سەردێڕ:

رۆژئاڤا، جەنگی موفاجەئات

10/17/2019 11:52:29 AM
7762 جار خوێندراوەتەوە
ئارام عەلی عەزیز
+ -

رووداوو گۆڕانکایەکانی رۆژئاوای کوردستان وسوریاو، لێدوان و ھەڵوێستە دژبەیەکەکانی ئەمریکاو ترەمپ ئەوەندە لەدەرەوەی لێکدانەوەی عەقل و مەنتیقن، ئەوەندە خێراو نامەئلوفن دەکەونە خانەی موفاجەئاتەوە.ئینفیلاتی تورکیا لە تەوقی ئەمریکاو خۆرئاوا بەو شێوەیەو ھەڵوێستەکانی ئەمریکاو تویتە نامەئلوفە رۆژانەییەکانی دواتری ترەمپ و کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکاو فەرەنساو ھاتنەوەی سوپای سوریا بۆ ناوچەکە موفاجەئات بوون. تورکیا بەو پەلامارە سەربازیەی تەواوی کارتەکانی تێکەڵ بەیەکتر کردەوەو، ناوچەکەی خستەبەردەم باھۆزو رەشەباو موفاجەئاتی گەورەوە. ھەرلەبەر ئەوەیش ھەموو لایەک ھەوڵدەدات تورکیا بوەستێنیت و ھێزەکانی بکشێنێتەوە.
کاردانەوە خێراو سزا جیاجیاکانی کە ھەندێک دەوڵەتی ھاوپەیمانی تورکیا لە ناتۆ خستیانە سەر تورکیا تەنھا بۆ وەستاندنی تورکیاو رێگرتنە لە تەشەنەسەندنی جەنگەکە، نەک دوژمنایەتیکردنی تورکیا. چونکە بەردەوامبوونی تورکیا لەو پەلامارەی، تەشەنەسەندنی جەنگەکەی لێدەکەوێتەوەو کۆنتڕۆلکردنی لەدەست ھەموان دەردەچێت و، ئاگرەکە ھەموان دەسووتێنێت و کەسی بەسەلامەتی لێ دەرناچێت. ھەر لەبەر ئەوەیشە ترەمپ پەیوەندی تەلەفۆنی بە شاھین جیلۆی فەرماندەی یەپەگەو رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیاوە دەکات و داوایان لێدەکات جەنگەکە بوەستێنن. بەڵام تازە تیر لە کەوان دەرچوو، کار لە کار ترازاو تورکیا لەھەموانی تێَکدا، ئەوانەی دوێنێ ھەمویان پێکەوە سیستەمی ستەمکاریی جیھانیی و ئیقلیمیان لەسەر سەری کورد پێکھێنابوو، ئەمڕۆ خۆیان کەوتوونەتە گیانی یەکترو خۆیان دەخۆنەوە. مارەکە لە کلکەوە وا خۆی قووتدەدات.
 لەراستیدا مۆرکی موفاجەئات زاڵە بەسەر ئەو جەنگەی ، کە ئەمڕۆ لە رۆژئاواو سوریادا بەڕێوەدەچێت. دوێنێی موفاجەئە بوو، ئەمڕۆ موفاجەئەی تیادا روودەدات، سبەینێشی کراوە دەبێت بۆ روودانی ھەموو موفاجەئەیەک. کەواتە ھەڵە نیە ئەکەر ناوی بنێین جەنگی موفاجەئات، کە کراوەیە بۆ ئەم موفاجەئاتانە:
* سەرەڕای داواکاریی و گوشاری زۆری ھەمەلایەن، کۆماری تورکیا دواجار ھێزەکانی ناکێشێتەوە، بەڵکو راکردن بۆ پێشەوە وەکو ستراتیجی رزگاربوون لەو زەلکاوە دەگرێتە بەر. 
*  سەرەڕای رووبەڕووبوونەوەی خوێناوی، تورکیا دواجار دەتوانێت دەستبەسەر ئەو ناوچایەدا بگرێت، کە بە درێژای ٤٤٤ کیلۆمەترو قووڵایی ٣٢ کیلۆمەترە وەکو ئەردۆغان باسی لێوەکرد.
* سوریا بێدەنگ نابێت و بە پشتیوانی ناتۆی عەرەبی ( سعودیە ، میسر، ئیمارات و ئوردون و بەحرەین ) رووبەڕووی ھێزەکانی تورکیا دەبێتەوە. 
* گۆڕانی جەنگەکە لە جەنگی نێوان تورکیاو یەپەگە بۆ جەنگی نێوان تورکیاو سوریا وەکو ھەنگاوی یەکەم و دواتریش وەرچەرخانی بۆ جەنگی نێوان دەوڵەتانی عەرەبیی و تورکیا.
* سەرەڕای دەساڵ لە شەڕو ململانێ تا ئێستا بەشارو رژێمەکەی لەسەر حوکم ماونەتەوە، بەڵام بەم جەنگە رژێمی بەشار ئەسەد کۆتایی پێدێت و دەڕووخێت.
* تەشەنەسەندنی جەنگەکە بۆ دەرەوەی سنووری سوریا، بۆ عیراق و ھەرێمی کوردستان و پەلاماری تورکیا بۆ کەرکوک.
* تەشەنەسەندنی جەنگەکە بۆ جەنگێکی ئیقلیمی، لە کاتێکدا دەوڵەتانی ناوچەکە لە یەمەنەوە بگرە تا لیبیاو میسرو جەزائیرو سودان و لوبنان و ئیسرائیل وئێران و عیراق لە ناو جەنگ و کەشوھەوای شەڕی ناوخۆدا دەژین.
* بە ئامانجی کۆنتڕڵکردنی جەنگەکەو وەستاندنی ھێرشی تورکیا، رووبەڕووبوونەوەی تورکیا بە ھێزی سەربازی لەلایەن ئەمریکاو خۆرئاواوە یەکێک لە موفاجەئاتەکانە.
* پەلاماری سەربازی ئیسرائیل و ئەمریکاو خۆرئاواو سعودیە بۆ سەر ئێران.
* گەورەترین موفاجەئەی ئەم جەنگەی کۆتایی مێژوو ئەوەیە، کە لە کۆتایی جەنگەکەدا کورد زۆر بەھێز دێتەوە سەر گۆڕەپانەکەو رۆَلە مێژوویی و شارستانیەتەکەی بۆ دەگەڕێتەوەو سەردەمی برایەتی گەلان دەستپێدەکات.