سەردێڕ:

لەبارەی ناسیونالیزمی مەدەنیەوە!

9/5/2019 3:49:38 PM
2847 جار خوێندراوەتەوە
هۆگر ئیبراهیم
+ -

لەم ساڵانەی دوایی لە کوردستانی عێڕاق، خەریکە ڕەوتێک گەشە دەکات کە خوڕافاتەکانی ناسیونالیزمی کوردایەتی ڕەتدەکاتەوە و لە بەرامبەریدا مۆدێلێکی نیشتیمانسازی، لە سەربنەمای بەیەکەوەژیانێکی پلوڕاڵ و ئازادانە، کە دیموکراسی میکانیزمی کارپێکردنیبێت، دەخاتە گفتوگۆوە و ھەوڵدەدات کە گەنجانی کورد لە ڤایرۆسی ناسیونالیزم، و بەتایبەت ناسیونالیزمی نەژادیی کوردایەتیی، ڤاکسینبکات. ئەمە لەھەمانکاتدایە کە ڕێبەری سیاسی و فیکری پ ک ک، عبداللە ئۆجالان، لە ساڵی ١٩٩٩وە لە زیندانی ئیمڕاڵیەوە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکات و ئاڵتەرناتیڤی خۆی، کە لە کۆنفیدڕاڵیزیمی دیموکراتیدا فۆڕمۆڵەکردووە، دەخاتەڕوو و زۆر بەئاشکرا و ڕاشکاوانە دەوڵەتی نەتەوەیی ڕەتدەکاتەوە. دیارە ئەو گوتارە نەک ھەر لەسەر ئاستی نوسین و قسەکردن نەماوەتەوە، بەڵکو بۆتە پڕۆژەی بزوتنەوەیەکی سیاسی کە نوێنەرەکانی بە تەنیا لە سەر ئاستی تورکیادا نزیکەی ١٠ ملیۆن دەنگدەریان ھەیە و لە باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریاشدا(ڕۆژئاڤا) حوکمیڕانیی ناوچەیەک دەکات کە بەقەد ڕووبەڕی دەوڵەتێکی وەکو لوبنان دەبێت و نزیکەی ٢ تا ٣ ملیۆن کەسیش لە کورد، عەرەب، سوریانیی و ئەرمەنیی وتورکمانی تیا دەژیێن. کەواتا بەر لە ھەموو شتێک، ``دەوڵەتی کوردی خەونی ھەموو کوردێکە``  لە وەھمێک بەولاوە شتێکیتر نیە. ‌ ئێستاش ھەندێک ڕۆشنبیر، کە پێیان شەرمە ناسیونالیستبوونی خۆیان بەیانبکەن، مایەپووچانە، بەیعەت بە دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی دەدەنەوە. 
لەم وتارەدا، دەمەوێ جارێکیتر ناسیونالیزم وەکو چەمک و وەکو فیکریش بدەمە بەر ڕەخنە ‌و ئەوە ئاڕگومێنت بکەم کە ھەموو ڤێرژنەکانی ناسیونالیزم ھەمان جەوھەریان ھەیە و ترۆپکی ھەر ناسیونالیزمێکیش فاشیزمە. لە ھەمانکاتدا پەردە لەسەر مەعریفە و فیکری سیاسی ھەندێک ڕۆشنبیریش ھەڵدەمەوە کە پێیانوایە، لەخۆیان بترازێ، کەس ئاگاداری ئەو چەمکانە نیە و وا دەزانن ھەر لەسەردەمی جەریدەی کاغەزدا دەژیێین و کەس دەستی بەزانیاریی نوێ ڕاناگات و لە نوخبەیەک زیاتر کەس ناتوانێ بیروبۆچوونی خۆی بخاتەڕوو، وە خەڵکیش ناچارن تەنیا وتارە پۆپۆلیستیەکانی ئەوان بخوێننەوە. 
