سەردێڕ:

ئەمریکاو کورد لە گوڵبارانەوە بۆ بەرد باران

10/28/2019 12:18:02 PM
6037 جار خوێندراوەتەوە
سۆران پاڵانى
+ -

رێکەوتی نۆی ئۆکتۆبەر لە رێگای تویتێکەوە سەرۆک ترامپ بریاری کشانەوەی ھێزەکانی لە کوردستانی رۆژئاوا "سووریا"دا، بەمە چرای سەوزی بۆ دەستپێکردنی جینۆسایدی گەلێک لە لایەن یەکێک لە سوڵتانە دڕەندەکانی تورکیاوە ھەڵکرد. سەد ساڵ لەمەوبەر ھەر باپیرانی ئەم سوڵتانە جینوسایدی گەلێکی دێرینی ئەم ناوچەیە، کە ئەرمەنەکانن، کرد. ئێستاش ئەم مێژووە بۆ گەلێکی دێرینتر کە کوردە دووبارە دەبێتەوە.
ھەفتەی رابردوو، کاتێک کاروانی ھێزەکانی ئەمریکا بۆ دوایین جار بە بڕیاری سەرۆک ترامپ پاشەکشەکیان لە قامیشلۆی رۆژئاواوە بۆ ھەولێری باشووری کوردستان کرد دیمەنێکی سەیر لە ھەردوولا، روویدا، "بەردباران" کران. ئەم دیمەنە منی بردەوە بیری ئەو کاتانەی کە چۆن ئەمریکایەکان لە دوای رزگاری عێراقەوە لە لایەن خەڵکی باشوری کوردستانەوە بە گوڵ پیشوازی کران. مێژوویەکی زۆر دوور نیە ھەمووی جیاوازی شانزدە ساڵە، بەڵام زۆر جێگای شەرم و نارەحەتیە دوو ھاوبەشی گرنگ، ببنە مایەی پێکەنینی دوژمنە ھەمیشەییەکانیان.
کوردەکان و ئەمریکا مێژوویەکی ئاڵوزیان لە پەیوەندی ھەیە، ئەگەر چی وەک سەرۆک دەڵێ: ئێمە بەشداری شەری دووھەمی جیھانیمان نەکردووە و یارمەتی ئەمریکامان نەداوە، ھەر بۆیەش رەنگە پشت تێکردنی ئەوان لە سەردەمی کیسنجەر و بۆ گەلی کورد، بۆ ئەم ھۆکارە بگەڕێـتەوە. بەڵام لە دوای کارەساتی شوومی یانزدەی سیپتەمبەر کوردەکان ھاوبەشێکی گرنگی ئەمریکا بوون لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆر لە ھەموو رۆژھەڵاتی ناوەراست و جیھاندا.
لەو ماوەیەدا گروپە توندڕەو و نەیارەکان ھەزاران سەربازی ئەمریکایان کردە قوربانی، ئەوان نەک لە سەرزەمینەکانی ئێمەدا خوێنیان نەرژا بەڵکو لە دڵی ئاگرو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا ئێمە بووین بە قەڵغان، ئەوانەی ئەمریکایەکانیان کردە قوربانی و ھاوکاری ئەمریکا نەبوون لە بنیرکردنی تیرۆردا ھاوبەشەکەمان لە باشوورو رۆژئاوا ئێمەی بە تەنھا وەک پارویەکی چەور بەجێھێشت. لە کاتێکدا  ئێمە ھیچ خوێنێ بە ئەمریکایەکان قەرزار نین.
ئەوە راستە ئێمە بۆ پاراستنی کەرامەت و پرینسیپە ئەخلاقیەکانمان خەبات دەکەین. بەڵام ئەگەر شەھید بوونی دوانزدە ھەزار لە رۆژئاواو و سێ ھەزار لە باشوور، کەمئەندام بوونی زیاتر لە بیست ھەزار کورد نەبا ئێستا ناوچەکەو جیھانیش لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری زیاتر دەژیان.
