سەردێڕ:

کەرکوک

5/26/2019 5:55:12 PM
2769 جار خوێندراوەتەوە
بێستون فایەق
+ -

بەرپرسی یەکەمی خراپی دۆخی کورد لەناوەندی پارێزگا و قەزاو ناحیە و گوندەکانی کەرکوک کورد بۆ خۆیەتی، ئەو رووداوانەی کەرکوک لە تەعریب و جارێکی ترشێواندنەوەی دیموگرافیای شارەکە و لابردن و ئاڵو گۆڕکردنی بەڕێوەبەرە کوردەکان، بەتەنیا تاوانی راکان جبوری جێگری پارێزگار نیە، لە کاتی  چۆڵبوونی پۆستی پارێزگاردا یاساو عورفە کارگێڕییەکان جێگر دەکەنە خاوەن دەسەڵات و کەسی یەکەمی بەڕێوەبردن.

دوای رووداوەکانی ١٦ ی ئوکتۆبەر و رادەستکردنی کەرکوک و ئیدارەو دەسەڵاتە کوردیەکەی بە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دۆخی کورد جارێکی تر گەڕایەوە پێش ساڵانی ٢٠٠٣ و بە دواکەوتنی دانانی پارێزگار کە بەشی کوردە و بەغدا و پێکھاتەکانی کەرکوکیش نکوڵی لەوە ناکەن، ئەو خراپیەی دوخی کورد بەرەو قوناغێکی توندتر دەڕوا و درێژە کێشانی ناکوکی و رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک دۆخی کەرکوک و خەڵک و خاکەکەی دەباتە قوناغێکی لە ئێستا خراپترەوە .

پارێزگار کەسی یەکەم و بڕیار بەدەستی سنوری ئیداری پارێزگایە و ئەگەر ئێستا کەرکوک پارێزگارێکی کورد ئیدارەی بدایە (پارێزگارێکی دەست پاکی جیاوارتر) بێگومان رووداوەکان بە جۆرێکی تر دەبون، لە  ١٦ ی ئۆکتۆبەر یەکێتی بە مامەڵە و کۆمەڵێ ھەنگاوی گوماناوی کەرکوک و خەڵک و خاک و دەسەڵاتەکەی بۆ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بەجێھیشت، دواتر و تا ئێستاش پارتی رێگرە لە دانانی پارێزگار و بە بیانو و ھۆکاری نابەجێ تاوانبار و بەرپرسە لەو دۆخە خراپانەی کەرکوک و خاک و خەڵکەکەی کە ئێستا بەردەوامە و رۆژ بەرۆژ پەرەسەندنی نوێ بە خۆوە دەبینێ .

ئەوەی ئێستا خەڵکی کورد لە کەرکوک بەسەری دێ، پێش ئەوەی راکان جبوری و حکومەتی بەغدا و لایەن و ناوەندی تر لێ بەرپرس بن یەکێتی و پارتی لێ ی بەرپرسن، ئەوەشی پێش ھەر کەس دەتوانێ بەر بەو ھەنگاوە ناڕەوایانە بگرێ پارێزگارێکی کوردە کە پارتی و یەکێتی بۆ کەرکوکی دانانێن.