سەردێڕ:

چارەنوسى حکومەتى هەرێم لە نێو گۆڕانکارییەکانى ناوچەکەدا

10/30/2019 10:49:03 AM
8251 جار خوێندراوەتەوە
بێستون شەریف
+ -

دوای زیاتر لە ١٠٠ رۆژ لە پێکھێنانی کابینەی ٩ی حکومەتی ھەرێم چی کراوە بۆ گۆڕانکاریی لە بژێوی و ژیانی خەڵک؟ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاو وکارەبا و شەقامەکان و دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەکان چی بۆ کراوە؟ بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەڵێنەکانی حکومەت ئومێد بەخشن یان بەپێچەوانەوە؟

کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێم بەراورد بە کابینەکانی پێش خۆی وەزارەت و وەزیرەکانی کەمترە یان بەپێچەوانەوە زیاتر بووە؟

بەڵێنەکانی لایەنەکانی پێکێنەری حکومەت بە تایبەتی (پارتی و یەکێتی و گۆڕان) چەندیان لێ جێبەجێکراوە؟ بەرنامە چاکسازییەکانی حکومەت بە کوێ گەیشتوون بە تایبەتی چاکسازییەکانی( پارتی و یەکێتی و گۆڕان)؟

چی کراوە بۆ کەمکردنەوەی موچەی پلە باڵاکان و خانەنشینانی وەزیر و پەرلەمانتاران و بەرێوەبەرە گشتییەکان؟ وەک ئەوەی لە عیراق و لوبنان و ئەردەن و مەغریب و چەند وڵاتێکی تردا دەگوزەرێت کە ھەندێکیان لە ژێر فشاری خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکان و ھەندێکیشیان پیشوەختە حکومەتەکانیان ناچارکردووە گۆڕانکاری بکەن و وەزیرەکانیان کەمبکەنەوە و کۆمەڵێک بڕیاری خێرای چاکسازی دەربکەن.

لە مەغریب پێش گەورەبوونی قەیرانەکانی ئەو وڵاتە حکومەت کۆمەڵێک گۆڕانکاری کرد و خۆی بچوک کردەوە و وەزیرەکانی لە ٣٩ وەزیرەوە بۆ ٢٤ وەزیر کەمکردەوە.

لە لوبنان موچەی پەرلەمانتاران و پلە باڵاکان بۆ نیوە کەمکرایەوە و حکومەت چەند بریارێکی بەپەلەی لە ژێرفشاری خۆپیشاندەراندا دەرکرد لەوانەش ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری زیادکردنی باج و سەرانەی نوێ، ھەرچەندە ئەو بڕیارانەش دادی حکومەتەکەی سەعد حەریری نەدا و ناچار بەدەستلەکارکێشانەوەی کرد.

لە عێراق حکومەت و پەرلەمان لە ژێر فشاری بەردەوامی خۆپیشاندانەکاندا چەندین بڕیار و رێنمایی نوێیان دەرکرد و لەوانە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان و قەزاو ناحیەکان و بڕینی شایستەی دارایی ھەر سێ سەرۆکایەتییەکان و ھەروەھا لێسندنەوەی پارێزبەندی لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و دوو جێگرەکەی، ھیشتا ئەو رێکار و بڕیارانە نەبوونەتە جێی ئومێدی خۆپیشاندەران و پێدەچێت لە چەند رۆژی داھاتوودا گۆڕانکاری گەورە لە عێراقدا رووبدات.

بۆیە پێویستە لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی ئەم ھەرێمە بەخۆیاندا بچنەوە پیش ئەوەی دۆخەکە بە ئاقارێکی تردا بڕوات و کار لەکار بترازێت و ناچار بەدەستلەکارکیشانەوەیان بکەن، بەپەلە کاری رۆتین و گەندەڵییەکان بنەبڕبکەن و ھەنگاوی خێرا بۆ چاکسازییەکان بنێن، چونکە وەک ئەوەی لە شەقامدا دەبینرێت میللەت توانای چاوەڕوانی نەماوە و بێھیوا بووە لە دەسەڵاتی حکومەتەکانی ناوچەکە.