا ١٠ وڵاتی لە پێشە تا ببێتە گەندەڵترین وڵاتی جیھان، ئەمە لە کاتێکدا لە سالی ٢٠٠٣ لە پلەی ١١٣ ھەمینی وولاتەکاندا بووە!


دۆخی گەندەڵیی و گەندەڵی سیستەماتیک لە عیراق و ھەرێم بە تایبەت:

وەک بەرپرسیارێتی ئەکادیمی و پاشان نیشتیمانی، چەندین سال و لە چەندین شوێن و جێگا ئاماژەمان بەوە کردووە، کە ئەم گەندەڵیەی لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا ھەیە ئەگەر بە ئاراستەی چارەسەرکردن دەستی بۆ نەبرێت، ئەوا بە دڵنیایەوە لە دوورمەودادا زیانی گەورەتر دەدات و پێگە و ناو و ناوبانگی وڵات لەکەدار دەکات، توانای مرۆیی بە ھەدەر دەبات و دادپەروەری تا ئاستێکی خراپ دەھێنێتەوە خوارەوە و پاشان متمانەی نێوان حکومەت و میللەت ناھێڵێت و خۆشەویستی بۆ نیشتیمانیش کەم دەکات و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسیەوە.


بەڵام بە داخەوە، سەڕەرای ڕاپۆرتی زانستی وورد لە لایەن چەندین دەزگای نێودەولەتی و پاشان قسەی خێر و ڕاویژی نوسراو و وتراو، وا دەبینین گەندەڵی بەردەوام زیادی کردووە، کەمی نەکردووە.

 کار و ڕێژەی گەندەلی لە عێراق و لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام لە ھەڵکشاندایە و تەنانەت لە گۆڕانکاریش دایە لە شێوە و فۆرمی نوێدا، سەرەتا لە شێوازە سادەکانی گەندەڵیەوە دەستی پێکرد و ئەمرۆش وەک دەبینین گەیشتۆتە کۆتا قۆناغ کە لە زانستی ئابووریدا پێی دەوترێت، گەندەڵی بە سیستەمکراو (Systematic Corruption)، کە ترسناکترین و پر زیانترین جۆرە.

‎ئەگەر چی جۆری تری گەندەڵیش باوە لەم وڵاتە، بەڵام جۆری سیستەماتیک خۆرەیەکە کە لاشەی وڵات دەڕزێنێت و بە جۆرێک لاوازیدەکات کە بەرگەی بچوکرتین قەیران ناگرێت و تا زیاتر بەردەوامیش بێت، زیاتر ئیرادە و ویستی چاکسازی و گۆڕانکاری و پێشکەوتن لاواز دەکات، وە تەنانەت کایەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و پەروەردەش بێ زیان نابن لێی.


بەرتیل بۆ "دووگ"، وەک بازرگانیەکی ناوازە:

ھەمووان چەندین ساڵە چیرۆک و ژمارەی گەورە و قەبە دەبیستین لەسەر گەندەڵیی، دواترینیان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودابوو، کە ھەموومان گوێبیستی بووین ئەویش "چالاکیەکی نوێی گەندەڵی" بوو کە دەربازکردنی "دووگ" بوو بە پارە و بەرتیل لە ڕێگای سنوورەکانەوە بۆ ناو ھەرێمی کوردستان!

ئەم ئاستە لە گەندەلی کە پێدانی بەرتیلە بۆ بەرھەمێکی لەو جۆرە، لەوانەیە تا ڕادەیەک شۆک ھینەر بوو بێت، لەوانەیە زۆربەی ھاوڵاتییان تەنانەت ھەر بیریان لەوە نەکردبێتەوە کە ئەم ھەریمە ڕۆژانە دووگی پێویستە و بەرھەمی ناوخۆی دووگ بەشی پێویستی ھاولاتیان ناکات!، وە لەوانەشە کەس بەخەیالیا نەھاتبێت کە دووگ ئەبێت خێر و مایەی چەندبێت وا بەرتیلی بۆ دەدرێت!
ئەی باشە کێ لە پشت ئەم بازرگانیە ناوازەیە؟ بۆ ناتوانرێت بەر بە گەندەڵی لەم بازرگانییەدا بگیرێت؟

سەڕەرای ھەموو ئەوانەش، پرسیارە جەوھەریەکە ئەوەیە کە دام و دەزگاکان بۆ دەم و دەست لێی نایەنە جواب و ھەنگاوێکی لە دژ نانێن؟ بۆ وەڵامێکی ڕوون و کردارێکی درووست ناگیرێتە بەر و بەری پێ ناگیرێت؟

بۆ دەستخستنی وەڵامەکانی ئەو پرسیارانە، دیارترین نیشانە و سیفاتەکانی "گەندەڵی سیستەماتیک" دەخەینە ڕوو، کە ئەگەر باش لێی بڕوانین، ئەوا ئەوکات لە ڕێگای تێگەیشتن لەو جۆرە ترسناکەی گەندەڵی، وەڵامەکان بۆ ھەر یەکێکمان زۆر ڕووندەبێت و توشی شۆکیش نابین ئەگەر جگە لە دووگ، شتی تریش بەرتیلی بۆ درا و گەندەڵی بۆ کرا !


حەوت لە دیارترین نیشانەکانی گەندەڵیی بە سیستەمکراو:

یەکەم: گەندەڵی سیستەماتیک تێکەڵەیەکە لە چالاکی جۆڕاوجۆری گەندەڵی و ئەو بڕیار و ڕێوشوێن و شێوازانەی کە کارئاسانی دەکەن بۆ ئەو چالاکیانە.

