سەردێڕ:

ڕۆژئاوا وەک ھەوێنی چارەسەر نەک ھەر بۆ خۆرڵاتی نێوەڕاست، بەڵکو بۆ تەواوی جیھان.

10/15/2019 6:55:28 PM
5534 جار خوێندراوەتەوە
نەریمان ئاغالى
+ -

فکر و فەلسەفەی ڕۆژئاوا بەدیلە بۆ گۆڕینی جیھانی کاپیتالیزم و ھۆشی ناسیۆنالیستی.
واتە: سیستێمی بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوا نەک ھەر بۆ ڕۆژئاوا، بەڵکو بۆ باشووری کوردستان و تەواوی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست و دوورتر و چارەسەری زۆربەی کێشەکانی ھەموو دونیاش دەکات.
کاتێک گەلانی جیاواز لە ھەر ناوچەیەکدا بەفکری ڕۆژئاوا دەگەن، ئیدی جەنگ کۆتایی دێ، ئیدی وڵاتان بازاڕی فرۆشتنی چەکیان نامێنێ، دواتر بازاڕی دەرمانسازی و کاڵای ڕووکەشیش نامێنێ!
لەنمونەی بچووکدا: ژنێک پاککردنەوەی نینۆکەکانی و ئازادی ڕاستەقینەی لە ئاڵتوون و پەردە پەنجەرەو فیلەری لچ و لووتی بچووک پێ بەنرختر دەبێ، ژیانێکی شایستە بە ھەرچی کاڵای بریقەداری دنیا ناگۆڕێتەوە.
پیاوێک: پاراستنی کەرامەتی خۆی و ژیانێکی سەربەرزانە و ئازادی لە ئۆتۆمبێلی بەنرخ و شەتڵکردنەوەی پرچ و بچووکردنەوەی لووتی لا بە بەھاتر دەبێ.
بەگشتی پەروەدە دەبێتە سەرچاوەی ژیانکردن، نەک درامای ھاوردە و زمانی بازاڕی مێدیای بێ فلتەر.
کاتێک گەلان بە فکری ڕۆژئاوا دەگەن، ئیدی وڵاتێک ناتوانێ ببێتە کۆڵۆنیالی تۆ و بەڕاست و چەپدا مامەڵە بەسامانی سروشتی و وەبەرھێنانتەوە بکا، وەک ئەوەی تاکو ئەوڕۆ لە زۆربەی وڵاتانی جیھانی سێدا دەبیندرێ.
گەلان کاتێک بەفکری ڕۆژئاوا دەگەن، ئیدی تۆ وەک مرۆڤ لە دەڤەر و نیشتیمانی خۆتدا فۆکوس دەخەیتە سەر وەبەرھێنانی خۆماڵی، ئەوەش لەپێناوی خۆژیاندنێکی شایستەدا. کاتێک تۆ بەو فکرە دەگەیت، بیر لە بواری تەندروستی خۆت و زیندەوەرەکانی نێو سروشت دەکەیتەوە، بیر لە مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی و ژینگەدۆستی دەکەیتەوە.
کاتێک تۆ بەو فکرە دەگەیت، پێکەوەژیانێکی ئارام و ئازاد و شایستە دەبێتە ئایینی ھەمووان. ھیچ کام لە گرووپەکان ئایین و باوەڕی خۆی بەسەر ئەوانی دیدا ناسەپێنێ، وەک ئەوەی ئێستا لە داگیرکردنی ڕۆژئاوادا دەگوزەرێ و عەفرینی پێش داگیرکردن بە بەراورد بە عەفرینی ئێستا زیندووترین نمونەی ئەو ناوچەیەیە و سەرکەوتنی فکری ڕۆژئاوا بە کردەوە پشتڕاست دەکاتەوە، ئەوەش ھەر لە دید و زمانی خۆمانەوە نا، بەڵکو لە چاو و زمانی ڕۆژئاواوەش وەک ڕۆژنامەی ڤێڵت ی ئەڵمانی لە وتارێکی ئالفرێد ھاکێنسبێرگەردا لە ڕێکەوتی: ١٠ی ئەم مانگەدا بە ڕوونی و وردی باسی کردووە.
