سەردێڕ:

حیزب لە بەردەم مۆتەکەی کۆنگرەدا

12/7/2019 2:45:57 PM
6684 جار خوێندراوەتەوە
نەزاكەت حسێن
+ -

کۆنگرەو کۆنفرانس بۆ حیزب ئەڵبەتە شتێکی خۆ لێ لانەدراوە و بەپێی یاسای پارتە سیاسییەکانی ھەموو وڵاتان، حیزب لانی کەم دەبێت لە خولێکی یاساییدا کە  ستاندارەکەی ٤ ساڵە خۆی نوێبکاتەوە و چ لەسەر ئاستی شێوازی کارکردنی چ لەسەر ئاستی گۆرینی سەرکردەو و پێداچوونەوە بە کارەکانی و ئۆرگانەکانیدا.

ئەمە ڕەنگە لە سەرتای دامەزراندنییەوە حیزبەکان ھیچ گرفتییان نەبوبێت و کۆنگرە وەک ئامرازێکی گرنگیان زانیبێت، لە لائیحەی کارکردنیان جێگیریان کردووە، وە بگرە تا چەند کۆنگرەیەکیش کێشەیان نەبووە و توانیویانە تا ڕادەیەک سەرکەوتووبن تێیدا.

لێرەدا نامەوێت بە گشت لەسەر حیزب باسەکەم درێژە پێبدەم، ھێندەی دەمەوێت لەسەر حیزبەکان لە باشووری کوردستان و بەتایبەتیش ئەو حیزبانەی ئێستە لەبەردەم مەترسی بەستن و نەبەستن و دەرەنجامەکانی بەستنی کۆنگرەدان، بەڵگەنەویستە کە گۆڕانکارییە سیاسی و تەکنەلۆژی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان، ھێندە خێران لەجیھاندا کە ئاسان نیە پێڕاگەیشتنیان و خۆ گونجاندن لەگەڵیان، بەتایبەتی بۆ حیزب وە پوخت تریش بیڵێن بۆ حیزبی کوردی، لەکاتێکدا ھەموو ئەو گۆڕانکارییە خێرایانە کاریگەری کردووەتە سەر ژینگەی کارکردنی حیزبی و سیاسی لەم ھەرێمەدا بەتایبەتی.

وە لەسەر ئاستی ناوخۆی حیزبەکانیش، جگە لە گۆڕانکارییەکانی دەورووبەر کۆمەڵە ھۆکارێک ھەن کە حیزبەکانیان گەیاندە ئەوەی کۆنگرە ببێتە پردێکی مەترسیدار کە نەوێرێت پییدا تیبپەڕێت و ترسی کەوتنە خوارەوەیان ھەبێت چ وەک حیزب چ وەک سەرکردەکانیان.

ئەڵبەتە ئەم چەق بەستنەش ھی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، بەڵکو ھی مێژووی کارکردنیانە لە نزیکی نیوسەدەی ڕابردوو، کە ڕیفۆڕمبونییان لەسەر ئاستەکانی ناوەرۆک و پرۆگرام و ئامرازی کارکردن وگۆڕینی سەرکردەکان ھیندە لاوازبووە، وەک ھەیکەلێک لەدەرەوە ماونەتەوە بەڵام لە ناوخۆدا لە توشی داخورانبوون.

ئەو ھۆکارانەش خاڵی جەوھەری دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵیەتی تاکی کوردی و سەرکردەی کوردی، کە بارگاوی بووە بە عەقڵییەتی ئەو سەرکردە و سیاسییە حوکمڕانانەی کە لەناوچەکەی دەوروبەریان لە مێژوودا بیستویانە و بینیویانە، کە کورسی و پۆست بووەتە وەزیفە بۆیان و دەبێت بە مەرگ کۆتایی بێت و دوای خۆشیان جێ نشین ھەر لە وەچە و بنەماڵەی خۆیان بێت.

لەلایەکی ترەوە بەرژەوەندی کەسی چ بۆ مانەوە لە پۆست چ بۆ پارە و ئیمتیازات، چ ھەندێکیان وەک خۆیان دامەزرێنەری حیزبەکان بوون و خۆیان و نەوەکانیان بە میراتگری دەزانن.
لە ئێستادا من باسی ھەموو حیزبەکان ناکەم لە باشووری کوردستان، نەک لەبەر ئەوەی ئەوانی ترگرفتیان نییە بەڵکو لەبەر ئەوەی  نموونەی ٣ حیزبمان لە بەردەستە کە لە دەروازەی کۆنگرەدان و خەریکن فاڵی بۆ دەگرنەوە بیکەن یان نەیکەن، لە کاتی نزیک بوونەوی کۆنگرەی حیزبەکانی تریش دەکرێت ئەوکاتە ھەڵسەنگاندیش بۆ ئەوان بکەین.

