سەردێڕ:

چەند سەعاتێک لە بەغداد

12/4/2019 12:05:28 PM
7602 جار خوێندراوەتەوە
لاوک ئەبوبەکر
+ -

''شوێنی خۆیان لە مەینەتیدا،
ھەرگیز بە جێ ناھێڵن...''

پاش ئەوەی دوایین بازگەکانی کەرکووک تێدەپەڕێنیت، دەچیتە جوگرافیایەکەوە بە چاوانت نامۆن و فەزاکەی لەوە نییە کە لێوەی ھاتوویت. دەشتێکی ڕووتەڵ، ئاسمانێک کە بە دووکەڵ تەنراوە و بە ڕەنگی جیاواز جیاواز و غەریب دەیبینیت. بە درێژایی ڕێگەکە بۆنێکی ناخۆش ھەیە و ھەواکەی ھیی ھەڵمژین نییە. لە سەیارەکەوە خەڵکی ناوچە جیاوازەکان دەبینیت، ڕوخسارێکی غەمگین و جەستەیەکی شەکەتیان ھەیە، کە ئەسمەرییان زیاتر تراژیدی دەیاننوێنێت. بە دەگمەن بینایەک دەبینیت ڕێکوپێک بێت، ئەوەی ھەیە یان داڕووخاوە، یاخود لە سووچێکیەوە قەڵبەی پێوەیە. ئەوەی لەمە سەیرترە، بازگەکانن. سێکوچکەی تەشەیوع، سیستانی، کەم کەم سەدری باوک و کوڕ، ھەندێک جار ھادی عامری و ئاڵای ڕەش، بە زۆرینەیانەوە نەخشێندراون. شیشی موسەلەحەی دیواری ھەموویان بە دەرەوەیە، بەشێکیان تەپیون، لە بەردەم ھەندێکیاندا دەبابەی لەکارکەوتوو و ھامەری وەرگەڕاو ھەن. سەربازەکان - کە لە ھەر بازگەیەو سەر بە ھێزێکی سەربازیی ترن – بێباکانە پێت دەڵێن ''بڕۆ'' و کەمترین چاو بڕینە چاو و لێپرسینەوەیەکیان نییە؛ بگرە سەربازگە دەبینی کە کراوەتە دوکان و کاسبیی تێدا دەکرێت، ھەندێک جاریش شوێنی خۆگەرمکردنەوەی منداڵی سەربازەکان. شەقامە دووسایدەکان پێویستیان بە نێوانی ھەندەسی نییە، چونکە چی دەبە و پاکەت و زەرفە، لەوێدان و شۆستەیەکی تۆکمە و ئەستووریان دروست کردووە. پاشماوەکان لە ھەموو لایەکانن، بە ڕادەیەک زۆرن، کە دەتوانی بڕوا بە خۆت بھێنیت چی دەبە و پاکەت و زەرفی مرۆڤایەتییە، ئەوەتا لێرەدان. لەبەر ئەوەی ئەو ڕێگەیە ھیی ئەوە نییە تەنانەت ئاژەڵیش بەسەریدا بڕوات، زوو زوو و لەپڕ شەقامەکانی دەبنە یەکساید. شۆفێرەکە سەرکێشی دەکات و دووتەنییە خاوەکەی بەردەمی تێدەپەڕێنێت؛ تۆیش لە پێشەوە لۆرییەکی پڕ بار دەبینیت بەرەو ڕووت دێت. ئیتر چەند مەترێک لە یەکەوە دوور دەبین و شۆفێرەکە بە پێچێکی خێرا دێتەوە سایدەکەی خۆی. ئەمە بە دەیان جار. گلەیی لە شۆفێرەکە دەکەیت کە ئەوەندە بە عەساب ساردییەوە خەریکی ئەمەیە، ئەویش بێ ئەوەی مەبەستی بێت بەرگری لە خۆی بکات، دەست بۆ چاڵێکی گەورەی شەقامەکە ڕادەکێشێت و دەڵێت: ''ئەوە ھیی ٢٠٠٣یە. ھیی قومبەلەی ئەمەریکییەکانە.''

ھێشتایش دارخورماکان بە ویقارەوە ڕیزی دوورودرێژیان بەستووە و ناتوانیت بە حوزنەوە لێیان نەڕوانیت.

