سەردێڕ:

گورزی ئەمریکا و لوشکەی ھێستر

12/14/2019 8:03:27 PM
7072 جار خوێندراوەتەوە
ئارام عەلی عەزیز
+ -

هێستر لەسەرەمەرگدا و بە دیاریکراوی لەکاتی روحدەرچوونیدا لوشکەیەک دەھاوێژێت بەر ھەر کەسێک بکەوێت یەکسەر روحی لێدەبڕێت. 
ھەموو ئاماژەکان دەسەلمێنن، کە ئەمڕۆ ئەمریکا لەسەرەمەرگدایە، وەکو زلھێز و تاکجەمسەر، وەکو جیھانگیریی و ئابووری، وەکو ھێزی سەربازیی و سیاسیی، وەکو کەپیتالیزم و نیولیبرالیزم.
ئەمریکا دوێنێی ھەبوو، بەڵام ئەمڕۆی نەماوە، بەیانیشی سووتاوە، وەکو خاکێک، ئیتر خۆری لێ ھەڵنایەت و دەکەوێتە ناو تاریکییەوە. ئەمریکا دوای ڕووخانی سۆڤیەت ویستی ببێتە ئیمپڕاتۆریەت، عەولەمە و جەنگەکانیشی لە عێراق و ئەفغانستان بۆ ئەوەبوو، بەڵام جەنگی عێراق و بەھاری عەرەبی خەونەکانیان لە گۆڕنا.
ئەمڕۆ ئەمریکا ھیچی بۆ ناچێتەسەر، لەبەر ئەوەیش لە کۆبوونەوەی دەوڵەتانی ھاوپەیمانی ناتۆ سەرۆکی کەنەدا و فەرەنسا و بەریتانیا قەشمەری بە ترەمپ دەکەن. 
ئەمڕۆ نەک ئەمریکا، بەڵکو ھاوپەیمانی ناتۆیش وەکو هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی، ماکرۆن گوتەنی لەسەرەمەرگدایە. ئەمریکا ئیتر ئەوروپا ناپارێزێت، یوشکا فیشەر پێیوایە، دەبێت ئەوروپا ھەوڵی دروستکردنی ھێزێکی سەربازیی تایبەت بەخۆی بدات. نەتەوە یەکگرتوەکان و تەواوی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیی، وەکو سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی و ئەوانی دیکەیشی لەپاشەکشەدان.

ساڵانێکە، جیۆپۆلیتیکزان و شارەزایانی سیستەمی جیھانیی و تیۆریسیان و بیرمەندان باس لە جیھانی دوای نەمانی ئەمریکا دەکەن، کتێبەکەی فەرید زەکەریاش، کە بە ناوی (جیھانی دوای ئەمریکایە) تایبەتە بەو پرسە. ئەوەی ئەمڕۆ لە کەسایەتی ئاوابوونی ئەستێرەی ئەمریکاو خۆرئاوادا دەبینرێت، ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ستەمکاریی جیھانییە، بووژاندنەوەی شارستانیی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە. جیھان بەرەو سیستەمی تاکجەمسەریی خۆرھەڵاتیی ھەنگاودەنێت، لەبەرئەوە ھەوڵدەدرێت چین و ڕوسیا بکەنە جەمسەرە دژەکەی. تیۆری چوارەمی ئەلکسەندەر دۆگینی ڕوسیش ھەر بۆ ئەوەیە. 
ئەمڕۆ ئەمریکا لەسەرمەرگدایە، بێ دوارۆژە، لەبەر ئەوە بەو ھێز و چەند بۆمبە ئەتۆمیەی، کە ھەیەتی پەلاماری ئێران دەدات، چاوەڕواندەکرێت ئیسرائیلیش بەو پەلامارە دەست بە فراوانخوازیی بکات، ھەر لە سینا و میسر و غەزە و غەوری ئوردونەوە بگرە، واتە ھەر لە نیلەوە بگرە تا دەگەیتە فورات ھێزەکانی بڵاوبکاتەوە، وەکو تاکە ئومێدێکی رزگاربوون لە مردن، کە خۆی لە سووتماککردنی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینێتەوە، بەڵام مێژوو دەڵێ ئەمە سەرناگرێت، ئەو پەلامارەی ئەمریکایش وەکو لوشکەی ھێسترەکە وایە، کە لە کاتی روح دەرچوونیدا بە ھەموو ھێزی خۆی دەیھاوێژێت و بەر ئێران دەکەوێت. ئا ئەمەیە حاڵی ئەمریکا و ئێران.