یەکێکیان یەکێتی نیشتمانی کوردستانە کە ڕاستە حیزبێکی مێژوویی و خاوەن خەباتە و دەیان گیژەڵوڵە و دابەش بوون و ھەڵوەرینی ھەبووە، بەڵام ھێشتا بە پێوە ماوە، بەڵام مانەکەی لەسەر یەک پایە نییە و لەسەرچەند پایەیەکە، کە ھەریەکەیان کەسێک ڕایگرتوە و ھەریەکەشییان دەیەوێت جارێکی تر حیزبەکە لەسەر پایەکەی ئەو و بە ڕوئیای ئەو لەسەر باڵەکەی ئەو بنیات بنرێتەوە کۆڵەکەی سەرەکی ھی خۆی بێت، ئەمەش بووەتە ئەستەمێک بۆ ئەو حیزبە کە چۆن بریار بدات بچێتە کۆنگرەوە ئەم ڕوئیا جیاوازانە یەک بخات و حیزبەکە چۆن لە پردی کۆنگرە بپەڕێنیتەوە.

ھەرچی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە ئەویش کە ھەنگاوی ناوازەی نا لە گۆڕینی سەرکردەکەی لە کۆنگرەی ڕابردوودا، تاکە حیزبیش بووە لە ڕابردودا کە کۆنگرەکانی لەکاتی خۆیدا بەستووە، بەڵام ھەرزوو پەشیمان بووەوە و لە سەرکردە گۆرین و چویەوە سەڕەوتی دراوسێکانی و گەڕایەوە سەر مۆدیلی خۆماڵییەکە کە مانەوەی سەرکردەیە لە سەر کورسیەکەی تا مردن، جگە لەوەی ئەویش لەسەر ئاستی ناوخۆیی گیرۆدەی دوو گرەوە، کە ئەویش سیاسەت و بانگەوازە، ببێتە پارتێکی سیاسی ڕووت یان پارتێکی بانگەواز یان جیابیتەوە بۆ ئەو دوو ئاراستە، یان چۆن ئەم دوو پەتە گرێدات بەیەکەوە، کە ئەڵبەتە ئەویش ئەو دوو پەتە ھی دوێنی و ئەمرۆ نیە بۆی گرێ نادرێت بەڵکو لە کۆنگرەی ٤ کە خۆم ئەندامێکی ئەو کۆنگرە بووم تۆوی دەرچوون لە حیزبێکی ئسیلامی بۆ حیزبێکی نیشتمانی و سیاسی لەوکاتەدا چەکەرەی کردبوو، خۆشم یەکێک بووم لە ھەڵگری ئەو بیرۆکە و ھەر لەوێشەوە کە لەوکۆنگرەدا ئەو بڕیارەی بۆ نەدرا ھەڵوەرین لەو حیزبە دەستی پێکرد، کە سەرەتاکەی بە وازھینانی مامۆستا عەبدول رەحمان سدیق و چەند کەسی تر دەستی پێکردو ھۆکاریش بوو بۆ لە دەستدانی چەندین کادری بەتوانای ئەو حیزبە، تا ھەنووکە بە بڕوای من کاتی ئاڵتونی بۆ یەکگرتوو ئەو کاتە بوو ئەو بریارە بدات ئێستا درەنگە.

ھەرچی کۆمەڵی ئیسلامیشە، ئەویش ڕووبەڕووی ئەو دوو ڕێگایە بوەتەوە بە ئیسلامی بمینێت یان ببیتە حیزبێکی سیاسی نیشتمانی، گەرچی مەسەلەکە لای کۆمەڵ قوڵترە ئەویش لەبەر ئەوەی لە ناو کۆمەڵی ئیسلامیدا دوو بەرەی دیدگا جیاواز بە زەقی ھەیە، کە بەرەیەکیان کراوەن و گرفتیان نییە چەند حیزبەکە بکرێتەوە، بەرەیەکی دیکەیان توندو داخراوتر بیردەکەنەوە، ھێشتا زۆرشتی ئەمەی کە ئێستاش  مومارەسەی دەکات کۆمەڵ لە گوتارو ڕاگەیاندن و بریارەکانی بە پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتی دەزانن، بۆیە بوترێت بڵین گرێکان لای کۆمەڵ ئەستەم ترن بیان کاتەوە کۆنگرەببەستێت.

بەکۆی گشتی ئەمانە، من بەش بەحاڵی خۆم کۆنگرەی ھیج کام لەوانە ئەگەر گۆڕانکاریەکی بە پلەی یەکەم لە گۆرینی سەرکردەکان و بە پلەی دووەم میکانیزم وئەجندای کار تێدانەبێت دڵخۆش و گەشبین نیم، چونکە ئەو سەرکردانە ڕاستە لەسەراتاکانەوە ئەندازیاری دروست بوونی ئەو حیزبانە بوون، بەڵام خۆشیان و جەماوەرو ژینگە سیاسیەکەشیان ماندووکردوە و سەردەمەکەش خواستی ئەندازیاری تری دەوێت بۆ کارکردن.

ئەگەر نا گەر بەبنێشت پینەکردنیش بێت پینەی کەن و ئەمجارەش کۆنگرە تیپەڕێنن، ئەو دەردانە دواجار دەبێتە کوشندە بۆ خۆیان و جەماوەر و ھەرێمەکەش، لە ٤ ساڵی داھاتوودا نەک ناتوانن بیر لە کۆنگرە بکەنەوە، بەڵکو دەبێت لە دەرەوەی ئەم فۆڕمە حزبییە بۆ شتێکی تر بگەڕێنکە ئیدارەی ئەو خەڵک و کۆمەڵگەیە بکات.