لە ناو غوبار و تەپۆتۆزدا، بازگەیەکی فراوان دیارە. ئەودیوی بەغدادە. ترپەکانی دڵت، ھاوشان لەگەڵ ئەو تووڕەییەی دیمەنەکانی پێشوو بۆیان بونیاد ناویت، خێراتر دەبن. تا ڕادەیەک پێت وایە ڕەنگە لێرەوە شتەکان باشتر بن، ڕێکخراوتر و شایەنی بینین بن. سەربازێک جامەکەمان پێ دادەداتەوە، ڕاست بۆنی ناخۆشی بەسەرتدا دێت. لایەکی ڕوتبەی پێوەیە و لایەکەی تری نا، کراسە چرچەکەی بە تەواوی لە ناو پانتۆڵەکەیدا نییە، چەکەکەی ناوە بە دیوارەکەی پشتیەوە و تەنکەڕیشێکی ھەیە. وەک ئەوەی جووڵەکانی خۆیی لە بەر کردبن، سەیرێکی ناسنامەکان و ڕوخسارمان دەکات و ئیزنمان دەدات.

ئیتر ئێرە بەغدادە؛ پایتەختی ''شەوە عەرەبییەکان''...

سەرەتای پایتەختە؛ شارێکی ڕەنگبزڕکاو، شارێک لە دەبە و پاکەتی ڕزیو، زەرف لەبری تەیرەکان بە ئاسمانیدا دەفڕن و ھێندەی پێیەک پاشماوە لەسەر جادەکانی بەرز بوونەتەوە. شارێک بێ تەنەکەخۆڵ... شتەکان لەم سەرەتایەی پایتەختدا ئاسایین، ژیان دەڕوا و پاسەوانی فەرمانگەکان دەبینیت. بەڵام کەم سەیارە و بەرزاییەک ھەن ئاڵایەکی پاکی پێچەوانەی ھەموو شتە پیسەکانی تر، پێوە نەشەکێتەوە. کۆمەڵێک باڵەخانە و شاڕێ و شتی نامۆت بەو فەزا لەتوپەتە دەبینی و دەستت بۆ ڕادەکێشا، دڵی خۆتت دەدایەوە و دەتوت: ''ئەوەتا، شتی جوان!'' بە بزەی تاڵەوە پێیان دەوتیت: ''ھیی سەردەمی سەدامە.''

جارێک یەکێک وتبووی: ''بەغداد کەلاوەیەکی گەورەیە.''

بەرە بەرە ژمارەی توکتوکەکان زیاد دەبن. خێرا و پەلە، بەدەم ھۆڕنلێدانی زۆرەوە تێدەپەڕن. ڕیزێک پایەی ئەمنی دەردەکەون، بە ڕەنگەکانی ئاڵا نەخشێندراون و بە گەورەیی لەسەری نووسراوە: ''ئێمە نەوەی داھاتووین''. ئێرە دەروازەی سەنتەری پایتەختە. دەچیتە ئەودیوەوە و سام دات دەگرێت. یەکێک لە ھاوڕێ بەتەمەنەکانی گرووپەکە، بە دەنگی بەرز ئەوەی وت کە ''ئێمە میوانین و دەبێت چاوەڕوانیی ئەوەمان ھەبێت ڕووبەڕوومان ببنەوە، لەو کاتانەیشدا ئێمە ئارام بین''. دەبێت بۆ وا بڵێت؟ بە حەزەرەوە دەڕۆیت. لەمبەر و ئەوبەری جادەکە، ڕیزی چادرەکان دەست پێ دەکەن. چادری کۆمەڵگەی مەدەنی، چادری ھونەرمەندان، چادری یەکێتیی بێکاران، چادری گفتوگۆ، چادری فریاکەوتنی خێرا، چادری شارەکانی تر، چادری پشووی خۆپیشاندەر و سەدان چادری دیکە بە ناونیشانی سەیر سەیرەوە، کە ھەر یەکێکیان بە شێوازی جیاواز و تایبەت بە خۆی چالاکی پێشکەش دەکات. لە چادری پشووی خۆپیشاندەر، کە کۆمەڵێک کچ و کوڕی گەنجی مەدەنی بە دیار کۆمەڵێک کتێبەوە دانیشتبوون و دیار بوو بەدەم گوێگرتن لە شیعرەوە پشووەکەیان دەدەن، دەستیان بۆ جامانەکەی ملم ڕاکێشا و چپاندیان. پێم وابوو ئاگاداریی ھاوڕێ بەتەمەنەکەمان ڕاست دەرچووبێت و پێش ئەوەی گەیشتبین، بڕۆینەوە. چەند کەسێکیان بەرەوڕووم ھاتن و یەکڕاست دەستیان بۆ جامانەکە برد. بە عەرەبی وتی: ''باکووری سووریا؟'' وتم: ''بەڵێ، ڕۆژئاڤا.'' ماچی جامانەکەی کرد و بە بزەیەکی شیرینەوە وتی: ''روجئافا.'' ئەو کتێبانەی سەلیم بەرەکاتیان پیشان دام کە لایان ھەبوو و بە کامێرای ئەوان وێنەمان گرت. ھەناسەیەک بە ھێمنی ھەڵدەمژی و ھەوڵ دەدەیت تێبگەیت ھێندەیش دوژمنت نین. دەڕۆیت و دەڕۆیت، وردە وردە سەرسووڕمان دروست دەبێت؛ چادرەکان کۆتاییان نایەت، ھەموو بە شەوقەوە بەخێرھاتنت دەکەن و دەزانن لە کوێوە ھاتوویت، دەستیان دەخەنە سەر سەریان. بەردەمیان کتێبە، سەروسیمایان مەدەنییە و دیوارەکانی پشتیانەوە پڕن لە ڕەنگ و کچان دنیایەک گرافیتیی ھونەرییان لەسەر کێشاون و ھێشتایش بەردەوامن. دەگەیتە قەرەباڵغی و بەرامبەرت دیواربەندەکەی جەواد سەلیمە... ساحەی تەحریر!

