سەردێڕ:

خوێندنەوەیەک بۆ گۆڕانکاریە سیاسیەکانی جیھان و ھاوپەیمانێتیە نوێکان

11/12/2019 4:28:45 PM
5661 جار خوێندراوەتەوە
هۆگر برایم
+ -

ئەمە وتاری یەکەمە لە زنجیرە وتارێکی سێ بەشیی کە ھەوڵدەدەین تیایاندا ئەگەری داڕشتنەوەی ھاوپەیمانێتیەکان لەسەر ئاستی زلھێزە جیھانیەکان و کاریگەریان بەسەر ڕەوشی سیاسی ھەڕێمەکە بەگشتی و سوریا و کوردستانی ڕۆژئاڤا بەتایبەتی شڕۆڤەبکەین و ھۆکار و دەرئەنجامە شیمانەکراوەکان، لە ڕوانگەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ھەڕێمایەتییەوە بدەینە بەرباس و توێژینەوە. وتارەکانی دووەم و سێیەم لەلایەن ھاوڕێیانم ھیوا خۆشنا و شەماڵ بەشیری دەنوسرێن، کە تەواوکەری ئەم وتارە دەبن.
گۆڕانکاریەکان لەسەر گۆڕەپانی سوریا زۆر خێران. بەبێ تێگەیشتنێکی تیۆری دروست بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی، مەحاڵە شڕۆڤەیێکی واقیعیانە بۆ ئەو روداوانە بکەین، کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی و لە سوریادا بەتایبەتی، ڕوودەدەن. 
من لەم بەشەدا ھەوڵدەدەم، بەپشتبەستن بە تیۆریەکانی ئاسایشی ھەڕێمایەتی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان، گۆڕانکاریەکان لەسەرئاستی نێودەوڵەتی و ستراتیژی زلھێزەکان و گریمانەی گۆڕانکاری ستراتیژی شڕۆڤەبکەم و گومانی داڕشتنەوەی ھاوپەیمانیەکان بووروژێنم.
تایبەتمەندی سەرەکی سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەوەیە،‌ کە دەبێ لە ئاستی ماکڕۆوە شۆڕبینەوە بۆ ئاستی میکڕۆ. بەبێ تێگەیشتن لە سیاسەتی نێودەوڵەتی لە ئاستی ماکڕۆ، قسەکردن لە کێشە و ململانێ ھەڕێمایەتی و ناوخۆییەکانی وڵاتان، لە تێگەیشتنێکی ڕۆژنامەوانیی زیاتر نابێت. 
لە سەدەدەی ٢١ دا زلھێزە جیھانییەکان بریتین لە ئەمێریکا، چین، ئەوروپا و ڕوسیا. ئەمریکا تا ئێستاش پێگەی خۆی، وەکو ھێزی گڵۆباڵ ، پاراستووە. ھەریەک لە ئەوروپا(کە ھێزێکی یەکگرتوو و یەکدەستی نیە) و ڕوسیا تەحەددای ئەمریکا ناکەن بۆ ئەوەی ببنە ھێزی گڵۆباڵ و لەزۆر ئاستدا ئەو پۆتانسیالەشیان نیە ببن بەھێزی گڵۆباڵ. ئەوەی ڕێگەی بوون بە ھێزی گڵۆباڵی گرتۆتە بەر تەنیا چین (چاینا)ە، چونکە لەڕووی ئابوری، تەکنۆلۆژی، عەسکەری و تەنانەت جوگرافی و دیمۆگرافیشەوە، پۆتەنسیالی ئەوەی ‌تێدایە ببێتە ھێزی گڵۆباڵ و بەبڕوای زۆر لە شارەزایانی سیاسەتی نێودەوڵەتیش، لە چەند دەیەی تردا، جیھان ھێزێکیتری گڵۆباڵ بەخۆیەوە دەبینێت کە چینە. پرۆفیسۆر جۆن جەی میرشایمەر پێیوایە کە ئەو گەشەکردنە خێرایەی چین ، تاسەر بەئاشتیانە ناڕواتەپێش و لەگەڵ ئەمێریکا و ھاوپەیمانەکانی لە باشوری ڕۆژھەڵاتی ئاسیادا توشی پێکدادان دەبن. لەبەر ئەوە، لە خوێندنەوەی سایسەتی دەرەوەی ئەمریکا (لەھەر شوێنێک) دەبێ تێبینی ئەو ناکۆکیە ستراتیژیەی ‌بکەین لەگەڵ چیندا. ئەمریکا لە قۆناغی داڕشتنەوەی