سەردێڕ:

شاری دھۆک گۆڕستانە بۆ ھەندێک کەس و ئاشتی و پێکەوە ژیان بۆ ھەندێکی تر

11/17/2019 3:26:42 PM
5853 جار خوێندراوەتەوە
فاروق عومەر
+ -

ئەمڕۆ لە چەند سایت و ماڵپەڕێکی کوردی بەتایبەتی ئەوانەی کەڕاستەوخۆ سەر بەپارتین یاخود بەجۆرێک لەجۆرەکان نزیکن لیێ، وا بڵاوکرایەوە کە دھۆک خەڵاتی شاری ئاشتی جیھانی بەدەستھێناوە، گوایە دھۆک بە شاری پێکەوە ژیان دەناسرێت، ھەر بە بینینی مانشێتەکان ڕاچڵەکیم و بڕوام نەکرد کە وەھا بە ئاسانی سوکایەتی بە چەمکی ئاشتی و پێکەوە ژیان بکرێ، پرسیم ئاخۆ ئەوە چ ناوەندێکە وەھا بڕیارێکی داوە و بێ ئاگا لەوەی لە شاری دھۆک: 
١-بە ڕۆژی ڕۆناک ڕۆژنامەنووس تیرۆر دەکرێ و بکۆژەکان بەئاشتی و سەربەستی دەسوورێنەوە.
٢-دز و گەندەلەکان دیار و ئاشکران و یاساش تەنھا ھەژار و بێ دەستھەڵاتەکان دەگرێتەوە و سەدان کەسی بێ گوناحیش لە سووچی زیندانەکان دا چاوەڕیێ یەکلایکردنی کەیسەکانیان دەکەن.
٣- چاڵاکوانەکان لەسەر کۆمێنتێک یان پۆستێکی ڕەخنەیی دەستگیر دەکرێن و سوکایەتیان پێ دەکرێ.
٤- مۆڵەت بۆ سازدانی خۆپیشاندانەکان نادرێت و ھەر کاتێ خۆپێشاندانێک ل دژ دەستھەڵاتی شارەکە یاخود بەرژەوەندیەکانیان ئەنجام دەدرێ، ڕێکخەرەکان و خۆپیشاندەرەکان دەستگیردەکرێن و سوکایەتیان پێ دەکرێ و بەبیانووی نەبوونی مۆڵەتەوە ڕاپێچی زیندانەکان دەکرێن.
٥- ھەر فەرمانبەرێک ڕەخنە بگرێت یان داوای مافی خۆی بکات دەردەکرێ یان دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی دوور.
٦- چاڵاکوانان و ڕۆژنامەنووسان دەستگیردەکرێن و لێیان دەدەرێ و سوکایەتیان پێ دەکرێ و تەنانەت تیرۆردەکرێن، ئەکرێ بڵیێن دھۆک گۆڕستانی پیشەی ڕۆژنامەوانی و چاڵاکوانی ڕەخنەگر و ناڕازیە.
٧. سیاسەتمەدارەکان و ئەندامانی تەواوی حزبەکان ( بێجگە لەوانەی کە لەژێرەوە لەگەل پارتی ئیش ئەکەن) جگە لە پارتی، ژیانیان گەرەنتی نیە و زۆربەیان رووبەرووی ھەڕەشەی گرتن و لێدان و تەنانەت کوشتنیش دەبنەوە.
٨- نزیکەی ٢٠ بنکەی میت و سوپای تورکیا لە سنووری پارێزگاکە ھەن و نزیکەی نیوەی خاکەکەی لەژێر ھەژموونی دەستھەڵاتی خۆجیێی نیە و بەردەوام تۆپباران و بۆمبەباران ئەکرێ.
بەھیچ پێوەرێک دھۆک لە ئێستادا  بە شاری ئاشتی و پێکەوە ژیان نابینم مەگەر بەو پێوەرەی کە دز و گەندەڵ و بکۆژ و مافیا و یاساشکێن و زۆردار و سەرانەوەرگر و خاکفرۆش بە ئاشتیانە بەیەکە دەژین و خەڵکی خێرلەخۆنەدیوی پارێزگاکەش  بەنەچاری لە گۆڕستان دا دەژین.