سەردێڕ:

کەرکووک لە یۆتۆپیای کوردستانی بوونەوە بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد بە تکا و رجا!

9/8/2019 9:58:33 PM
10269 جار خوێندراوەتەوە
رێبین رەمەزان
+ -

ئەگەر گوزەرێکی کورت بە نێو شاری کەرکووکدا بکەیت، دەبینی ھەر یەک لە دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان، چییان بەم شارە کردوە و چۆن ھەموو شتێک خاپوور بووە، ھیچ گۆڕانکاری و نوێبوونەوەیەکیش رووینەداوە! لە ئێستاشدا تەنھا رێگاو بان و پرد و نەخۆشخانە و بیناکان وێران نەبوون، بەڵکو ناخی تاک بەتاکی ئەوشارە رووخاور و لە ھەندێک خەسڵەتەکانی مرۆڤایەتییش کەوتوون، لەو پەڕی نالەباریی، بێھیوایی و ھەناسەساردییدا ژیان دەبنە سەر، ھیچ شتێک نەماوە بێ حورمەت نەبووبێ، بێباکیی گەرووی گرتوون، شتێک نەماوە شانازی پێوە بکەن، جگە لە برین و مردن و نەھامەتیەکان نەبێ.

ئەگەر بەدیدێکی سایکۆلۆژی دروستیش لێیان بڕوانی، دەبینی بەئاسانی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکانی تر جیادەکرێنەوە، بەشێوازی قسەکردن و ئاستی قسەکردنی ھەر یەکێکیان ئەوە دەردەخات ھاوڵاتیەکی ماف خوراون و ھیچ ھەست بە ماف و ئەرکەکانی خۆیان ناکەن. لێرەدا جەلاد و بکوژەکان خۆشەویستن و ھەموو دەم بوونەتە قسە و باسی خەڵک و ستایش دەکرێن و دەست خۆشیان لێدەکرێت، ھەمیشە بۆ ئەوان شەرەفێکی گەورەیە کە وێنەیەکیان لەگەڵدا بگرن....دروست بوونی ئەم دۆخە دەروونییە رێک پەیوەندیی بەو لێشاوی کوشتن، داگیرکاریی و گەندەڵیی و درۆ گەورە گەورانەوە ھەیە کە بەردەوام دەسەڵاتدارانی شارەکە کردوویانە.

لە رابردوودا کە ھەژموونی دەسەڵاتی کوردیی بەسەر شارەکەدا زاڵ بوو، زۆر لە ئێستا باشتر نەبوو، بگرە ئەزموون و خراپەکاریی رابردوو بوو، ئەم نەھامەتیەی ئێستای لێ بەرھەم ھات و کوردیی ئەم ناوچەیەیان بەرەو ھەڵدێری دابەشکاری و حیزبایەتی برد، شاریشیان دابەشی سەرخۆیان کرد، بەجۆرێک کە ھەر فەرمانگە و سەربەلایەنێک بوو گەڕەک ھەبوو دوو بەش بوو...ھەڵەی بیست ساڵی حیزبایەتی خۆیان دووبارە لە کەرکووک نوێکردەوە، ھەموو شتێک بۆ خۆیان بوو،ئاڵای کوردستان بۆ خەڵک و نەوت تانکەرو غازیش بۆ ئەوان بوو، خۆشگوزەرانیی و سەفەرە بۆ ئەوان بوو ھوتاف و ھەست و سۆزی کوردایەتیش بۆ خەڵکە رەش و رووت و داماوەکە بوو،ھەڵپە ھەڵپی ریفراندۆم و سەربەخۆی و شایی و بەزم و خۆھەڵکێشان بۆ ئەوان بوو،ماڵ وێرانی و کوشتن و برینیش بۆ ئێمە بوو.

لە ئێستاشدا وابریار بوو دوای تەواوبوونی رێکارەکانی سوێند خواردنی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لیستی برایەتیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی ھەموو لایەنە کوردییەکان کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر پارێزگاری شارەکە بدەن و کەسێکی کورد ھەلبژێرن،بەڵام ئەوە حکوومەتیش پێکھات و سوێندیش خورا و پارێزگاریش ھەر دانەنرا،ھەرچەندە ئەم بەڵێن و قسانە بۆ ئێمە شتێکی تازە نیە و بەردەوام ھێزە کوردییەکان لە ھەوڵی فریوودان و بەرزکردنەوەی سۆزو ھەستی کوردایەتی بوونە بۆ داپۆشینی ھەڵەکانی خۆیان، دڵینام ئەمجارەش بەھەمان شێوە دەبێ و دانانی ئەو پارێزگارەش ھاوکێشەکان ھاوسەنگ ناکات،چونکە کاتێک تاک ئینتیمای بۆ شارو نیشتیمان نەما، پەیوەندی تاک و حکوومەت روخابێت و لەسەر درۆ بنیاد نرابێت.

شتێک نیە، ناوی چارەسەر بێت، چونکە چارەسەر تەنھا دروستکردنی پردێکی راستیە لە نێوان ھاوڵاتی و حکوومەت، ئەویش لەسەر بنەمای دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی تاکەکان لە ئەرک و مافدا...بۆیە ئەمەش بە حیزبی کوردی ناکرێت و ئەستەمە،محاڵە بتوانن دووبارە بێنەوەو چاکسازی بکەن و گوزەرانی تاکەکانی کەرکووک خۆش بکەن، چونکە مێژوویەک لە شکستیان لەم شارەدا تۆمارکردوە،لەبەر ئەوەش ھەر ئومێدێک بەم ھێزانە جگە لە خۆ فریوودان شتێکی تر نیە،چارەسەریش بۆ ئەم دۆخە دوورکەوتنەوەیە لە کەف و کوڵی کوردایەتی و لەناوبردنی قەومچێتیی و نەژادپەرستیی، ھەروەھا دروستکردنی قەوارەیەکی نوێ و سەربەخۆی ئازایە کە پێکھاتبێ لە کەسانێکی پاک و بێگەرد کە خەڵکی شارەکە بن و ھەر لەم شارەش بژین و گوزەران بکەن، بۆ ئەوەی بە باشی لە نەھامەتی و سەرگەردانی ھاوڵاتیانی شارەکە تێبگەن.