ھاوپەیمانێتیەکانیدایە لە سەرئاستی جیھاندا، کە لەوانەیە دوو تا سێ دەیەی تربخایێنێت. دەشێت ئەو شانۆ سیاسیەی تا ئێستا بینیومانە و پێیڕاھاتووین، گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەردابێت. لەوانەیە چیتر ڕوسیا دوژمنی ستراتیژی و ئەوروپاش دۆستی ستراتیژی نەبن بۆ ئەمێریکا. ئێران و کۆریای باکوریش چیتر تیرۆریست و بەڵا و سەرئێشەنەبن بۆی، بە پێچەوانەوە ھاوپەیمانیی عەسکەریی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتانەدا، ئەگەرێکی زۆر لەپێشە. لەوانەیە ھەوڵبدرێت کە لەو دوو وڵاتانەدا ڕژێمەکان نەرمتر بکرێن و وایان لێبکرێت کە بەڕووی ئابوری فینانسی لیبڕاڵ و جۆرێکیش لە دیموکراتی لیبڕاڵ بکرێنەوە. بەتایبەت لە ئێراندا، کە لەوانەیە لە دوای مردنی عەلی خامەنەیی، گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمدا بێتە ئاراوە. 
سەبارەت بە پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا و ئەوروپاش، پێدەچێت، تیۆری لیبڕالیزم لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا ڤاڵادەرکەوێت و ئەو دوو ھاوپەیمانە دێرینە، لە سەدەی ٢١ دا ڕێگاکانیان لەیەکتری جیابێتەوە. ئێستا پەیوەندی ئابوری ئەوروپا بە چینەوە زۆر پتەوترە وەکو بە ئەمریکاوە. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١٨ دا، رێژەی ھەناردەکردنی یەکێتی ئەوروپا بۆ چین سێ قات و ڕێژەی ھاوردەکردنیش بەڕێژەی ٥٨% زیادیانکردووە. ھەرچەندە تا ئێستاش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەورەترین بازاڕی ئەوروپایە بۆ ھەناردەکردن، بەڵام لە ڕووی ھاوردەکردنەوە،‌ چین زۆر لەپێشترە و ئەگەر ڕێگەی ئاوریشمی نوێ تەواو ببێت، ئەوا پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان ئەوروپا و ئەمریکا، دەشێ لاوازتر‌بن. 
لە ڕووی سەربازیەوە، ھاوپەیمانی ناتۆ، کە لە بنەمادا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سۆڤیەتی جاران و ڕوسیای ئێستا دامەزراوە، ووردە ووردە، گرنگی خۆی لەدەستدەدات و لە ئێستادا کێشەی زۆری تێکەوتووە. لە ڕووی فیناسکردنیشەوە بۆتە بارگرانی بەسەر ئەمریکاوە. گفتووگۆکانی ئەندامبوونی سویدیش لە ناتۆ خەریکە لەڕۆژەڤدا نامێنن. سیاسەتەکانی دوەمین ھێزی ناتۆ سەبارەت بە سوریا، واتا تورکیا ، تەواو پێچەوانەی بەرژەوەندیەکانی ڕێکخراوەکەیە، کە زوربەی وڵاتانی ئەوروپا ئەندامن تیایدا. ئەمریکاش لەگەڵ ئەوەی لەسەرەتاوە دەیتوانی ڕێگە لەو سیاسەتەی تورکیا بگرێت بەڵام نەیکرد. دەربڕینەکەی ماکڕۆن (ناتۆ ڕێکخراوێکی مێشکمردووە)، بەڵگەیەکی ئاشکرایە. ئەوانە ھەمووی لەگەڵ تیۆریەکانی مەدرەسەی ڕیالیستی لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا یەکانگیردەبنەوە، کە پێیوایە، دەوڵەتەکان تەنیا بەرژەوەندی و مانەوەی خۆیان بە بنەمادەگرن و لەو پێناوەدا ھاوپەیمانێتیەکان دادەڕێژرێن.
