سەردێڕ:

ھەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی ژمارە (۹) ھەنگاویکی تر بۆ بارگرانی دەوڵەت

11/13/2019 9:22:14 PM
12982 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حاجی ڕەشید
+ -

ئەنجومەنی وەزیران بەپەلە یاسای ھەمواری خانەنشینی ژمارە(۹)ی ساڵی ۲٠۱٤ ناردوە بۆ پەرلەمان بۆ ھەموارکردنی، لەڕێگەی ئەم ھەموارەوە دەیانەوێت ژمارەیەک پلەی وەزیفی و دامەزراندن زیاد بکەن، بەڵکو توڕەیی جەماوەر و خەڵک ھێور ببێتەوە و لە ھۆکارەکانی ھەمواری ئەم یاسایەدا ھاتوە بۆ دۆزینەوەی فرسەتی زیاتری کارکردن،بەبێ ئاگابوون لەوەی ئەم ھەموارە ھێندەی تر باری سەرشانی حکومەت قورس تر دەکات لەبەر ئەم ھۆیانەی خوارەوە:

١-ھەموو یاساکان یان ھەموارکردنەکان کە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەنێرێت بۆ پەرلەمان، دەبێت بە ئەنجومەنی دەوڵەتدا تێپەرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئەم یاسایە یان ھەموارەکەی ناکۆک نابێت لەگەڵ دەستوری ھەمیشەییدا و دواجار ھەڵچنینی یاسایی گونجاوی بۆ بکرێت، کەدوای پرسیار کردن بۆمان دەرکەوت کە بەئەنجومەنی دەوڵەتدا تێنەپەڕیوە.

۲- ئەم ھەموارە بەھیچ شێوەیەک دەستەی گشتی خانەنشین نەیدیتووە، تا لێژنەی مالی میوانداری بەرپرسی دەستەیان کرد، ئەوەش وادەکات ئەم ھەمواری یاسایە زۆر کەمو کوڕی لەخۆبگرێت حکومەت نەزانێت تێچونی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە چەندە.

۳- ئەم ھەموارە لەدوو بڕگەدا تەمەنی خانە نشینی کەم کردوەتەوە بەبێ گوێدانە ھیچ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەک کەدەرئەنجامەکانی بەرەو چ کارەساتێک دەڕوات:

یەکەم : تەمەنی خانە نشینی کەم کردوەتەوە لە ٦٣ ساڵەوە بۆ ٦٠ ساڵ، بەوەش بەحسابی خۆی نزیکەی (۲۱٠) ھەزار پلەی وەزیفی کە (۱۳۹) ھەزار نێرو (۱٦۳) ھەزار مێینە خانە نشین دەبن و شوێنەکانیان بە گەنجانی دەرچووی کۆلێژەکان پڕدەکرێتەوە ،لەکاتێکدا ئەو فەرمانبەرانەی ئەم بابەتە دەیانگرێتەوە ژیانی خۆیان لەسەر ٦۳ ساڵ تەرتیب کردوە وبنەمایەکی یاسایش ھەیە کە دەڵێت (العقد شریعە المتعاقدین) کەپیچەوانەیە لەگەڵ ئەم بنەمایەدا.

دووەم : فەرمانبەر بۆی ھەیە خۆی خانە نشین بکات بە ویستی خۆی ئەگەر تەمەنی لە (٤٥) ساڵ و خزمەتی (۱٥) ساڵی ھەبێت، ئەمەش وادەکات کە (۱۱٦) ھەزار فەرمانبەر دەتوانن ئەوە فرسەتە بقۆزنەوە، بەحوکمی ئەوەی کەمترین موچەی خانەنشین لە عێراقدا (٤٠٠) ھەزار دینارە بۆ کەسێک کە خێزانی نەبێت، یان (٤٦٠) ھەزار دینار ئەگەر جگە لە خۆی دووکەسی تر بەخێو بکات، ئەم (۱۱٦) ھەزار فەرمانبەرەش موچەکانیان نزیکە لە (٤٦٠) ھەزار دینار، بەبێ ئاگا لەوەی ئەگەر ئەمانە ئەو فرسەتە بقۆزنەوە ئەوا بەحکومی ئەوەی (۱٥) ساڵ خزمەتیان ھەیە واتە سیڤیەکی دەوڵەمەندیان ھەیە، بەواتایەکی دیکە بڕی (٤٦٠) ھەزار لە حکومەت وەردەگرن و دەشچن لە کەرتی تایبەت کارێک دەدۆزنەوە، چونکە تائەمان وەستابن کەرتی تایبەت ناچیت خەڵکی بێ ئەزموون بخاتە گەر بۆ کارکردن واتە موچەیەک لە حکومەت وەردەگرن و فرسەتی کەسێکی تازە دەرچووش دەگرن و بێکارێکیش بۆ حکومەت زیاد دەکەن کە خۆپیشاندانی لەدژ بکات.

٤- بۆ مەبەستی ئەم ھەموارەی کە بڕیاریان داوە تێی پەڕێنن لێژنەیەکی (۹) کەسیان پێک ھێنا، شەش ئەندامی لێژنەی دارایی و سێ ئەندامی لێژنەی یاسایی، کە لەسەر پێشنیاری جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بەرێز حسن الکعبی و سەرۆکی لێژنەی دارایی بەڕێز ھەیپەم الجوری بوو بۆ دوا بڕیاری ھەردوو لێژنە.

٥- گرفتی سەرەکی ئەم ھەموارە ئەوەیە لە کوێ پارە بەدەست دەھێنن بۆ تازە دامەزراندن، لە کاتێکدا بە ئامادە بوونی زۆرینەی "لێژنەی دارایی، لێژنەی یاسایی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، بەرپرسی خانەنشینی گشتی"، ئەم پرسیارەم ئاراستەی بڕێوەبەری گشتی بوجە لە وەزارەتی دارایی بەڕێز گیف سامی کرد، کە خەرجیە پێویسەکانی دەبێت بدرێت بۆم حساب بکات لە خەمڵاندنی داھاتی گشتی، کە بەشیک لە خەرجیە گشتیە پێویستەکان بڕی زیاتر لە (۹۸) ترلیۆنە بەرانبەر (۸٤) ترلیۆن داھات کە عێراق ھیچ نەکات لەوەبەرھێنان شتی تر بڕی (۱٤) ترلیۆن کورت ھێنانی دەبێت .

٦-گرفتێکی تر کەتا ئیستا باس ناکرێت ئەوەیە کە ئایا ئەم دامەزراندنە تەنھا بۆ ئەو ناوچانەن کەخۆپیشاندانیان کردوە یان بۆ ھەموو عێراقە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە .

۷- یەکێک لەمەسجە ھەڵەکان کە ئەم ھەموارە وئەم دامەزراندنە دەیدات ئەوەیە تاخۆپیشاندان نەکەیت مافت نابیت.

۸- خۆئەگەر دەمەزراندن تەنھا لە ناوەڕاست و خواروی عێراق بکرێت ئەوا باڵانسی پلەی وەزیفی تێک دەچێت کەئەمەش گرفتێکی دیکەیە.
پێم وتن کەواتە پێم بڵێن لە کوێ پارە دابین دەکەن بۆ فەرمانبەرە تازە دامەزراوەکان، خۆ ئەگەر نەوت یەک دۆلار دابەزیت، یەک ترلیۆن و نیو کورتھێنان زیاد دەبێت بۆیە من قەناعەتم بەمجۆرە لە چاکسازی نیە والسلام.