ھەرچەندە نەتەوە، وەکو چەمکێکی سیاسی و تێکەڵکردنی بە ناسیونالیزم، مێژوویەکی ئەوەندە کۆنی نەبێت، بەڵام بەناو کردنی گروپە ئەتنیکییە جۆربەجۆرەکان مێژووەکەی،[دەتوانین بڵێین] بەقەد مێژووی مرۆڤ کۆنە و لەگەڵ ئەوەشدا لە گۆڕانێکی بەردەوامدابووە. زانستی دی ئێن ئەی(DNA) ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە ھیچ نەتەوە و گروپێک نیە، [ وەکو ناسیونالیزمی ئەتنیکی یان مۆدەلی ئەڵمانی ئیدیعای دەکات]، خوێنی پاک و بێگەردبێت( بەمانای تێکەڵ نەبوون بە گروپیتر). کەواتا لە ڕووی پێکھاتەییەوە،‌ نەتەوە شتێکی جێگیر نیە. من لە وتارێکی پێشووتر لە سەر ناسیونالیزم، باسم لەوەکردووە، ئەگەر ڕەوڕەوەی مێژوو بە ئاڕاستەیێکیتردا بڕۆشتبایە، ئەوکاتە مەد، ھوریی و میتانیی و گروپەکانی تر کە بە بابوباپیرانی کورد دەناسرێن، دەستەڵاتەکانیان لەدەست نەدایە، ئێستا، گەلێک یان نەتەوەیەک بەناوی کوردەوە بوونی نەدەبوو، بەڵکو لە بری ئەوە چەند نەتەوەیێکی جیاواز ھەر بەناوە کۆنەکانی خۆیانەوە دەمانەوە و سنوریان لەیەکتر جودا دەبوو. ئەگەر فتوحاتی ئیسلامی نەبوایە، ھەرگیز میسر سەردەمانێک نەدەبوو بە مەرکەزی ناسیونالیزمی عڕوبە. سوریا ناوی (جمھوری العربیە السوریە) نەدەبوو و... ھتد. کەواتە، نەتەوە دیاردەیەکی مێژووییە و تا دەرکەوتنی ناسیونالیزم لە گۆڕانی بەردەوامدابووە. 
لە دونیای ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستە کۆمەڵایەتیەکاندا باس لە دوو مۆدێل لە ناسیونالیزم دەکرێت؛ یەکەمیان مۆدێلی فەرەنسییە کە بە ناسیونالیزمی سڤیل ناسراوە و مۆدێلی دووەمیش ناسیونالیزمی ئەڵمانییە کە بە ناسیونالیزمی ئەتنیکی یان نەژادی ناسراوە. لە مۆدێلی ئەڵمانیدا، ئەندامبوون لە نەتەوە شتێکی پێشتر بریارلێدراوە. ئەوە تۆ نیت کە بریار دەدەی، بەڵکو باکگراوندی ئەتنیکیت
بڕیاردەدات کە سەر بەچ نەتەوەیەکیت. واتا نەتەوە لەسەر بنەمای گرێدانی خوێن پێناسە دەکرێت. ھەرچی مۆدێلی فەڕەنسیە، ئەندامبوون لە نەتەوە بە خوێنەوە نابەستێتەوە،‌ بەڵکو گرێدان و ئینتیمایە بۆ دەوڵەت، واتا ھاوڵاتیبوون کڕۆکی نەتەوەبوونە و دەکرێت ئەندامانی نەتەوە لە گروپ و ئەتنیکی جیاوازبن، یانیش کۆمەڵێک گروپ و ئەتنیکی جیاواز نەتەوەیەک پێکبێنن. لێرەدا جیاوازیێک لەنێوان ئەو دوو مۆدێلە لە ناسونالیزم نیشاندەدرێت. بەڵام ھەرەوکو جەنیفەر جاک-پریس و جەیمس مایاڵ دەڵێن، ئایا جیاوازیێکی ڕوونوئاشکرا لەنێوان ئەم دوو مۆدێلەدا بەدیدەکرێت؟
