سەردێڕ:

ئاوارە ھەمیشەییەکان

11/16/2019 9:46:01 PM
3910 جار خوێندراوەتەوە
هاوڕێ ئەحمەد
+ -

دوای پاشەکشێی ھێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا، کوردەکان جارێکتر بە دوای پەناگەیەکدا دەگەرێن.
ئەوەی سەرەوە ناونیشانی سەربەرگی ژمارەی ئەم ھەفتەیەی گۆڤاری بە ناوبانگی (تایم)ە.
گۆڤارەکە وێنەی کچێکی کوردی ئاوارەی لەسەربەرگی یەکەم داناوەو لە ژێریدا نوسیوویەتی:
نوھات، نۆساڵ، یەکێک لەو سەدان کوردەی کە بە شەوان و لەژێر تارمایی تاریکیدا ھەڵدێن.
درێژەی وتارەکەی گۆڤاری (تایم) ڕێک سەدساڵ پێش ئێستا و دوای جەنگی جیھانی یەکەم نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوراست کێشرا، وڵاتە براوەکان دەستیانکرد بە دروستکردنی دەوڵەت بۆ ئەو گەلانەی کە پێیان وەھابوو شایستەی دەوڵەتن، لە ناو ئازەری و ئەرمەنیەکاندا کوردیش ھەبوون، کوردەکان کە خاوەنی زمان و کلتورو ناسنامەی خۆیانن و لەناوچەی میزۆپۆتامیاو بە درێژایی چەندین سەدە ژیاون، پێوەرەکانی بوونی دەوڵەتیان ھەبوو، بەڵام لە بری ئەوە، بەسەر پێنج گەلی تردا دابەشکران، ھەروەک ئەوەی پارچەقوماشێکی نەخشێنراو بە چەقۆ لەت لەت بکەیت.
‎کوردەکانی عێراق پەناگەی کوردەکانی سوریا، ئەوانەی لەژێر چەپۆکی ھێرشی تورکیا ھەڵھاتوون - دەدەن، بەڵام کوردەکانی ئێران و ئەرمینیا لەم باروودۆخەدا لە ڕێگەی کەناڵەکانی سەتەلایتەوە، کە نزیکەی ٢٤ ملیۆن کوردی ئەم ناوچەیەو یەک ملێۆن و نیو کوردی ئەوروپای پێکەوە بەستووەتەوە- چاودێری دەکەن.
‎لە ٦ی ئۆکتۆبەردا سەرۆک ترەمپ لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیەوە قسەی لەگەڵ سەرۆکی تورکیادا کرد، دواتر و لە پڕێکدا پاشەکشەی بەو ھێزە ئەمەریکیانە کرد کە کوردەکانی دەپاراست، ئەو کوردانەی کە ھاوپەیمانێکی گرنگ بوون لە تێکشکاندنی داعشدا، پاشان تورکیا دەستی بەھێرشە سەربازییەکانی کردو پەلاماری شارە کوردییەکانیدا، ھەڕەمەکیانە کەوتە کوشتنی ئەو خەڵکەی لەسەر ڕێگاکەی بوون، لە دەرئەنجامدا ١٦٠ ھەزار خەڵکی مەدەنی بەرەو قوڵایەکانی سوریا و ١٥ ھەزار بەرەو ڕۆژئاوای عێراق ئاوارەبوون و لەناو ئەو کەمپانەدا نیشتەجێکران کە پێشتر بەشێک لە کوردەکان کە لە دەست شەری ناوخۆی سوریا ھەڵھاتبوون و  تێیدا نیشتەجێببوون.
‎لە ناوکوردەکاندا ئەم جۆرە حاڵەتە سادەیە، لە تاریکیدا و لە سوریاوە بەرەو عێراق بەڕێدەکەون، لە شەوەزەنگدا ھاوار بۆ پێشمەرگە کوردەکانی عێراق دەکەن و نایانەوێ ھێزە کوردەکانی سوریا پێیان بزانن، چونکە ئەوان پێیان باشە لە سوریا بمێننەوە، بەلانی کەمەوە شەوانە ٢٥٠ ئاوارە دەگەنە ئەودیوی سنوور، دوای ناونوسین و پێداچوونەوەی ناوەکان، بەتانیان پێدەدرێت، بەرەبەیانی داھاتوو سواری ماشێن دەکرێن و ڕێگەیەکی ٦٠-٧٠ کیلۆمەتری دەبڕن و بەرەو کەمپێک بەرێدەکرێن، کەمپەکە نزیک لە سەرقەبرانێک بنیاتنراوە کە قەبری بەشێک لەو شەست ھەزار کوردەی تێدایە کە ھێزەکانی سەدام حوسەین لە کۆتایی ساڵانی ھەشتاکاندا کوشتوونی، ھەروەک ئەوەی بیەوێ ئەوەمان بیربخاتەوە کە ئەم جۆرە باروودۆخە ھەمیشەیی و بەردەوامە، پاشماوەو داروپەردووی خانووە روخاوەکان، ئەوانەی لە ئەنجامی جەنگی دژی داعشدا خاپوربوون لە چواردەوردا دەبینرێن، ئەو جەنگەی کە کوردەکان ھەتا مردن شەریان بۆ کرد.
‎خیانەتەکەی ترەمپ لە قوربانیدانی کوردەکان، دیسانەوە ئەو چیرۆکەی پێ وتینەوە کە کوردەکان لە ساڵی ١٩٢٣ەوە دەیڵێنەوە: کورد ھیچ دۆستێکی نییە جگە لە چیاکان.

وەرگێڕانى هاوڕێ ئەحمەد