سەردێڕ:

بەرەو ئاشتبوونەوەی ئەنەکەسە لەگەڵ ئیدارەی رۆژاڤادا

11/16/2019 9:49:33 AM
4674 جار خوێندراوەتەوە
ئارام ڕەفعەت
+ -

بەپێی ھەواڵەکان ژەنەڕاڵ کۆبانێ سەردانێکی سێ رۆژی بۆ باشوری کوردستان کردووە و لەمیانی سەردانەکەیدا چاوی بە سەرکردەکانی ئەنەکەسەش کەوتووە.
ھەنگاوێکی درووست
ئەم گفتوگۆ و لە یەک نزیک بوونەوەیە ھەنگاوێکی درووستە لە بەر چەند ھۆکارێک، لەوانەش: 
یەکەم: ژەنەڕاڵ کۆبانێ چەندین جار گوتوویەتی ھێشتا مەترسی لەناوچونی سەرجەم ئەزموونی رۆژاڤا لە ئارادایە. خوانەکردە، گەمییەکەی رۆژاڤا نقوم بێت، ھەموو سەرنشینەکانی بە ئەنەکەسەییەکانیشەوە تێیدا نقوم دەبن. 
دووەم: لە ئێستادا رۆژاڤا پێویستی بە کەمترین سەنگەری دژبەر ھەیە. بە تایبەتی سەنگەرە دژبەرەکانی ناوخۆ. ئاشتبوونەوەی ئەنەکەسە لەگەڵ ئیدارەی رۆژاڤادا ھەم رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردییە و ھەم کەمکردنەوەی دژبەرێکی ئیدارەی رۆژاڤایە.
سێیەم: چیتر تورک و ئۆپۆزسیۆنی سووری ئاوا دەستئاوەڵا نابن لە ئیستیغلالکردنی کێشەی ئەنەکەسە لەگەڵ ئیدارەی رۆژاڤادا و چیتر ناتوانن وەک جاران ئەنەکەسە وەک داردەستێک بەکار بێنن. لە حەوت ساڵی رابردودا، بەردەوام ئەنەکەسە گرفت و سەرئێشەیەکی ناوخۆیی بووە بۆ رۆژاڤا. زۆرجار ئەنەکەسە رەواییی داوە بە کردەوە دوژمانکارانەکەی تورک و چەتەکانی بەناو ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سووری و بەشێکیش بووە لە ھەڵمەتی راگەیاندن دژی رۆژاڤا.
چوارەم: لە یەک مانگی رابردوودا، ئیدارەی رۆژاڤا ناچار بووە کە رێگە بەھاتنە ناوەوەی ھێزەکانی روس و ئەسەد بدات بۆ ناو رۆژاڤا، لەھەمان کاتدا ناچار بووە کە قەبوڵ بکات تورکەکان بە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر و بە درێژایی دەیان کیلۆمەتر بەناو خاکی رۆژاڤادا لەگەڵ روسەکان دەورییەان ھەبێت. بە ھەموو  پێوانەیەک روس و سوریەکان داگیرکەرن و ئەنەکەسە و پێشمەرگەی رۆژ خاون ماڵن. مادام لە ناچاریدا رێگە بە داگیرکەر دراوە بێنە ژوورەوە، بە ھەموو پێوەرێک دەبێت خاوەن ماڵیش رێگای پێ بدرێت بگەڕێتەوە.
گەڕانەوە بۆ ریزی نیشتیمانی
ئەنەکسە لە ٧ ساڵی رابردوودا لە دۆخێکدابووە، کە دەکرێت بە دۆخی کرێگرتەیی (مورتەزەقەیی) بۆ تورک و بەناو ئۆپۆسزیۆنی سوری ناو بنرێت. ئێستا ھەلێکی زێڕینە لەم دۆخە خۆی رزگار بکات. نابێت چیتر ئەنەکەسە بەشێک بێت لەو میحوەری شەڕەی کە لەدژی کورد پێکھاتووە، میحوەری ھاوپەیمانی تورک و ئۆپۆزسیۆنە جیھادیستە سوریەکان.
ئەنەکەسە پێویستی بەھەنگاوی جەریئانەیە
ئەنەکەسە دەتوانێت بەسەر ئەو گرێ دەروونییەی سەرکردەکانیدا زاڵببێت و بگەڕێتەوە ریزی نیشتیمانی رۆژاڤا. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت کۆمەڵێک ھەنگاوی جەریئانە ھەڵبێنێت، ھەڵبەت ئەگەر ئەنەکەسە بەراستی لەخەمی مانەوەی رۆژاڤادایە،
یەکەم ھەنگاوی ئەنەکەسە کۆتایی ھێنانە بە ھاوپەیمانێتی لەگەڵ چەتەکانی ئیئتیلافی سووری.
دووەم ھەنگاوی ئەنەکەسە دەبێت بەرەسمی ناسینی ئەزموونی رۆژاڤا بێت. 
سێیەم ھەنگاویشی دەبێت بەرەسمی ناسین و رێز لێنان بێت لە قوربانییەکانی رۆژاڤا. ئەزموونی رۆژاڤا بە قیمەتی زیاتر لە ١١ ھەزار شەھید و ٤٠ ھەزار بریندای شەڕڤانان و قوربانی دان و ماندوبوونی سەدان ھەزارکەسی تر ھاتۆتە ئاراوە. 
چوارەم ھەنگاویشی دان بە ئەمری واقیعدا بنێت، ئەویش بە باڵادەستی و حوکمڕانی پەیەدە و قەسەدە.

ئەنەکەسە لە ٧ ساڵی رابردوودا ھەموو جۆرە پاشکۆییەتییەک و پەراوێزخستنێکی لە چەتە سووریەکان قەبوڵکردووە و ھیچ کێشەی نەبووە، بەڵام کە ھاتۆتە سەر رێککەوتن لەگەڵ پەیەدە و شەڕڤاناندا ھەمیشە داوای برابەشی و کەمێک زیاتریشی کردووە. دەبێت ئەنەکەسە دەسبەرداری ئەم دواڵیزمە بێت و لەم قۆناغەدا ئەمری واقیع قەبوڵ بکات.

بەررسیارێتی ئیدارەی رۆژاڤا
لەبەرامبەر ئەم ھەنگاوانەی ئەنەکەسەدا، دەبێت ئیدارەی رۆژاڤا وەک ھێزێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی پێشوازی لە ئەنەکەسە، بەھەموو حیزب و کەسایەتییەکانی ناو ئەنەکەسە بێ جیاوازی وە ھێزی پێشمەرگەی رۆژ بکات و لە سەرجەم ئۆرگانەکانی رۆژاڤا جێگای شایستەی خۆیان بداتێ. دەبێت ئیدارەی رۆژاڤا ئەنەکەسە دڵنیا بکاتەوە کە ئەوان ھاوبەش دەبن لەئیدارە و بڕیارە چارەنووسازەکاندا نەک پاشکۆ. 
کورد ئەگەر جاێک ناچار بێت تەنازولی تاڵ بۆ دوژمنەکانی بکات، ھەزار جار ناچارە تەنازولی تاڵ بۆ یەکتری بکات. 
ھیوادارم ئەم ھەوڵ و دەسپێشخەرییەی ژەنەڕاڵ مەزڵوم سەرکەوتوو بێت.