سەردێڕ:

ئەو مەرامانەی تورکیا دەھێنێتە ڕۆژاوا و بەری ڕۆژھەڵاتی ڕووباری فوراتەوە چین؟

10/26/2019 2:50:42 PM
5925 جار خوێندراوەتەوە
بابان بریزی
+ -

بێگومان مەرامگەلێک مۆتیڤی پشت تورکیان لە لەشکرکێشییە ملھوڕانەکەیدا بۆ سەر خاکی کوردان، لەوانە:

١- لەڕێی داگیرکردنی ڕۆژاواوە بە قوڵایی ٣٢ کیلۆمەتر بە درێژایی تەواوی سنوری باشوری کۆماری تورکیا، ئەو حیزامە عەرەبییە تەواو دەکات کە پێشتر ڕژێمی بەعسی سوریا ھەنگاوی بۆ نابوو، بەمە کورد لە یەکتر دەبڕێت کە ھیوای ھەموو داگیرکەرانی کوردستان بووە بە درێژایی  مێژوو، بەڵام کەسیان بێشەرمی و ڕووقایمی وەکو ڕەجەبیان نەبووە ئاوا بە ڕاشکاوی بەبێ سڵەمینەوە ھەنگاوی بۆ ھەڵگرێت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە تەواوی وڵاتانی خاوەنبڕیاری ئەمڕۆی جیھاندا سیستم و سەرۆکانێکی لە جۆری ڕەجەب لە گۆڕێدان.

۲- دەیەوێت نزیک بە دوو ملیۆن ئاوارەی سوری لە کۆڵ کۆماری تورکیا و ئابوورییە نەخۆشەکەی بکاتەوە، کە ئەمانەش وێڕای کەمبوونەوەی دەرفەتی کار لە ناوخۆی کۆماری کەمالیدا سەربارێکی تری نەخوازراون بە سەر ئابووری تورکیاوە.

۳- نیشتەجێبونی ئەو ئاوارە سورییانە لە ناو خاکی تورکیادا مەترسی گەورەبوونی پێکھاتەی عەرەبی لە ناوخۆی کۆماردا لێدەکرێت، کە ئەمەش مایەی نیگەرانی سەرانی کۆماری تورکیایە، چونکە ئەوان کۆماری ناو براویان لە سەر وشکەباوەڕیی یەک زمان و یەک خاک و یەک ئاڵا پێکھێناوە.

٤- ئەم ئاوارانە، لە دەرئەنجامی دەستێوەردانەکانی کۆماری تورکیادا بە سەرۆکایەتی ڕەجەب پەڕیوەی ناو خاکی کۆماری تورکیا کراون و ڕەجەب وەکو سوچی خۆی ئەم مژارە دەبینێ، بۆیە دەیەوێ خۆی لە بوونیان و مانەوەیان لە ناو خاکی تورکیادا قوتار بکات.

٥- ئەم ئاوارانە ھەموویان لە ھێزگەلی ئوسووڵی و ئیخوانی پێکھاتوون و ھاوپەیمانە چەپ و ڕەگەزپەرستەکەی ڕەجەب (مەھەپە) بە مەترسی بۆ سەر ئایندەی سیستمی سیکۆلاری تورکیا لێیان دەڕوانێت، ئەم چەندە بۆ جەھەپەش ھەر وایە، بۆیە تەواوی پارتەکانی تورکیا بە ڕاست و چەپەوە، بە ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی ناو دەسڵاتەوە بێجگە لە ھەدەپە لە گەڵ ئەم ئۆپەراسیۆن و ھەڵمەتی گۆڕینەی دیمۆگرافیای سوریایەدان.

٦-  ناردنەوەی ئەم حەشیمەتە دوو ملیۆنییە ئوسووڵییە جیھادییە ئیخوانییە، وەکو سوپەر و مەتەرێزێک دەبێت بۆ تورکیا، ھەروەھا دەتوانرێ شەڕی بە وەکالەتیان بۆ کۆماری تورکیا پێ بکرێت، ھەر نا تا ڕەجەبی ئیخوانی حاکمییەتی تورکیای بە دەستەوە بێت.

٧- جێگیربوونی ئەمانە لە باکوری سوریادا ئەو ترسە لە سەر کۆماری تورکیا دوور دەخاتەوە کە ٣٥ ساڵە ھەوادارانی پەکەکە لە باشوری سنورەکەیدا دروستیان کردووە بۆ سەر بونیادی نەتەوەپەرستی کۆماری تورکیای کەمالی، بە تایبەت لە ئەم پێنج ساڵی دواییدا.