 بۆ ڕووبەروبوونەوەی چین، ئەمێریکا پێویستی بە ڕوسیا زیاترە وەک لە ئەوروپا. بەبێ ڕوسیا دەورەدانی چین ئاساننیە، بەڵام بە ھاوپەیمانێتیێکی عەسکەری لەگەڵ ڕوسیا، ئێران، پاکستان، ھیندستان و کۆریای باکوردا، دەتوانێت ئەو ئامانجە بپێکێت. وڵاتانی تری باشور و باشوری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا وەک و ژاپۆن، کۆریای باشور، ڤێتنام، تایلاند، فلیپین و ئوستوڕالیا پێشتر ھاوپەیمانی ئەمێریکان. ھەرچەند تا ئێستاش ناکۆکیەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمەریکا بەردەوامیان ھەیە، و لە زۆر مژاری سیاسی و عەسکەریدا دژایەتی یەکتری دەکەن، بەڵام تیۆریی ڕیالیستیەکان لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و ئاسایشی ھەرێمایەتی، یارمەتی ئەوەمان دەدەن کە گومانی، لەیەکتری نزیکبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە، لەلامان بەھێزتربێت. سازشی ھەردوولا لە سوریادا ئاماژەیەکی سەرەتاییە (بنەما‌ی ئەو سازشە بۆ سەردەمی ئۆباما دەگەڕێتەوە کاتێک لاڤرۆڤ و جۆن کەیری لە لە ساڵی ٢٠١٥، لە جنێف ڕێککەوتن و پاشانیش ڕێککەوتنەکە لە ھێلسنکی، لەلایەن تڕامپ و پۆتینەوە واژۆکرا). ھەروەھا چاوپۆشی ئەمێریکا لە تورکیا، بۆ کڕینی کەلوپەلیی سەربازیی وسیستەمی بەرگریی موشەکی ڕوسیی، ئاماژەیە کە ئەمێریکا گرینگی نادات بە بڵاو بونەوەی چەکی ڕوسی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام ئەوروپا نیگەراندەبێت. تەنانەت خەریکە وڵاتانی کەنداویش، کە نزیکترین ھاوپەیمانەکانی ئەمێریکان لەناوچەکەدا، سیستەمی بەرگری موشەکی ڕوسی دەکڕن.
تورکیا، کە تاوەکو ئێستا پێگەیێکی گرینگی لە ناتۆدا ھەبووە، دەبێتە قوربانیی سیاسەتی ئەمێریکا و ڕوسیا. سیاسەتەکانی ئەردۆغان تەنیا خزمەتیان بە روسیاکردووە و ئاسایش و ئاسایشی وزەی ئەوروپای خستۆتە مەترسی گەورەوە. ئەوروپیەکان، لەھەمووان زیاتر، بە بریاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمێریکا لە سوریا نیگەرانبوون و کەوتوونەتە پانیک. جێھێشتنی تەواوەتی سوریا بۆ ڕوسیا، بەمانای ھەژموونی تەواوەتی روسیا دێت بەسەر سەرچاوەکانی وزەی ئەوروپا و ناچاریان دەکات کە بەتەواوی وابەستەی گازی سروشتی ڕوسیا بن. ئەگەر ئاڵتەرناتیڤی تریش ھەبێت، لەوانە گازی سروشتی کوردستانی عێڕاق، ئێران و قەگەر، ئەوا ڕێگەکانیان دەکەوێتە ژێر ھەژموونی ڕوسیا
ئەمێریکا ھەمیشە ھەوڵدەدات کە ھاوپەیمانەکانی لە ژێر فەرمانی ئەودابن و ئەوەی ئەو وتی بێ مناقەشە پەسندیبکەن، وەک ئەوەی ئەوروپیەکان لە سەردەمی شەڕی ساردەوە تا ئێستا بۆیان کردووە. ئاسان نیە، ھاوپەیمانە مەزەندەکراوە تازەکان، ھەمان ڕۆڵی ئەوروپای بۆ ببینن، چونکە ئەمێریکا شتێکی ئەوەندە گەورەی بۆ ئەوانە نەکردووە وەکو ئەوەی کە  لە شەڕی دووەمی جیھانیدا بۆ ئەوروپیەکانی کرد، کە لە مەترسی نازیزم ڕزگاریکردن.
