سەردێڕ:

دەستور و سەرۆکایەتی و مەسەلەی تەمەن ..!

9/5/2019 2:22:46 PM
2996 جار خوێندراوەتەوە
راستگۆ محەمەد
+ -

(سەرۆک) نازناوی ئەو کەسەیە کە بەرزترین پۆست و لوتکەی ھەرەمی دەسەڵات لە وڵات، حکومەت ، حیزب ، کۆمپانیا ، زانکۆ ، سەندیکا و گروپ و ڕێکخراوە، و ھتد وەردەگرێت .

ئەگەر ئەو دەزگا و ئۆرگانانە بچوێنین بە جەستەی مرۆڤێکی کامڵ، ئەوا (سەر- ۆک) وەک لە پێکھاتەی پیتەکانی ووشەکەوە دیارە، ڕۆڵی (سەر) دەبینێت، لەزمانی عەرەبیشدا ھەروایە (رٲس : رئیس). سەریش لەلایەک بەشی باڵا و سەرەوەی جەستەیە ، لەلایەکی دیکەوە وەک ئەندامێکی ھەستیار و گرنگ، بەشی ناوەوەی شوێنی بڕیاردان و ئیدارەدانە، و بەشی دەرەوەشی جێی سەرنج و تەماشا و تێڕوانینی خەڵکیە و دەبێتە واجیھە و وێنە و پێناسی ئەو جەستەیە ..

بۆیە وەک چۆن ھەمووان گرنگی تایبەت دەدەین بە (سەر)ـمان لەڕووی تەندروستی و لەڕووی شکڵ و جوانکارییەوە، بەھەمان شێوە دەبێ ھەموو وڵات و حکومەت و حیزب و ...ھتد گرنگی بدەن بە (سەر-ۆک)ـەکەیان، چونکە تەندروستی و سەرحاڵی و جوان و کەشخەیی ئەو سەرۆکە، دواجار ڕەنگدانەوەی زۆری دەبێت لەسەر ئەو کیان و دەزگا و ئۆرگانەی کە جەستەی ئەو سەرۆکەیە ..

بەڵگەنەویستە یەکێک لە ڕەگەزەکانی بوونی سەرێکی تەندروست و کارا و ھاوسەنگ پەیوندی بە (تەمەن)ـەوە ھەیە، واتە دەبێت لەڕووی زەمەنەوە گەشتبێتە قۆناغی گەشەی تەواوی خۆی (رُشْد) ، لەم میانەیەدا دەستوری ھەمیشەیی عێراقی فیدراڵ لە خاڵی دووەمی ماددەی (٦۸)ـدا ، دەڵێت: ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک کۆمار نابێ تەمەنی لە (٤۰) ساڵ کەمتربێ .. ھەروەھا بەپێی ماددەی (٥)ـی یاسای ژمارە (۱)ـی سەرۆکایەتیی ھەرێم ساڵی (۲۰۰٥)، سێ مەرج دانراوە بۆ ھەر کەسێک بیەوێ خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ھەرێم بپاڵێوێ، یەکەم مەرج دەڵێ: ئەو کەسەی خۆی کاندید دەکات بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم نابێ تەمەنی لە (٤۰) ساڵ کەمتر بێت ..

لێرەدا دوو سەرنجی کورت پێشکەش بە خوێنەرانی بەڕێز دەکەم :

١-بەڕای من دەبوو وەک چۆن مەسەلەی پێگەیشتن (رشد) لەبەرچاوگیراوە و (حَد ٲَدْنَی)ـی تەمەن دیاریکراوە، بەھەمان شێوە ئەبوو (حَد أَعْڵی)ـی تەمەنیش دیاری بکرایە، و مەسەلەی پیربون و نەخۆشی لەبیرچونەوە و خەڵەفان و زەھایمەریش (کە لە عێراق و کوردستان زۆۆر زۆرە) لەبەرچاو بگیرایە، لانی کەم بیانوتایە لە (٤۰) ساڵ کەمتر نەبێ و لە (۷۰) ساڵ زیاتر نەبێ ..!

٢-بەڕای من دەبوو ئەو مەرجە تایبەت نەبێ بە سەرۆکی کۆمار و ھەرێم، بەڵکو سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان و تەنانەت سەرۆکایەتی و سکرتێرایەتی و ئەمینداریەتی و ئەمیرایەتی و ڕابەرایەتی و ڕێبەرایەتی حیزبەکانیشی بگرتایەتەوە ..!

ئەمەش لەلایەک بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە یان ئەو حیزبە سەرۆکێکی چالاک و سەرحاڵ و تەندروستی ھەبێ .. سەرۆکێک ، بەردەوام بێ لە بیرکردنەوەی جوان و داھێنانی شتی نوێ و سودبەخش، و لەلایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی ھاونیشتمانیانی ئەو وڵاتە، و ھەوادارانی ئەو کیان و حیزب و ...ھتد جەرگیان نەسوتێ و تووشی کۆستی مردنی سەرۆک و سەرکردەکانیان نەبن (ھەرچەن الحمدللە تا ئێستا سەرۆکێکمان نەدیوە لە پێش پەنجا ساڵی بمرێ یان جەڵتە لێی بدا یان دەعمی سەیارە بکا و ھتد...! ) ، یان بەھۆی نەخۆشی بەساڵاچون و پیرییەوە نەبنە شاھیدی پەک کەوتن و کەساس بوونی سەرۆکەکەیان ..