ئیتر تۆ لە ناوجەرگەی ئازادترین جوگرافیای دنیادایت.

وێنەی گەنجێکی قۆز بە گەورەیی ھەڵواسراوە و لەسەری نووسراوە: ''شەھیدان شانازیمانن، بە خوێنتان سەر دەکەوین!'' ئەو یەکەم شەھید بووە. ئیتر ئاپۆڕای وێنە و دۆکیومێنتی شەھیدەکانی تر دەست پێ دەکەن. چادرێک تایبەت کراوە بەو شتانەی شەھیدەکان دوای خۆیان جێیان ھێشتوون؛ کڵاو و جامانە و بلووز و پانتۆڵ و ئاڵا و تانەنەت قاوغی گوللەکانی سەر سنگیان و... ھەموویان خوێناوی. لە سووچێکدا چوار شیش بە چوارگۆشەیی چەقێندرابوونە قیرەکە و بە قردێلەی سوور گیرابوو. یەکێک لە گەنجەکان لەوێدا شەھید بووبوو، ھێشتا خوێنی بە ئەرزەکەوە بوو؛ وێنەیەکیشی، بە بزەوە. سەرسام لە ناو ئەو فەزا شۆڕشگێڕانەیەدا، ھەموان، زۆرینە گەنج و کەم بەتەمەن، چواردەورمان دەگرن و ھەر یەکەو بە جۆری خۆی بەخێرھاتنمان دەکات: ''یاخوا بە خێر بێن!'' ''ئێوە تاجی سەرمانن!'' ''کوردستان لەگەڵمانە!'' کوردستان! بەشێک لە ئێمە دەیانوت لە ''ئیقلیم''ەوە ھاتووین، ئەوانیش بە ''کوردستان'' ناویان دەھێنا. زۆریان لێ دەکردین دروشمی کوردی دابڕێژین و عەرەبییەکەی بەوان بڵێین، تا پێکەوە بیانڵێینەوە. دانیشتین و کەوتینە قسە، ئێمە قاوەی عەرەبی و ئەوان گەزۆی سلێمانییان خوارد. حەزم کرد وێنە لەگەڵ یەکێکیاندا بگرم، کە جلوبەرگی عەرەبیی پۆشیبوو. بۆ دەم تاقیکردنەوە پێم وت: ''جامانەکەی تۆ عەرەبی و ئەوەی من کوردییە.'' بە بزەیەکەوە وتی: ''ھەردووکمان مرۆڤین.'' ئەمە و ئەو خۆشحاڵی و دەم تاقیکردنەوانەی تر، وردە وردە ئەو گومانەی لا دەڕەواندیتەوە کە ئەوان ئەو گورگەیش نین بۆ مافەکانی ئێمە لە بۆسەدا بن، خۆیان جەختیان لەوە دەکردەوە شەڕەکەیان بۆ ژیانە و ئەوە ئەوان نین دژی نەتەوەیەکی دیاریکراو بن، ئەوە دەستەبژێرە تازەپیاکەوتووەکانن شۆڤێنین. ئیتر لەو گفتوگۆیانەوە – کە ھیچیان موجامیلانە نین - لەوە تێدەگەیت سیاسییەکانی تۆیش لە ڕێککەوتننامە و خانەنشینییەکانی خۆیان دەترسن و بە پاساوی ئەم مادە و ئەو مادە، وەھمی پێکەوەنەژیان و شۆڤێنیزممان لا قەبەتر دەکەن. بەدەم ڕامان لە دیواربەندەکەی جەواد سەلیم و ئەم بیرکردنەوانەوە، کۆمەڵێک گەنجی بەھێز و بریندار، بە درع و کەلوپەلی بەرگری و تیمارکردنەوە بەرەوڕوومان دێن. ئەوان ''مودەرەعەکانی تەحریر''ن. ھیلاک و ماندوو تەوقە لەگەڵ ھەموومان دەکەن. بەڵام بۆ لە شوێنێکی ترەوە؟ ئاخر لای ''مەتعەم تورکی'' بوون... ئیتر بەردەم دیواربەندەکەی تەحریر سەکۆی ڕاپەڕیوەکان نییە، ئێستا باڵەخانەی مەتعەم تورکی سیمبولی ڕاپەڕینی ئەم جارەیە. بەرز و ھەوربڕ، ھەمووی بە دەست خەڵکەوەیە و ژوور ژوور بە ناوی شەھیدەکانەوە جیا کراونەتەوە، ھەمیشە گفتوگۆ و خۆڕێکخستنەوەی تێدا دەکەن. لە خوارەوە ھەواڵ دەڕوات و لە سەرەوە دروشم و دەنگی بەرز دەبیسترێتەوە. لەمەوە دەزانیت ئەوان خۆبەڕێوەبەرێتییەکیان ھەیە!

