سەردێڕ:

سلێمانی... زۆر لێت عاجزم

10/24/2019 11:27:08 PM
28093 جار خوێندراوەتەوە
کاروان چێوار
+ -

 

کەتۆ لەباوەشت گرتبێت جەلاد و خوێن ڕێژ، چۆن دڵم لێت ناشکێ 

گلەییم لێ مەکە کە ئاوا ئەنوسم بۆت ٫٫
 
کەببینم شاعیر لە ئازار خۆی بخنکێنێ و ڕێھاتی کلارنێت لەتاو غەدر خۆی ھەڵبواسێت بە پەتاو عاشق لەتاو غەدر و خیانەت خۆی بکوژێت و مناڵ لە ھەر لەغەدرا  بکوژرێت٫  ئیتر چۆن لێت عاجز نابم.

ئاخر کە مناڵ بوم  بەردمان ئەگرتە ھەر شوێنێک  قاقای پێکەنینم  ئەگەشتە ئەو دیو گەڕەکەکەمان٫ مەریوان و ئاری و  ھونەر و کوڕە ھەورامیە ئازیزەکە کە ناویم بیرچۆتەوە شاھیدن، کەچی ئێستا مناڵان کەبەرد ئەگرنە شوشە دەکوژرێن چۆن لێت عاجز نابم و دڵم لێت شکاوە، زۆر زۆر .

بەیانیان کە ژنانی گەڕەک ئاورشێنی بەردەرگایان دەکرد جامێ ئاویان بە دوعاوە بەدوای مێردەکانیان ئەڕشت نەسرین خانی درواسێمان و دایکی ئاری و گەلاوێژ خان شاھیدن ٫ کەچی ئێستا لە جێی حورمەت .....! 

قسەم پێ مەکە زۆر لێت عاجزم 

تۆ بە خۆت دەڵێت ڕۆشنبیرم و گۆران و بێکەس و چێوار و دڵشاد مەریوانی و گۆرانیەکانی حەمەی نێرگز لە باوەشی منا بوون کەچی ئێستا ئەبینم و ئەبیستم و ئەڵێم ئەم ھەموو خولە چەخماخەیە چیە بە شەقامەکانتا باڵ فش دەکات و دەمانچە لە قەد و دەمانچە فرۆش ؟ ئیتر چۆن عاجز نابم لێت و دڵم لێت ناشکێت.

ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت ئەگەر تۆ(  سلێمانی) دۆزەخ بیت و شارەکانی تر بەھەشت رەنگە ئەوانیش دۆزەخی دۆزەخان بن.

بەڵام نەدەبوو تۆ ئەمە قبوڵ بکەیت بۆیە لێت عاجزم و دڵم لێت . بمبورە کە ئاوا ئەنوسم بۆت زۆریشم خۆش دەوێت بیریشت دەکەم بەڵام چی بکەم لێت عاجزم .