ئێمە پێشتر ناسیونالیزمی کوردایەتیمان بە دوو باڵ وەێفکردووە، کە ئەوانیش کوردایەتیی خێڵەکیی موکریانی [کە بە کوردایەتیە ئۆرجیناڵ و ئەێیلەکەی دەزانین] و باڵی کوردایەتی ئەفەندیەکان [کە بە کوردایەتیە موزەییەفەکەی دەزانین، لە کاتێکدا خۆیان ئیدیعای ئەێیڵ بوون دەکەن]. دیارە ھەردوو باڵەکەی کوردایەتی ناسیونالیزمی نەژادیین کە سرودی ئەیڕەقیبیش مانیفێستۆکەیانە. ئەو ناسیونالیزمە لە تەمەنی نزیک بە ێەت ساڵەی خۆیدا، لە سیاسەتدا فاشیلترین، لە فیکردا بەتاڵترین و لە کلتوردا داوەشاوترین ڤێرژنی ناسیونالیزمە و ئەوەی تۆزقاڵێک مەعریفەی سیاسی ھەبێت لەڕووی نایەت خۆی بەو ناسیونالیزمەوە ھەڵبواسێت. بۆیە ھەندێک نوسەر دێن ناسیونالیستبوونی خۆیان لەسەر شێواز‌ی ناسیونالیزمی مەدەنی (مۆدێلی فەڕەنسی) بەیان دەکەن و دەیانھەوێت ناسیونالیزمی مەدەنی، بە مۆدێلێکی پێشکەوتوو بە خوێنەری کورد نیشانبدەن؛ لەکاتێکدا لە ناوەندە ئەکادیمیەکانی ئەوروپا و ئەمریکادا ئەو بۆچوونە جێگەی سەرنج، ڕەخنە و پرسیارە. بۆیە من تەحەددادەکەم، ھەموو ئەو ئەکادیمییە ئەوروپانشینانەی کە بەکوردی قسە لەسەر ناسیونالیزم دەکەن و کوردایەتی دەلاوێننەوە، ھەمان ئەو وتار و چاوپەکەوتن و نوسینانەیان بە زمانی ئینگلیزی، یان بە زمانی ئەو وڵاتانەی لێی دەژیێن بڵاو بکەنەوە، مەگەر بەس لە لای جیمی ئۆکەرسۆن، تێرری بۆودێت، مارینە لۆ پێن و ماتیۆ سالڤینی کاری ڕاوێژکارییان دەستبکەوێت، ئەگەرنا چاویان بە ھۆڵی وانەگووتنەوەی یەک زانکۆی ئەوروپیی ناکەوێت.

مایاڵ و جاک-پریس، لەسەر ناسیونایزمی ئەمریکی دەڵێن، ھەر لە درووستبوونی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکاوە، وا حسابدەکرێت کە ناسیونالیزمی ئەو وڵاتە مەدەنییە،‌ کە لەلایەن کۆچبەرانەوە دامەزراوە. ھەڵبەتا نەیاندەتوانی ئیدیعای ئەوە بکەن، کە سەر بە گروپێکی ئەتنیکی دیاریکراون. ئەگەر گەلی ئەمریکا بە یەک دەستور پێناسەکراوە، بۆچی ھەمان مۆدێل لە ھەموولایەکی وڵات وەکو خۆی جێبەجێ نەدەکرا؟‌ کە ھەرچەندە  وڵاتەیەکگرتووەکان لەسەر بنەمای پەیماننامەی شۆڕشی ئەمێریکی لە دژی بەریتانیا و پەیماننامەی ١٧٨٧-١٧٨٨دا، دامەزراوە بەڵام تەنیا لە پەنسلڤانیادا سیاسەتێکی کراوە بەرامبەر کۆچبەران ھەبووە. ھەردوو دۆکومێنتە گرینگەکان، واتا بەیاننامەی سەربەخۆیی و دەستوری ئەمێریکا، لەلایەن پیاوانێکەوە نوسرانەتەوە،‌ کە بە ھەمان زمان قسەیاندەکرد و سەربەھەمان کلتوربوون، کە دیارە ئەویش بەریتانی بوو و زۆرینەی کۆچبەرانیش ھەر لەو وڵاتەوە ھاتبوون. کەواتا، چەمکی ناسیونالیزمی دیموکراتی یانیش مەدەنی، جیاوازیێکی ئەوتۆی لەگەڵ ناسیونالیزمی ئەتنیکی نیە، وەک ئەوەی نوێنەرەکانی دەیانھەوێت قەناعەتمانپێبکەن. 