ئەگەر سەرنجبدەین، لەوەتای ترامپ ھاتۆتە سەرحوکم، حەڕفیەن ھەموو پلانەکانی ڤلادێمیر پۆتینی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا جێبەجێکردووە. ئایا ئەوە تەنیا پەیوەندی بە گەمژەیی، یان خۆ منەتباردیتنی ترامپە بۆ پۆتین، کە وەکوو ئیدیعا دەکرێت لە ھەڵبژاردنەکاندا کاریگەری لەسەر سەرکەوتنی ئەودا ھەبووە؟ یان ئەوە سیاسەتی تازەی ئەمێریکایە کە روسیا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەستکراوەبکات، کە گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست خەونی سەدان ساڵەی بووە؟ لەئەگەری ڕاستی ئەوگومانانە، تورکیا و ئەوروپا قوربانیی ئەو دۆکترینە تازەیەی ئەمێریکا ‌دەبن. ئەگەر شتێکی وا لە ئارادابێت ئەوا تورکیا زۆر ئەحمەقانە خزمەتی بەو ستراتیژە تازەیەکردووە و ئەوروپاش، بەھۆی کێشەی ئابوری و پاسیڤبوونی لە سیاسەتی دەرەوە و خۆ سپاردنی تەواوی بە ئەمێریکا، بەتەواوی شکستی ھێناوە. لێدوانەکانی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەبارەت بە ڕوداوەکانی ئەمدواییانەی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا، سەرھەڵدانی ناکۆکی نێوان ئەوروپا و ئەمێریکایان تیادا دەخوێندرێتەوە
لە سەدەی ٢٠دا ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، چەقی قورسایی سیاسەتی نێودەوڵەتییبوو، وە زۆربەی ململانێکان لەوێدا چڕدەبوونەوە. بەبڕوای من لەسەدەی ٢١ەمدا، چەقی ناکۆکیەکان لە باشوری ڕۆژھەڵاتی ئاسیایە. واپێدەچێت، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست گرینگیە ستراتیژیەکەی بۆ ئەمێریکا کەمبووبێت. لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھیچ دەوڵەتێکی ئەوەندە بەھێز نیە کە ببێتە ھەڕەشەیێکی جددی لەسەر بەرژەوەندیەکانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمێریکا. نەوتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست چیتر ئەو چەکە ستراتیژیە نیە کە ھەڕەشەی پێ لە ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمێریکا بکرێت، ئەگەر ببێتیش، ھیچ ھێزێک نیە بتوانێت بەکاریبێنێت. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی فاینانشڵ تایمز کە لە ٢٠١٢ بڵاوکراوەتەوە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا لەوەنزیکبۆتەوە کە ھیچ پێویستی بە نەوتی ھاوردە نەبێت. لە ئێستادا تەکنۆلۆژیا چەکی ھەرە بەھێزە. وڵاتێکی بچوکی وەکو سوید، بەھۆی توانا تەکنۆلۆژیەکەیەوە، بەتایبەت لە تەکنۆلۆژیای عەسکەری، بۆتە جێگەی سەرنجی ناتۆ بۆ بوون بەئەندام لەو ڕێکخراوە
لە وتارێکی پێشتردا، گومانی گۆڕانکارییم لە دۆکترینی ئەمێریکاداکردبوو. ئێستا ئەو گومانانە، بەھێزتردەبن. ئەمێریکا فۆکوسی زیاتری لەسەر چینە و گەشە خێراکەی ئەو وڵاتە ئەمێریکای خستۆتە دڵەڕاوکێ.  دەبێ پەلەبکات لە خۆکۆکردنەوە و ناتوانێت بەتەنھا ڕووبەڕووی چین ببێتەوە. لەبەرئەوە،‌ ھەوڵدەدات کێشەکانی لەو ھەرێمانەی تا ئێستا گرینگبوون، وەکو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا، بەزوویی چارەسەربکات.