٨- جێگیرکردنی ئەم دوو ملیۆن ئاوارەیە شەش ملیار خەرجی پێویستە بۆ دروستکردنی نشینگە بۆیان، کە بە پارەدارکردنی قەتەر و ئیخوانی جیھانی ئەنجام دەدرێت و تورکیا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێدەکات، ئەمە ئاھێک بە بەر ئابووری تورکیادا دەھێنێتەوە، لەم دەمادەمی بێکاریی ناوخۆیەیدا و لەم سەروەختی ھاڕەکردنەی دراوە لاوازەکەیدا.

٩- ئەم دوو ملیۆن ئاوارەیە ئەگەر لە باشوری تورکیادا بنەجێ بکرێن تاھەتایە دەبنە بەرخۆرێک و شمەک و کارگوزاریی تورکی دەکڕن و ئابوری تورکیایان پێ دەبوژێنرێتەوە، چونکە ئەمانە لە لایەن ئیخوانی جیھانییەوە سەپۆرت دەکرێن و ئەوانیش دەبنە کۆمەڵگەیەکی بەرخۆر و تورکیاش دەبێتە ھەناردەکەر بۆیان.

١٠- وەک پێشتریش لە وتارێکی ترمدا نوسیوومە داگیرکردنی ڕۆژاوای کوردستان و باکوری سوریا بە قوڵایی ئەو ۳۲ کیلۆمەترە تورکیا دەبەستێت بە ئەو پشتوێنەوە کە تورکیا خەونی پێوە دەبینێت و خەونێکی دێرینی تورکە، ئەویش گرێدانی کۆماری تورکیایە بە عێراقەوە لە ڕێگەی کۆریدۆری دێرک، شەنگال، تەلەعفەر، کەرکوک، دوزەوە، کە سەدان ساڵە دانیشتوانێکی تورکمانیی تێدا بنەجێ کراوە و دەیان ساڵیشە تورکیا؛ بەرەی تورکمانیی تێدا پێکھێناون و پارەداریان دەکات، ئەگەر لە بیرتان بێت ھەر لەم ساڵدا بوو وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاشکرا لە ناو کەرکوکدا وتی کەرکوک :شاری بابوباپیرانمانە.

١١- تورکیا ڕێکەوتووە لە گەڵ ئێران و سوریای بەعسیدا و دەزانێت ئەوانیش بوونی ئەو قەوارە کوردییەی باکوری سوریا بە ھەڕەشە دەبینن لە سەر ئایندەی دەوڵەت و ستاتۆ شۆفێنییەکانیان، و بێگومان ئێران و سوریا نایانەوێت ئەو سوننیانەی بە خوێن و شەڕ ھەڵیانکەندوون لە جێی خۆیاندا جارێکی دیکە بگەڕێنرێنەوە سەر زێدی خۆیان.

١٢- وڵاتانی ئێستا نیگەرانی عەرەبیش وەکو ئیمارات و شانشینی سعودیە و میسر و ئۆردن و تا دواییش، ئەم گۆڕینە دیمۆگرافییەیان زۆر لە سەر دڵ گران نییە، لە کاتێکدا کە بزانن عەرەبێکی زۆری سوننی دەگەڕێنەوە سەر خاکی سوریا و دور لە مەترسی عەلەوییەکانی ئەسەد نیشتەجێ دەکرێن.

١٣- بۆ ئەمریکا و ئیدارەی کۆشکی سپیش ئەمە جێی قبوڵکردنە، چونکە گۆڕانکاری و ستەمەکە لە سەر گەلێکی بێدەوڵەت دەکرێت کە ھیچ نیگەرانییەکی ئەوتۆی بە دواوە نابێ، چونکە کورد نە دەوڵەتێک ھەیە پشتیوانیی لێ بکات، نە نوێنەرێکی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا ھەیە لە سەری ھەڵباتێ، وە ھەروەھا ئەمریکاش نایەوێت بە گەڕانەوەی ئەو عەرەبە سوننییانە بۆ بندەستی بەعس جارێکی تر شەڕەکان گەرم بێتەوە، وەکو ترەمپ لە کۆتا تویتیدا نوسیوویەتی :"دەبێت کۆتایی بە جەنگە نەبڕاوەکان بێت"

 بێگومان، ئەم جەنگەش بەو ڕەنگە تەواو دەبێت کە نە ئێران نە ڕوسیا نە سوریا نە تورکیا نە وڵاتانی عەرەبی زیانی تێدا بکەن، ئەمە لە دوا جاریشدا دەبێتە ھۆی لاوازکردنی باشوری کوردستان و ملدانی ھەرێمی کوردستانی عێراقیش بۆ خواستەکانی کۆماری عێراق، کە ئەمە خواستی ئەمریکا و ئێران و عێراقە، تورکیاش لە ڕێی داگیرکردنی باکوری سوریاوە قەرەبووی ئەو زیانەی بۆ دەکرێتەوە کە بەھۆی لێسەندنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە پێی دەگات.