ناسیونالیزمی تورکیش لەسەرەتاوە لە سەر بنەمای ناسیونالیزمی مەدەنی دامەزرا و یەکێک لە تیۆریسیەنە سەرەکیەکانی، محەمەد زیا گۆک ئاڵپ، کە کورد بوو، پێی ناخۆش بوو کوردەکان بە تورکی شاخاوی ناوزەدبکرێن، چونکە ئەو پێیوابوو کە ئەندامبوون لە نەتەوەی تورک، بەمانای ئەوە نایەت کە لە ڕووی ئەتنیکییەوە تورکبیت.  کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی کە بە سەچاوەی ناسیونالیزمی تورکی دادەنرێت و لە ێر کاریگەری گەنجانی فەڕەنسییدابوون، دوو لە پێنج دامەزرەنەرەکانی کوردبوون. کەمالیزمیش درێژکراوەی ناسیونالیزمی ئەو ڕێکخراوەیە بوو. یەکێک لە ھۆکارەکانی کۆمەڵکوژنەکردنی کوردەکانیش ھەر ئەوەبوو کە بەھۆی موسڵمانبونیانەوە، وەکو تورکی دواڕۆژ حسابیان بۆ کرابوو. بۆیە ئەوانە دەری دەخەن کە کەمالیزم لە سەرەتاوە ناسوینالیزمی مەدەنی بوو، بەڵام مێژوو نیشانیداین کە بە چ فاشیزمێکی قەومی و نەژادی ئاودرابوو و کوردیش بوو بە گەورەترین قوربانی ئەو فاشیزمە. کەچی ئێستا نوسەرە ``حیملاقەکانی`` کورد دەیانھەوێ ئەو مۆدێلەی ناسیونالیزممان بە گوڵ و گوڵستان نیشانبدەن و گەلی کوردستان لە ژێر تەپکەی ناسیونالیزمی نەژادی کوردایەتی دەربێنن و بیکەن بە ‌تەڵەی ناسیونالیزمی مەدەنی ئەکادیمیەکانەوە. 

ئەگەر سەیرێکی خودی ناسیونالیزمی فەڕەنسیش بەکەین، کە لەبەرامبەر ناسیونالیزمە داخرا و ڕەگەزپەرستییە ئەڵمانیەکەدا، بە ڤێرژنە کراوە و پێشکەوتووەکەی ناسیونالیزم دادەنرێت، مێژوویەک لە فاشیزم بەولاوە شتێکی تری لێنابینین. لەناوبردنی ھەموو کلتور و زمانە خۆجێییەکانی سەرزەمینی فەڕەنسا و تواندنەوە و ئاسیملاسیۆنکردنیان لەناو کلتور و زمانی دەوروبەری پاریس، لە فاشیزم و ڕەگەزپەرستی بەولاوە، دەبێ چ وەێفێکی تری بۆبکرێت؟ تا ئێستاش ئەوەی لە بەرامبەر کەتەلۆنیەکانی باشوری فەڕەنسا دەکرێت ھیچی کەمتر نیە لە وەی کە بەرامبەر کورد دەکرێت. ئەوەی کە ناسیونالیزمی فەڕەنسی لە ئافریقا، و بەتایبەت لە جەزائیر کردی، چ جیاوازیەکی لەگەڵ ئەوەی ھیتلەردا ھەیە؟ مەگەر ھەر ئەوەبێ،‌ کە فەڕەنسا سەرکەوتووی شەڕبوو و ھیتلەریش دۆڕاو. دیارە مێژووش سەرکەوتووەکان دەینوسنەوە. ئێستا کە حیزبەکەی (لو پێن) کە لەسەربنەمای ناسیونالیزمی فەڕەنسی کاردەکات، کامانەن فیکر و ئایدیا دیموکرات، پلوڕاڵ و مرۆڤایەتیەکانی، کە ڕۆشنبیر و ئەکادیمیەکانی ئێمە ئاوا ئیلھامیان لێوەردەگرن و دەیانھەوێ ئەو مۆدێلە بۆ کورد تیۆرایزبکەن؟

