سەردێڕ:

چەپلەریی چییە؟

8/27/2019 9:17:23 PM
4360 جار خوێندراوەتەوە
هێرش رەسوڵ
+ -

چەپلەریی یان چەپدەستیی، واتە ئارەزوی سروشتیی و خۆڕسکانەی مرۆڤ بۆ بەکارھێنانی دەستی چەپ لە راییکردنی کاری جیاوازدا، بە تایبەت (نوسین).

لە زمانی کوردیشدا، (چەپلەر، چەپە، چۆپە، چەپان، چەپەوانە، چەپدەست و چەپنوس) بۆ ئەو مرۆڤانە بەکاردێت. لە ئینگلیزیی و عەرەبی و فارسیی و تورکیشدا ئەم وشانە بەکاردێن(Left-handed، ڕعسر، چپ دست، Solak.)

من لێرەدا، زیاتر (چەپلەر)ـم بەکارھێناوە، کە پێموایە باوترە، وەکچۆن واینابینم کە لە بنچینەدا تورکیی بێت (وەک ھەندێکەس پێیانوایە)، چونکە پاشگری (لەر) لە تورکییدا ئامرازی (کۆ)ـیە، ھەروا لەو زمانەدا وشەیەکی دیکە بۆ ئەو مانایە ھەیە.

رێکەوت یان چارەنوس؟

 ھەرچەند قوتابخانەکانی (ماکۆک، رانیە) لە ماڵی ئێمەوە کە لە گەڕەکی (سەرا) بوو، نزیکتر بوو، بەڵام بە ھۆی ئەوەی سەرەتا ماڵمان لە گەڕەکی (گڵنجان) بوە و زۆربەی خوشک و براکانم لەوێ خوێندبویان یان دەیانخوێند، منیش پۆلی یەکەمی سەرەتاییم لە قوتابخانەی (ئاکۆ) دەستپێکرد.

ساڵی ۱۹۸۸ بوو، ئەوەندە نەدەبوو خرابوومەبەر خوێندن. رۆژێک، لەنێو قەرەباڵغیی و یاریی و شەڕەشەقی منداڵاندا بەسەر دەستی راستدا کەوتم (یان کەواندیانم). ئیتر بە ھۆی ئازارەکەیەوە زۆر گریام، ناچار تەلەفۆنیان بۆ بابم کرد و بەدوامدا ھاتن. بردمیانە لای جەڕاحێکی میللی، گوتی "دەستی شکاوە". دوای تۆزێ دەستکاریی، زەردێنەی ھێلکەی لێدا و بە چەند پارچە مقەبا و لەففافێک بۆی بەستم و، قۆڵ بە مل گەڕامەوە ماڵەوە.

ئەم روداوە، ناچاریکردم لە بری دەستی راست، دەستی چەپ بۆ نوسین و نانخواردن و زۆر کاریتر بەکاربھێنم. بەڵام بە تێپەڕینی کات و لەگەڵ بەرکەوتنم لەگەڵ ھەندێ پێشھاتدا (بە تایبەتی یاریی تۆپیپێ)، بۆم دەرکەوت من لە سەرەتاوە چەپلەربوم، یان ھەردوکیان (چەپە و راستە) بوم لە یەک کاتدا، بەڵام پێشتر نەمزانیوە. ئیتر ھێدی ھێدی لەگەڵ بارودۆخەکە راھاتم و بە دەستی چەپ دەمنوسیی و وێنەم دەکێشا (ھاوشانی ئەوەش، توانیم بە دەستی راستیش خۆم فێری نوسین بکەم، بەڵام وەک چەپەکە جوان نیە).

دواتر، لە رێکەوتێکەوە بوە واقیع و چارەنوس و بۆ ھەمیشە بومە چەپە یان چەپدەست.

ئازار و ئۆخژن!

  چیرۆکی چەپلەریی یان چەپەبون بۆ منی چەپە، بە تایبەت لە منداڵی و ھەرزەکاریمدا، ھەم ئازاراویی و ھەم ئۆخژنبەخشە.

لە قوتابخانە و خوێندنگە و زانکۆ و شوێنەگشتییەکاندا کاتێک لە کورسیی و ئۆتۆمبێل و ئامرازەکاندا زیاتر راستدەستەکان رەچاوکراون، بۆ ئێمەی چەپدەست ئیزعاجن.

ھاوکات، زۆرجار مایەی دڵخۆشیی و شانازییم بو، بە تایبەت کە دەمبیست و دواتریش لەسەریم خوێندەوە، کە ھەمیشە چەپدەستەکان لە خەتخۆشیی، نیگارکێشان، ھەستی ھونەریی، زیرەکیی، و ... دا لە پێشەوەی ئەوانیدیکەن. ھەروا زۆر لە کەسێتییە گەورە و کاریگەرەکانی مێژوی دورونزیکی کۆمەڵی مرۆیی چەپە بون یان چەپەن.

ئەمە قسەی من نیە، کۆمەڵێ توێژینەوە دەریخستوە (دواتر ئاماژە بە ھەندێکیان دەکەم).

رۆژێک بۆ چەپدەستەکان

 ھەرچەند، بە درەنگەوە زانیم کە چەپلەرەکانیش رۆژێکی جیھانییان ھەیە، بەڵام ھەر ھەواڵێکی خۆش و تایبەت بوو بۆ من.