دووھەم: گەندەڵی سیستەماتیک، لەھەناوی دام و دەزگا و حکومەتەوە دزە دەکات، وە ھەمیشە بازنەگەورەکە کە حکومەت و دەزگایە لاوازدەکات و بەردەوام لە ھەوڵیشدایە بۆ لاوازکردنی.

سێھەم: سیبەری ئەم سیستەمە ھەمیشە ھەڕەشەیە لەسەر ئەوانەی دژی گەندەڵین و ڕێگەش نایات بێنە ناو بازنەی دەزگاکان، زۆر جار کە ڕێگەشیان پێدەدەن، خودی پۆستە حکومیەکە، ھاوشێوەی بەرتیلێکە بۆ بێدەنگکردن و بێ ئەرزش کردنی ناڕەزاییەکانیان!

ھەر ئەمەشە وای کردووە کە لە ووڵاتانی پێشکەوتوو ئەوانەی بە ڕاستگۆیانە دژی گەندەڵین و لە وێستگەیەکدا کە بزانن ناتوانن کاریگەرییان ھەبێت ئەوا دەست لە کاردەکێشنەوە یان دێنە دواوە! خۆشبەختانە لە ھەرێمیش چەند نمونەیەکی ھاوشێوەمان ھەیە.

چوارەم: گەندەڵی سیستەماتیک ھەمیشە لەگەڵ گەندەڵکردنی پرۆسەی سیاسیی، ئابوری ئەو ووڵاتەش گەندەڵ دەکات، بە جۆرێک کە گەندەڵی دەگاتە پێویستییەکی ژیانی ڕۆژانەش! واتا تەشەنەدەکات بۆ ھەموو جموجۆڵە دارایی و ئابوریەکان لەسەر ئاستە نزم و باڵاکانیش و تەنانەت ئاستی تاکیش، بە جۆڕێک ئەوانەی دژی دەوەستەنەوە لە گەندەڵیەکی بچوکی دائیرەیەک یان ڕیزێک لە ھاوڵاتی کە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان چاوەرێن، ئەوانە زۆر نامۆ سەیر دەکرێن!

پێنجەم: بەدەر لە بازنە ناوخۆییەکە، گەندەڵی سیستەماتیک لینکیشی ھەیە لەگەڵ بازنەی گەندەڵی سیستەماتیک لەدەرەوەی سنورەکان.

شەشەم: ھەندێک جار لوتکەی دەستەلات لەو وولاتە ھەر کەس بێت، ناتوانێت کتوپر و بە ئاسانی لە دژی ئەو گەندەڵیە سیستەماتیکە بوەستێتەوە، چونکە زۆربەی جار گەندەڵی سیستەماتیک سێبەرێکی ھەیە لە ناو دام و دەزگا فەرمیەکاندا، لێدانی ڕاستەوخۆ و کتوپڕ زیان بە خودی حکومەت و ڕێکەوتنەکان و تەنانەت دۆخی ئەمنیش دەگەیەنێت!

حەوتەم: ئەم جۆرە گەندەڵیە زۆرجار ئیرادەی بڕیاردانی ئابووریش پەک دەخات، ھەندێک بڕیار ھەیە کە تۆ بە ئاسان لێی دەڕوانیت!، ئەگەر چی راستە و لە حالەتی ئاساییشدا ئاسانە، بەلام بۆ نادرێت؟ ئەوە پەیوەستە بەو ئیرادەوە کە زۆرجار ھێزی کەڵەکەبووی گەندەڵی سیستەماتیک بەری پێدەگرێت.

ماوەتە بڵێین کە ‎ئەگەر چی ئەوەی کە ئاماژەمان پێکرد دڵۆپێکە لە چاو گەورەیی زیانەکانی گەندەڵی سیستەماتیک و شێوازەکانی و کاریگەرییەکانی، بەڵام بۆ ڕوانین لە دۆخ و ئاستی گەندەڵی لە ھەر وڵاتێکدا، ئەو خاڵانە بەشی ئەوە دەکات کە ئیتر ئەگەر بیسترا و بینیمان بڕیاری وڵات و ئاسایشی سنوورەکان و تەندرووستی ھاونیشتیمانییان کرایە قوربانی، ئەوا سەرت سووڕنامێنێت.

ھیوایەک لە کۆتاییدا:

ھیوادارین کە حکومەت و خەمخۆران و بڕیار بەدەستان، ئیرادەی خۆیان بەھێز بکەن و چیتر خەمساردی نەنونێن لە ئاست گەندەڵیدا، کە بە داخەوە لە ھەرێمەکەمان گەیشتۆتە خراپترین و ترسناکرترین جۆری، چونکە گەر لەوە زیاتر کات بە فیرۆ بدرێت، بە دڵنیایەوە سووڕی "گەندەڵی سیستەماتیک" فراوانتر و تۆکمەتر دەبێت، بە جۆریک کە لە بازگەکانەوە تێپەردەبێت بۆ لاشەی حکومەت و لەوێوە بۆ گەندەڵکردنی کۆی کایەکانی سیاسەت و ئابووری وڵات، پاشان دەگاتە لوتکە کە لەوێدا بە جۆرێکە کە ئیتر ئەوکات خودی سیاسەت و حکومەت و دام و دەزگاکان بەشێک لە وزەی مانەوەیان لە "گەندەڵیی سیستەماتیک و تۆڕەکەیەوە" وەردەگرن و دەزگا فەرمیەکان دەبنە واجیھە و گەندەڵی سیستەماتیک دەبێتە بڕیاردەری سیاسی و ئابووری.