راستیەکی تاڵ ھەیە ئێمەی کورد باوەرمەند و  پەروەردەی دەستی بنەما ئەخلاقەکانین، بۆیە ھەمیشە بە بەڵێن و قسەی ئەوانەی خۆیان بە دۆستمان دەزانن  باوەر دەکەین. ئێمە  بۆ سەلماندنی وەفاداری بە دۆستەکانمان گیان دەبەخشین. ھەر بۆیەش کە دۆستەکانمان پشتمان تێدەکەن، یان خیانەت، یان زۆر بێباکانە دەماندەنە دەستی رەحمەتی شمشێری نەیارەکانمانەوە ھاوارمان ئاسمان کەڕ دەکا.  ئاخر سەخت بوو جیھان ئەوەندە خاڵ بووبێتەوە لە ئەخلاق، سەرۆکی گەورەترین ھێزێک کە ئێمە بۆ ئاسایشی ئەوان و ھاوپەیمانەکانی ئەو ھەموو گیانبازییەمان کرد زۆر بێباک و بێشەرمانە بڵێ پوڵم پێداون. کوردەکان ئەزمووونیان لە گەڵ بێ مۆڕاڵی و بێشەرمی و بێرەحمی لە ناوبردنیان لە سەدەی بیستەمدا زۆر بوو. بەڵام ئیتر پێیان وا نەبوو لە سەدەی بیست و یەک کە ھەمووان باسی لە مۆراڵ و بەھا جیھانیەکان دەکەن، قوربانیانی دەستی تاریکی و پارێزەرانی جیھانێکی رووناکتر، دەبنەوە  قوربانی مێژوویەکی پڕ شەرم.
ئەمرۆ لە جیھانی خاڵی لە مۆراڵ و ئەخلاق، بە بەرچاوی ھەمووانەوە، لە پاداشتی قوربانیەکانمان، جیھان پاداشتی کوردەکان بە لە ناوبردن دەداتەوە. ئەمە دەمانباتەوە بۆ ئەوەی  بزانین جیھان چ لە کارەساتێکی قوڵی بێباوەری و بێ پرینسیپیدایە. چۆن  کۆمەڵگای جیھانی لەم سەدەیەدا پێویستی بە دارشتنەوەی بنەماکانی ئەخلاق و بەھاکان ھەیە.
ببینن ویژدانی مرۆڤایەتی چۆن مردووە. سەرەرای ھەموو شێوازەکانی قەڵاچۆکردن کوردەکان ئێستاش پاسەوانی ئەو زیندانانە دەکەن کە داعشەکانی تێدایە ھاواردەکەن بەرەڵابوونی ئەمانە جوانی و ئارامی ھەمووان تێکدەدات. سەیر ئەوەیە سەرۆکە نەوت دۆستەکە دەڵێ ھیچ نیە شەری مناڵانە. 
پێنج ساڵ لەمەوبەر لە کوردستانەوە لە سەر بانگیھێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەشداریم لە خولێکی یەک مانگە، لە ئەمریکادا کرد، لەو خولەدا بە بەھا و پرینسیپە گشتی و  جیھانیەکان و مێژووی بنیاتنانی دامەزراوەکان  ئاشنا بووم. ئەوانە باوەریان لا دروست کردم ھەفتەی رابردوو کە بۆ شەرمەزارکردنی لەشکرکێشی  تورکیاو بریارەکەی ترامپ  بەشداری خۆپشاندانەکانم کرد. کاتێ کە دروشمی شەرمە شەرمە ئەمریکا دەوترایەوە. ھەستێکی ناخۆشم بوو. چەند کەس داوامان کرد بڵێن شەرمە شەرمە ترامپ نەک ئەمریکا، وتمان زۆرینەی زۆری خەڵکی ئەمریکاو بەرپرسەکانی بەدڵ و ھەست و کردەوە لە گەڵمانن. ئەمەش ھەستێکی خۆشی لا دروست کردم، کە ئێمە لە کاتێکدا پاکتاوی رەگەزی دەکرێین پابەندی ئەخلاقی دۆستایەتی و وەفاداری دۆستەکانمان لە بەر چاوە. یان بە واتایەکیتر بڵێم بەرێز لیندسی گراھام و دۆستەکانی لە ئەمریکا دەبێ بزانن کە کوردەکان ئومێدیان بە وەفاداری و پشتگیریەکانی  ئەوان ماوەو دڵیان بۆ ھاوبەشی ھەمیشەیی ئەوان لێدەدات.
دڵنیام ئەم مێژووە رەشە تاڵەی رۆژئاواش کە قورباینیەکانی ئێمەی کوردین. ھاوشێوەی جینۆسایدی ئەرمەنەکان، کارەساتی ھۆلۆکۆست، لە بەینبردنی نەیتیڤەکانی کانەدا، دەبێتە لاپەرەیەکی پڕ شەرمەزاری لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. رۆژێک دێ جیھان داوای لێبووردن و قەرەبووی ئێمە بکاتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی جیھان خاڵی نەبێتەوە لە بەھاو پرینسیپە ئەخلاقیەکان وبۆ ئەوەی رۆژێک مرۆقایەتیش بەرامبەر بە ئێَمەو مێژووەکەمان ھەست بە شەرمەزاری و لێبووردن بکات. ئێمەش لە تێکۆشان بەردەوام دەبین.