سەردێڕ:

بازگەچییەکانی پارتی و بە زیندانیکردنی ھەولێر

9/19/2019 11:30:16 PM
6567 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان کۆچەر
+ -

ئێمە وتمان، بارگەخستنی بنەماڵەیەک لە پایتەخت بۆ ئەوە نییە وەک میوان بمێننەوە، بەڵکو دەیانەوێت لەسەر حسابی خەڵکەکەی ببنە خانەخوێ و کەس قسەی نەکرد، ئێمە وتمان بازگەچیەتی کاربەدەستانی ئەو شارە بۆ ئەوە نییە ئارامی ئەوێندەر بپارێزن، بەڵکو بۆ ئەوەیە ھەولێر بکەنە زیندانێکی گەورە بۆ خەڵکەکەی ‌و میرنشینێکیش بۆ خۆیان، کەچی کەس ورتەی لێوەنەھات، ئێمە وتمان، دەبێت لەبەرامبەر بێ رێزی بە سەرۆکی پەرلەمان ھەموومان بەدەنگ بێین ‌و رێگە ‌نەدەین بکەرانی ئەو سەرکێشییە وەک بەرزەکی بانان بۆی دەربچن، کەچی بەشی زۆر لەبەر گرێ و گۆڵێکی دەروونی بەرگرییان لە پارتی کرد و یوسفیان بەتەنھا لەناو ئەو گەلە گورکە جێھێشت، ئێمە وتمان، ھەولێر دیمۆگرافیاکەی لەبەردەم گۆڕینێکی بە بەرنامەدایە و ئەوان دەیانەوێت ئەوەی چەپڵەیان بۆ لێدەدات دەرگای بۆ بخرێتە سەر گازەرای پشت ‌و ئەوەشی رەخنەیان لێدەگرێت ئاودیوی دێگەڵەی بکەنەوە، کەچی پێتانوابوو ئێمە زیادەڕەویی دەکەین لە ھەڵسەنگاندنی پارتیدا، ئێمە وتمان و ئێوە ھیچتان نەکرد، وتمان و ئێوە پێتانوابوو بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبێت چاوپۆشی بکەن، ئێمە وتمان و ئێوە بەناوی رێککەوتنی ستراتیژییەوە ھەموو جارێک پشتتان لە خەڵکی خۆتان کرد ‌و بەدوو دەستی گەرم تەوقەتان لەگەڵ دەکردن.

رێگریکردنی بازگەچیەکانی پارتی ئەمڕۆ لە ھەڤاڵ مەحمود سەنگاوی، ھیچی تێدا نەمایەوە بۆ ھاوبەشی ‌و شەراکەت، بەڵکو نیشانیداین، کە پارتی و بنەماڵەی بارزانی، ئەو جوگرافیا موقەدەسەی ھەولێر وەک دیوەخان دەبینن ‌و ھەرچییەکیان ویست بە ویستی خۆیان و بەزەبری ھێز ئەنجامی بدەن و پاشانیش بە داوای لێبوردنێکی سەرپێی ‌و ژێر بەژێر ھەموو شتێک ئاسایی ببێتەوە، لەکاتێکدا ئەو چەشنە رەفتارانە، ئەو بەدخوییە سیاسی و ئەمنییەی بازگەچییەکانی پارتی رووداوێکی ھێندە ئاسان نییە تا بە ئاسانی قوتبدرێت، چونکە دواجار ئەوە بەرلەوەی بە ئامانجگرتنی ھەڤاڵ مەحمود سەنگاوی بێت، بە ئامانجگرتنی یەکێتی ‌و باڵاترین ئۆرگانیەتی کە مەکتەبی سیاسییە، چونکە بەسەرێکدا سەنگاوی ئەندامی ئەو ئۆرگانە باڵایەیە و بەسەرەکەی دیکەشدا ئامانجی سەفەرەکەی بۆ ئەوە ‌بووە کە بەشداری کۆبوونەوەی ئەو ئۆرگانە بکات لە پایتەخت، ئاخر خۆ سەنگاوی کە رێی پایتەخت دەبڕێت، بۆ ئەوە دەچێت بەشداری کۆبوونەوەیەک بکات، کە یەکێک لە تەوەرەکانی راستکردنەوەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتییە، بەڵام چونکە پارتی نایەوێت ئەو پەیوەندییانە راستەڕێ ببنەوە، بە ئاسانی مەسجێک لەرێی بەدڕەفتاری دەستەبژێری باڵایانەوە دەنێرێت و پێیان دەڵێت، ھەولێر چیتر لە من جێگەی کەسی تێدا نابێتەوە.

رێگرییەکەی ئەمڕۆی بازگەیەکی پارتی لەکەسێک کە لەماوەی رابردوو لەپێناو بەرگری لەیەکێتی رەخنەی لە پارتی گرت، نیشانیدەدات، کە ئەو ھێزە لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ یەکێتی بە بنبەست گەیشتووە و بەو فۆڕمی بیرکردنەوەی ھەموو جۆرێکی ھاوبەشی رەتدەکاتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەوە لەبەدڕەفتاری لەبەرامبەر تیمی حکومەت ‌و کابینەی نوێش رەنگیداوەتەوە و وەک رۆژی روناکیش لە میدیاکانی پارتی بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵام کاتێک یەکێتی بە تەنھا بەیاننامەیەک و چاوەڕوانی داوای بوردنێک دڵی لەبەرامبەر ئەو بێ رێزییە سارد دەبێتەوە، نیشانیدەدات کە ئیدی یەکێتی ھێزی بەرگریکردنی لەخۆی لەدەستداوە، چونکە دواجار ئەو مۆدێلە لەخەمساردی لەبەرامبەر ستەمکاریی پارتی دەشێت ئەو ھێزە لەوە زیاتر بکاتە کەڵەگا.