ئەگەر بەراوردی ناسیونالیزمی ئەتنیکیی و ناسیونالیزمی مەدەنیی بکەین، تەنیا جیاوازیێکی پێکھاتەیی دەبینین، کە ئەویش پێناسەکردنی نەتەوە و ئەندامێتیی نەتەوەیە. ئەگەرنا جیاوازییێکی جەوھەریی نادۆزینەوە کە ڕێگەی ئەو دوو ڤێرژنە لە لەیەکتر جیابکاتەوە. فانتازیای ھەردووکیان دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیە و ھەردوکیان سیمبۆڵەکانی دەستەڵات و دەوڵەتی نەتەوەیە تا ئاستی خودا پیرۆزدەکەن. ھەردوکیان، نەتەوەی خۆیان لەسەرووی ئەوانیترەوە دەبینن و ئەگەر بۆیان بکرێت لەناویان دەبەن. فراوانبوونی دەوڵەتی نەتەوە لەسەر بنەمای داگیرکاری ئامانجی ھەردووکیانە. چونکە فەلسەفەی دەوڵەتی نەتەوە لەسەر بنەمای فراوانبوون بنیاد نراوە، بەڵام ھەموو دەوڵەتێکی نەتەوەیی دەرفەتی پڕاکتیزەکردنی نیە. ئەگەرناسیونالیزمی ئەڵمانی لەژێر ناوی نەژادی پاکی ئاری، ھەقی بەخۆیدەدا کە ئەوانیتر لەناوببات و وڵاتیان داگیربکات، ئەوا ناسیونالیزمی فەڕەنسیش لە ژێرناوی کلتوری بەرزی فەڕەنسی، گەلانی تری لەناوبردووە یانیش ئاسیملاسیۆنی وەکو تاکە ئاڵتەرناتیڤ لەبەردەمدا ھێشتونەتەوە. خاڵێکی ھاوبەشی نێوانیان، کە بەبڕوای من جەوھەریترینە، ئەوەیە، کە دوو ئایدۆلۆژیای تەواو نێرسالارین و تێڕوانینێکی جیاوازیان بۆ ژن نیە. لەم سەردەمەشدا کە پرسی ژینگە بۆتە بابەتێک کە پێویستی بە بڕیار و ھەڵوێستی سیاسی ھەیە، تێڕوانینی ھەردوو جۆر لە ناسیونالیزم بۆ ئەو پرسە، جیاوازی نیە،‌ کە ئەویش باوەڕنەبووبە بە پرسێکی لەو جۆرە.   
کەواتا، ئەو نوسەرانەی کورد، کە تا ئێستا بە ڕۆشنبیرمان زانیون و ئێستا پەراسووە ناسیونالیستیەکانیان دەردەکەون، پێمان ناڵێن کامەتا پێشکەوتن و دیموکراتیبوونی، ناسیونالیزمی مەدەنی و کامەتا ئاڕگومێنتەکانیان کە ناسیونالیزمی مەدەنی کوردایەتی لە ناوچەکەدا، لەچاو ناسیونالیزمە مەدەنیەکەی کەمالیزم، مۆدێلێکی شازدەبێ لە ھەموو مێژووی ناسیونالیزمدا و سەری لە داڵانەکانی فاشیزمەوە دەرناچێ؟