 ڕوسیا ھیچ ھەڕەشەیێکی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەمێریکا نیە، بەڵکو ھەڕەشەی لەسەر ئەوروپا ھەیە. لوتکەی ڕوسیا-ئەفریقیا لە سوشی ئاماژەیەکە، کە ئەمێریکا و ڕوسیا لە سەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت سوریا ڕێککەوتوون تا ڕوسیا لە ئەفریقیا نزیکببێتەوە. ڕوسیا ھاوکاریی سەربازیی لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقادا ھەیە لەوانە، ئەپیوپیا، ئەریتریا و زیمبابۆی. بنکەیەکی سەربازی لە نزیک بانگوی پایتەختی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست کردۆتەوە و دوای ئەوەی جیبۆتی ڕازینەبوو بە کردنەوەی بنکەی سەربازیی ڕوسی لە وڵاتەکەدا، ئەوا بنکەیێکی لە ئەریتریا کردۆتەوە. وا پێدەچێت ڕوسیا بیھەوێت ڕێگەی دەریای سور بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە کە وەکو بۆڕی ھەناسەیە بۆ ئەوروپا
 ئەمڕۆ چین، لە کۆی ٥٤ دەوڵەتی ئەفریقی، پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ٤٩ یاندا ھەیە. ئەوروپا و ئەمێریکا ڕابردوویەکی ئەوەندە پاکیان لە ئەفریقیادا نیە تا بتوان لەوێدا ڕوبەڕووی چین ببنەوە، کە دیارە ئەوروپا ئەوکارە ھەرناکات. بۆیە ئەمێریکا ھەوڵدەدات ڕوسیا بکێشێتە ناو گۆڕەپانی ئەفریقاوە. پێدەچێت ئەمێریکا ھیچیتر شان نەداتە بەر باری خواری ئەوروپا. ھەروەکو چۆن پەیوەندیە بازرگانیەکانی ئەوروپا لەگەڵ چین بەرەوپێشەوە دەچن، بەھەمان شێوە، پەیوەندیە بازرگانیەکانی ئەمێریکاش لەگەڵ وڵاتانی پاسیفیک بەڕێوەدەچێ، کە ژمارەی دانیشتوانیان، بەبێ چین، نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن دەبێت، کە لە دانیشتوانی ئەوروپا زیاترن.
 پەیوەندیە ئابوریە بەھێزەکانی  نێوان چین و ڕوسیا وەکو بەڵگەی نەبوونی ناکۆکیان لەنێواندا نیشاندەدرێت. بەڵام لە ھەمانکاتدا ڕوسیا ھەوڵدەدات کە یابان و کۆریای باشور، بەتایبەت لە باشوری ڕۆژھەڵاتی ئەو وڵئتەدا سەرمایەگوزاریبکەن. ئەگەر پەیوەندی بەھێزی ئابوری وەکو ئاڕگومێنت بۆ ھاوپەیمانی ستراتیژی  نیشانبدرێت ئەوا ئابوری ئەمێریکا و چینیش بەناویەکتریدا چووە و گازی سروشتی ڕوسیا سەرچاوەیەکی سەرەکی وزەی ئەوروپایە بەتایبەت ئەڵمانیا.  ئەوەی جێگەی بایەخە ئەوەیە، کە گەورەبوونی چین ھەر تەنیا ئابوری نیە، بەڵکو عەسکەری و سیاسیشە. کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی ڕوسی لەلایەن چینەوە، کە تەکنۆلۆژیایەکی بەرگری بەھێزە، لە ئەگەری ڕوبەڕوبوونەوەی لەگەڵ ئەمێریکادا، نەک ھەر خاڵی بەھێز نابێت، بەڵکو دەشێ وەکو ئەسپی تەروادەش وابێت. بەپێی زۆر سەرچاوەش، پەیوەندیەکانی نێوان ڕوسیا وچین ئەوەندەش تۆکمە نین وەک تەخمین دەکرێت. ئەوەتا مێلیندا لیو لە " ئۆفیسی فۆرەجین پۆلیس لە پەکین" لە دوا شیکاری خۆیدا، پێیوایە ئەوەی