گەر گەلی باشوور بە فکری ڕۆژئاوا بگا، بۆ نمونە ناگوترێ: یا کەرکوک یا خانەقین یا تاماوین دەجەنگین!
یان لیستێک لە کەرکوک بۆ ھەڵبژاردنەکان بەناوی کوردستانی دروست ناکەین و ناڵێین: کەرکوک شاری کوردانە! بەڵکو لەبری ئەوە دەڵێین: کەرکوک شاری کەرکوکیەکانە بە ھەموو نەتەوە و کەمینەکانەوە، دەڵێین: وەرن با وەک مرۆڤ پێکەوە تێیدا بژین و ھەر پێکەوە بەڕێوەی بەرین و ژیانێکی شایستەی بۆ خۆمان تێدا دروست بکەین، وەرن با یەکدی نەکوژین، لەبری ئەوە بەربوومی ناوچەکە پێکەوە بخۆین و وەرن با دەسەڵاتێکی خۆجێیی بنیاد بنێین کە ھەموومان پێکەوە بڕیاردەربین.
تۆ کە ئەمەت وەک زۆرینە و دەسەڵاتدار بە کردار لە شار و ناوچەکاندا کرد، ئەو و ئەوان چی تریان دەوێ؟ بەپێچەوانەوەش ھەر لایەک دەرکردنی ئەوی دی دەوێ، وەک لە دەیان ساڵی ڕابوردوودا گوزەراوە.
لە ساڵانی ڕابوردوودا کەم تا زۆر و لەلاوە دەنگۆی بچووک ھەبوون کە وڵاتانی خۆرئاوا لە فکری ڕۆژئاوا تێگەشتوون بۆیە دەشێ ڕێگیری بکەن، بەڵام ئەوکاتە ھێشتا ئەوە بەکراوەیی نابیندرێ و لە گوماندا دەمێنێتەوە.
وەلێ کاتێک کتێبێک بە زمانی ئەڵمانی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ لەسەر پرسی کورد بڵاودەبێتەوە، بەتایبەتیش لەسەر فکری ڕۆژئاواو قەندیل دەوەستێ و ئەو فکرە بە چارەسەر و بەدیل بۆ ژیانێکی نوێ ناودەنێ، دەبێ لەوە تێبگەین کە ڕۆژئاوا تەنھا ڕوبەڕووی جەنگی وڵاتی لۆکاڵی نابێتەوە، بەڵکو جەنگێک کە لەگەڵ تەواوی سیستێمی کاپیتالیزم و ژەھری فکری ناسیۆنالیستییە.
کتێبەکە بەناوی: 'کوردەکان' گەلێک لەنێوان ستەم و بەرخۆداندا لە نووسینی کەریم شامبێرگەر و میخایل مایێنە.
لێرەدا تەنھا خاڵێک کە وادەکا ھیوایەکمان بۆ بھێڵێتەوە و ڕەنگە لێنەگەڕێن تورکیا ڕۆژئاوا خاپوور بکا، ترسە لە تورکیای ئێستا و دووبارە سەرھەڵدانەوەی تێکچوونی ئاسایشی ئەوروپایە بەھۆی دروستبوونەوەی داعش و گرووپی ھاوشێوەوە، کە ڕەنگە ئەوەش بەلای ئەمەریکا بەتایبەتیش ترامپەوە زۆر گرنگ نەبێ، دەنا چاوچنۆکانی کاپیتالیزم و ناسیۆنالیستی فاشی ھەرگیز لێناگەڕێن ڕۆژئاوا بەو فکرە ژیاندۆستی و چارەسەرە بنەڕەتییەوە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی سەرکەوتووبێ!
بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشییە وەک دەبیندرێ، نە ھەموو ئەمەریکایی و خۆرئاواییەکان کاپیتالیزمیان دەوێ، وە نە ھەمووشیان فکری ناسیۆنالیستی و فاشییەت و جەنگیان دەوێ.
کەواتە ڕۆژئاوا دەکرێ ببێتە بەدیل بۆ ژیانێکی نوێ، ئەویش بۆ تەواوی جیھان.