چادرەکان چەند ھەرێمێک و بەتەمەنەکان بەڕێوەبەران و گەنجان پارێزەر: خۆبەڕێوەبەریی تەحریر.

بەدەم بزەی دوای شۆکبوونەوە، لەپڕ لە ناوەڕاستی جادەکەدا توکتوکێکی سووتاو دەبینیت. شۆفێرە منداڵەکەی لە پاڵیدایە، دیارە خۆیشی بەشێکی ڕوخسار و جەستەی سووتاوە. بە گەورەیی لەسەری نووسیوە: ''ئەمە توکتوکەکەی عەباسە، لەوانەی سەرەتای شۆڕش کە برینداران و شەھیدانی دەگواستەوە. پێویستی بە یارمەتییە.'' پلاسکۆیەکیش کە بڕێک پارەی تێدا بوو، لە بەردەمیدا. ئەم ھاوپشتییە نامۆیە، لە چادرەکانیشدا کوڕان و کچانی قۆز و شیکپۆشت دەبینین، بە دیار ھاوڕێ بریندارەکانیانەوە ئێشکیان دەگرت، ھەندێک چێشتیان لێ دەنا، ئەوانی تر کەلوپەلی گوزەرانیان دەگواستەوە، بەشێک پشووی دەدا و ئەوانی تر چالاکییان دەکرد. ئەمانە نامۆن. چەند مەترێکی تر و مارکس، گیڤارا، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ و... مەبەستم ئەوە نییە بیرم لەمان کردبێتەوە، نا؛ ڕاپەڕیوەکان بیریان ھێنامەوە ئەم ستایلە ھیی ئەوانە. وێنەکانیان، بە وتە ھەرە بەناوبانگەکانیانەوە؛ بە چادرێک و دیوارێک و بە توکتوکێکەوە نا، بە سەدان و ھەزارانەوە. ''شۆڕشەکان دووبارەبوونەوەی مێژوون.''

شۆڕش لە کوێ بێت، تارمایی ئەوانیش لەوێیە.

