سەردێڕ:

مەخمور لەنێوان سێ کوچکەی ھەولێر، موسڵ، کەرکووک دەسووتێ

5/13/2020 9:30:43 PM
5733 جار خوێندراوەتەوە
نەجات ئەحمەد
+ -

ھێشتا برینی دڵی جووتیارەکانی قەزای مەخموور و ناحیەکانی بەھۆی سووتانی گەنم و جۆی پار ساڵیان سارێژنەبووە و قەرەبوونەکراونەتەوە، خەریکە ئەمساڵیش جەرگی خۆیان بەشیشەوە دەبینن و جگە لە خەڵکە خۆنەویستەکەی ئەو قەزایە کەس خۆی لێناکاتە ساحێب.

ھەمیشە وابووە ساڵانە جوتیارەکان لە مانگی پێنج و شەش چاویان لە دوورینەوەی بەرھەکانیانە کە بۆ ماوەی ساڵێک چاوەڕێی دەکەن و تا بەری رەنجیان بدوورنەوە، کەچی بەداخەوە بەھۆی بێ موبالاتی دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم خەریکە ئەمساڵیش وەک ساڵی پار ھەناسە سارد دەبنەوە، ئەمڕۆ بەھۆی لەخۆبردوی خەڵکەکەی نەبووایە کە بە کەرەستەی سادەی خۆیان رێگریان لە زیادبوونی ئاگرەکرد و کوژاندیانەوە ئەگینا وەک ساڵی پار زۆربەی بەروبوومەکەیان دەسووتا.

ئاخر ھێشتا دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەیانتوانیووە قەرەبوی سوتانی بەروبوومەکانی ساڵی پاریان کە بەدەستی داعش و عەرەبە شۆڤینەکانی ناوچەکە سوتێندران بکەنەوە کە دەسەڵاتدارانی ھەرێم  نەیانتوانی بیانپارێزن، واخەریکە ئەمساڵیش رەنج بەخەسار دەبنەوە دیسانەوە دەبنە قوربانی دەستی ململانێکانی پارتی و یەکێتی، لەملاشەوە حکومەتی عێراق وا ئەو ناوچەیە و بەروبوومەکانیان دیسانەوە بەدەستی پاشماوەی داعش کە لە چیای قەرەچوغ خۆیان حەشارداوە و عەرەبە شوڤێنەکان کە دزە دەکەنە ناوچەکە و گەنم و جۆی ھاوڵاتیان دەسووتێنن و کەسیش بەھانایانەوە ناچێت و دیسانەوە جگە لە فەلاحەکانی ئەو ناوچەیە زیانی بۆ ئابووری ھەرێم و بەغداش ھەیە.

قەزای مەخموور کە قائیمقامەکەی ھەمیشە لە ھەولێرە و بۆ دانراوە و مەخمووریش نەبووە و  لەرووی یەکەی ئیداریشەوە سەر بە موسڵە و وەک دەڵێن کەشوھەواکەشی سەر بە کەرکوکە. مەخموور ناوچەیەکی کشتوکاڵیە و زۆربەی دانیشتوانی خەریکی کشتوکاڵ و مەڕدارینە و لەناحیەکانی گوێر و دیبەگە و قەراج و مەلاقرە پێکدێت و لەساڵی ١٩٢٧ەوە بۆتە قەزا و سایلۆیەکی عەمبارکروای گەنمی لێیە کە بە دووەم گەورەترین سایلۆ لەدوای بەسرە ھەژماردەکرێت، ساڵانە توانای عەمبارکراوی گەنمی بەشێکی زۆری عێراق و ھەرێمی ھەیە و بەھۆی فرەوانی ناوچەکە و لەباربووی بۆ کشتوکاڵی گەنم و جۆ توانایەکی زۆری ھەیە تاسوودی لێ وەربگیرێت.

تا ئێستا کەمترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە مخمور و ناحیە و گوندەکانیش کراوە و بەھۆی ھاتنی داعشیش لەساڵی ٢٠١٤ەوە تووشی دەیان نەھامەتی ھاتووە و خەڵکەکەی بەدەست دەیان کێشەی ئیدارییەوە دەناڵێنێت، لەدوای روخانی خەلافەتی داعش لە موسڵ زۆرجار خەڵکی ناوچەکە باسی بوونی چەکدارانی داعش لە چیای قەرەچوغ دەکەن و دەڵێن زۆرجار دەیانبینین و ھاتوونەتە نێو گوندەکانیشەوە، ھەرچەند لەماوەی رابردوو ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە فرۆکە بۆردمانی چیای قەرەچوغیشیان کرد و دواتر ھێرشی سەربازیشیان کردە سەریان، بەڵام خەڵکی ناوچەکە ھەمیشە ھەستی بوونی پاشماوەی داعش لە ناوچەکە دەکەن و ھەمیشەش مەترسیەکانیان بۆ سەر ژیانی گوندنیشنەکانی ئەو ناوچەیە خستووەتەڕوو.

خەڵکی ئەو ناوچەیە لەکاتی داچاندنی بەروبوومەکانیان تووشی ھەڕەشەی بوونی داعش و عەرەبە شوڤێنیەکان لەناوچەکە دەبنەوە و لەکاتی دوورینەوەی بەروبوومەکانیشیان ترسی سووتاندنیان ھەیە و وەکو ساڵی پار زۆربەی بەروبوومەکانیان بسووتێنن، بۆیە ناکرێت دەسەڵاتی ھەرێم بە دیار مەرگی سوتانی بەروبوومەکانی جووتیارانی ناوچەکە دانیشێت و چاوەڕێی سوتاندنیان بکەن، پێویستە دەستبەجێ کار بۆ دوورخستنەوەی مەترسیەکانی ئەو چەکدارانەی کە لەناوچەکە ھەیە بکات و لەخەمی پاراستنی بەروبوومی ئەو ناوچەیەشدابن لەگەڵ جووتیارانی ناوچەکە ئێشک لەدیار بەرھەمەکانیان بگرن، چونکە بێ ئەوەی قەرەبووی سوتانی پار ساڵیان بکرێنەوە وا دیسان قەزای مەخمور کەوتۆتە بەر لێشاوی سوتانی بەرھەمی جوتیارانی ناوچەکە.

بەربوومی ئەو ناوچەیە ئەگەر بەباشی خزمەت بکرێت و پەرەی پێ بدرێت و ساڵانە یارمەتی جووتیارەکانی بدرێت توانای بەرێوەبردن و دابینکردنی بەشە ئارد و دانەوێڵەی ناوخۆی ھەیە دەتوانێ ووڵاتێک بەرێوە ببات، بەڵام بە ھەرێم و عێراق نەیانتوانیوە مەخمور بەرێوە ببەن، واخەریکە لەنێوان سێ کوچکەی ھەولێر و موسڵ و کەرکوک دەسوتێ.