ڤلادێمیر پوتین و شی ژینگ پینگ ی کردۆتە ئەحبابی ئەوڕۆ، سیاسەتە ناڕوونەکانی دۆناڵد ترامپە، کە پۆتانسیەلی دوژمنایەتی بۆ ھەردووکیان تێدایە. ناوبراو دووربوون و نزیکبوونەوەی چین – ڕوسیای سۆڤیەتی لە ڕابووردودا بەبیردێنێتەوە کە زۆربەی جار پەیوەندیەکان کاتی بوونە، شیمانە دەکات ئەو ئاوازانەی ھەردووکیان لە ئێستادا، سبەی بە شێوەیەکی تر ببیسترێن. ھەروەھا بە بۆچوونی ڕافایلۆ پاتریسی بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی، کە بارەگاکەی لە لەندەنە، ئێستا مۆسکۆ و پەکین ئامادەن لە بەرانبەر واشینگتۆن بەیەکەوە پەنجەی خۆیان بخەنە ناو ئاگر، بەڵام ئەوە واتای ئەوە نیە لە ھەموو کۆنتێکستەکاندا ھاوڕان. ھەر لەو پەیوەندەدا، کۆمپانیای ڕاند لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٨ی خۆیدا، باس لە ئایندەی پەیوەندیەکانی ڕوسیا و چین دەکات و دەڵێ: لە ئەگەری سەرکەوتنی ھەردوو ھێزدا، چین دەتوانێ پەرە بە ئابووریەکەی بدات، بەڵام ڕوسیا ئەو تواناییەی نیە. ئەوەش ھۆکارێکە بۆ نەگەیشتنی ئەو دووانە بۆ ڕێککەوتنێکی مەودا درێژ. بۆیە پەیوەندیەکانی ئەو دوانە بە شێوەیەکی ئۆپۆرتۆنیستانە بەڕێوەدەچن
لەسەردەمی شەڕی سارددا، چین ترسی ئابوری لە یەکێتی سۆڤیەت نەبوو و ناکۆکیی ئایدۆلۆژیشیان نەبوو، بەڵکو مەترسیەکان ھەژموونی سیاسیی و عەسکەریی بوون. بۆیە چین لە ئەمێریکا نزیکبۆوە. ئێستا ھاوکێشەکە پێچەوانەبۆتەوە و مەترسی ھەژموونگەرایی چین بەسەر ڕوسیا و وڵاتانی پاسیفیکەوە لەئارادایە. کە دیارە، بەگوێرەی تیۆریەکانی ئاسایشی ھەڕێمایەتی، نزیکی جوگرافی فاکتۆرێکی سەرەکییە بۆ پێکھێنانی ھەڕەشە. لەبەرئەوە، ئەمێریکا ھەرەشە نیە لەسەر ڕوسیا، چونکە لەڕوی جوگرافیەوە سنوری زەمینییان بەسەریەکەوە نیە و جوگرافیای  ئالاسکا و باکوری ڕۆژھەڵاتی ڕوسیا، کە لەیەکەوە نزیکن، لەڕووی عەسەکەرییەوە خاکێکیی مردوون. بەوپێیە ڕوسیاش پێویستی بە ھاوپەیمانی لەگەڵ ئەمێریکا دەبێت بۆ ئەوەی خۆی لە ھەڕەشەی چین بپارێزێت.
دەرئەنجام:
پێموایە،‌ کە مەترسیەکانی چین بۆ بوون بە ھێزێکی جێگرەوەی ئەمێریکا، وا دەکات کە ھاوپەیمانێتیە سیاسیی و عەسکەریەکان لە ئاستی گڵۆباڵدا گۆڕانکاری ڕیشەییان بەسەردا بێت. ئەو دەوڵەتانەی کە تاوەکو ئێستا ھاوکار و ھاوپەیمان بوونە، لەیەکتری دوردەکەونەوە. بەتایبەتی ئەوروپا و ئەمێریکا. بەرژەوەندیەکانی ھەردوو دەوڵەتانی ئەمێریکا وڕوسیا لەوەدایە کە لەداھاتودا ھاوپەیمانی یەکتربن، تا بتوانن ڕوبەڕووی چین ببنەوە. بۆ ئەمێریکا مەسەلەی جێلەقبوونیەتی وەکو تاکە ھێزی گڵۆباڵ و باڵادەست لە ئاستی جیھانیدا و بۆڕوسیاش خۆپاراستنیەتی لە ھەژمونی ئابوری، سیاسی و عەسکەری چین، لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە ڕوسیا ھەوڵدەدات کەھەژموونی خۆی بەسەر ئەوروپادا بسەپێنێت.