لە چوار شوێنی سەرەکی ڕاپەڕین دەستی پێ کردووە: ساحەی تەحریر، پردی جمھوری، پردی ئەحرار و پردی سنک. خەڵک تەواوی ساحەی تەحریر و دەروازەی پردی جمھورییان گرتووە، کە دەیانگەیەنێت بە ناوچەی سەوز. شەڕە سەختەکە لە پردی ئەحرار و سنکە. خۆیان واتەنی، دەوڵەت ''دەستی لە ساحەی تەحریر شتووە'' و دڵنیایە جارێکی تر دەستی ناکەوێتەوە؛ مەگەر قەتڵوعام. بۆ چوونەناو ھەر یەک لە شوێنە ڕزگارکراوەکان، ڕاپەڕیوان خاڵی پشکنینی خۆیان داناوە. دوو گەنج بە دەموچاوی بەستراو و ھەر بۆ ئەوەی ھەست بەوە بکەیت دەچیتە شوێنێکی ڕێکخراوەوە، پشکنینێکی ھاکەزاییت دەکەن و تۆیش ناتوانیت لە ئاسایشی خۆت دڵنیا نەبیت. دوایین خاڵیان لە پردی جمھوری، کە خاشاکێکی زۆری شەڕی دوێنێی لێ بوو، پاک دەکردەوە و لە سەروویەوە ژوورێکی بچکۆلەی بە نایلۆن دروستکراو ھەبوو، وتیان کە شتێکە وەک ''ژووری عەمەلیات''. گەر تۆزێک سەرەتاتکێت بکردایە، لەوسەرەوە ھێزەکانی حکومەتت دەبینین. دەیانوت کە دڵنیا نیین سوپان، حەشدن، یان کێن. عەسائیب و کوتلە کوتلەی سەربازیی جیاوازن و بگرە ھەندێکیان جلوبەرگێکی فەرمییان لە بەردا نییە. گومانەکە ئەوە بوو ھیی ئێران، یان ھەر بەشێکیان ھیی سەرکردەیەکی سیاسیی دیاریکراو بن و دەمودەست بۆ شەڕی خەڵک کۆیان کردبێتنەوە و ھەموو خەمیان ئەوە بێت نەھێڵن خەڵک بگاتە ناوچەی سەوز و کۆنسوڵی ئێران. ڕەنگە تا ئێرە مەترسییەکی کەم لەسەر ژیانی خەڵک بێت؛ ئەوانەی ژیانیان خەتەری لەسەرە، گەنجانی خوار پردی جمھوری و سەر ڕووباری دیجلەن. لەوێ چادرێکی بچووک بۆ کەلوپەلە خێراکانی شەڕ، لە وێنەی ھەڵمات و دارلاستیک و تەقەمەنی و تەڵقەتەنوورە - کە بەھێزترین چەکەکانن - دانراون و بە نرخێکی زۆر کەم دەفرۆشرێن. کۆمەڵێک گەنج، ھەندێک جار بە فیکە و دروشم، لە بەردەم یەکێک لە بانکە ئەھلییەکانەوە، کە قوفڵەکەی نەشکێنراوە و ناوەوەی وەک خۆی ماوەتەوە، ئیستیفسازی سەربازەکان دەکەن، ئەوانیش یان گوللە، یاخود گازی بیبەریان تێدەگرن. گەنجێک وەک ئەوەی نمایشێکی ستاندئەپ کۆمیدیمان پێشکەش بکات، بە شەوقەوە بەخێرھاتنی کردین و بۆی گێڕاینەوە چۆن گازێکی تێگیراوە و نەتەقیوە. لە گیرفانی دەری ھێنا و ڕۆی کردە سەر دەستی، شتێکی وەک بیبەر تیژ، زۆر تیژتر بوو. ئێمە خەریک بوو تەنگەنەفەس بین، ئەو پێکەنیی و وەک تلیاک ھەڵی مژی: ''ئێمە ڕاھاتووین.'' ڤیدیۆم دەگرت، لەپڕ چاوی چووە سەر کامێراکە و وا قسەی کرد کە نابێت. داوای لێبوردنم لێ کرد. بە بزە ھەم خەم و ھەم پێکەنینھێنەرەکەیەوە، مەچەکی گرتم و دەستی ڕاکێشا بۆ چینکۆیەکی بەرز، لە ئاستی سەربازەکان، کە ئاڵایەک لەسەری دەشەکایەوە: ''نا، مەبەستم ئەوە نەبوو. من ھەموو کات لەوێدام. بەرامبەریان. لەوێ ڤیدیۆم بگرە، لەم نزماییە پێم شەرمە.''

ناتەوێت، بەڵام ناچاریت بڕۆیتەوە. بەدەم خەونبینین بە ژیانێکی شۆڕشگێڕانەوە، بە کوێدا ھاتوویت، دەگەڕێیتەوە؛ دیسان ھەمووی دەبینیتەوە. نووسینی سەر توکتوکی گەنجێک نەبێت:

''وەک بیرکاری دەمێنمەوە؛ ئەوەی تێمنەگات عاشقم نابێت.''

 

‌بەپەلە