رۆژی ۱۳ـی ئاب، رۆژی جیھانیی چەپلەرەکانە (International Lefthanders Day)، کە ساڵی ۱۹۷٦ پێشنیارکرا و دواتر پەسەندکرا.

بۆچی رۆژێک بۆ چەپلەران؟

 پاساوی ناونانی ئەو رۆژەش، دەگەڕێتەوە بۆ: رەخنەگرتن لە ھەموو ئەو کەرەستە و ئامراز و رێنمایی و پێویستییانەی کە تەنھا بۆ راستدەستەکان دروستکراون (وەکو: کورسیی یەک نەفەریی، کورسیی شۆفێر، رێنمایی شۆفێریی، مێزەکانی فۆڕمپڕکردنەوە لە بانک و ئۆفیسەکاندا، و ... تاد)، کە چەپدەستەکان ناچاردەکەن دەستی راستیان بەکاربێنن.

ھەروەک، یەکێک لە ئامانجەکانی دیاریکردنی ئەو رۆژە، رووبەڕوبوونەوەی باوەڕە ئەفسانەییەکانە سەبارەت بە چەپلەریی و چەپدەستبوون.

چەپلەریی لە روی زانستییەوە:

 توێژینەوە جیاوازەکان، دەریدەخەن، کە لە کۆمەڵە جیاوازەکاندا ۷٠ ـ ۹٠٪ـی تاکەکان راستدەستن و، ئەوانیدیکەش چەپدەست. ژمارەیەکی زۆر کەمیش لەو رێژەیە دەتوانن ھەردوو دەستیان بەکاربھێنن.

ھۆکاری وردی چەپلەریی دیاریکراو نیە. تیۆرییە جیاوازەکان وایدادەنێن، بۆماوەیی، فێرکاریی و چالاکیی مێشک، لە میانی پەرەسەندنی جیناتدا ھۆکاری چەپدەستیی یان راستدەستیی بێت.

توێژەرانی (زانکۆی ئۆکسفۆرد) تازەگیی ئاشکرایانکردوە، کە گوماندەکرێت، (جینات) ھۆکاری چەپلەریی بێت. ئەو کەسانەی ئەو جینەیان ھەیە، بەشی راستی مێشکیان کاری کۆنتڕۆڵکردنی خێرایی و زمانە، بەشی چەپی مێشکیشیان لە ھەست و سۆز بەرپرسە. لە کەسانی راستدەستدا، کە جینەکەیان جیاوازە، ئەرکی ھەر نیوەتۆپێکی مێشک پێچەوانەی ئەوەیە. بەڵام دوای ماوەیەکی کەم، توێژەرانی (زانکۆی MIT)ـی ئەمەریکا تیۆرییەکی نوێیان لەمبارەیەوە دانا، ئەنجامەکانیان رونیدەکەنەوە، کە مێشکی منداڵی چەپدەست لە منداڵدانی دایکدا، ئازادانەتر لە مێشکی منداڵی راستدەست گەشەدەکات.

لە روی کەلتوریی و ئاینییەوە:

 چەپلەریی، لە زۆربەی کۆمەڵەکاندا، بە جۆرێ لە ناوازەیی (شازیی) و دابی ناپەسەند ھەژماردەکرێت، بە زۆریی، زۆرینە منداڵەکانیان بۆ بەکارھێنانی راستدەستیی ھاندەدەن، تەنانەت ھەندێجار ناچاریشیان دەکەن.

وەکچۆن، لە کۆمەڵە ئیسلامییەکاندا، (راست) و بەکارھێنانی (دەستی راست) بە پیرۆز دادەنرێت.

‏(Sinister) لە زمانی لاتینیدا، بە مانای چەپ دێت، ھاوکات، واتای (شوم) دەگەیەنێت. لە زمانی فرەنسییدا (Gauche) بەرامبەر ھەردو واژەی (چەپ، پێنەگەیشتو) بەکاردێت. ھەروا لە زمانی ئەڵمانیدا (Linkisch) بە مانای (چەپلەر و مرۆڤی ناجۆر) بەدەستەوە دەدات.

چەپلەرە ناودارەکان کێن؟

 رۆژنامەی (فاینەنشیاڵ تایمز) لە راپۆرتێکدا ئاشکرایدەکات، کە ژمارەی بەڕێوەبەرانی چەپلەر لە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتدا نزیکەی دوبەرامبەر کۆمپانیا باوەکانە.

لەنێو کەسانی بەناوبانگ لەسەر ئاستی دنیادا و لە ھەمو بوارەکاندا چەپلەر زۆرن، لەوانە:

ھەردو فەیلەسوفی یۆنانی: پلاتۆن (ئەفڵاتون)، ئەڕەستۆ. فەیلەسوفی ئەڵمانیی نیچە.

زانایان: (نیوتن، ئەنشتاین، ... تاد)

نوسەر و ئەدیب و ھونەرمەند و وەرزشکار و داھێنەران: (شکسپیر، پیکاسۆ، مایکڵ ئەنجیلۆ، چارلی چاپڵن، بتھۆڤن، سباستیان باخ، لیۆناردۆ دافنچی، گۆنتەر گراس، مارلین مۆنرۆ، نیکۆڵ کیدمان، ئەمیتاب باچان، تام کڕوز، بیڵ گیتس، رافائیل نادال، گوگوش، مارادۆنا، ... تاد).

دوەم خەلیفەی راشیدینی ئیسلام (عومەری کوڕی خەتتاب).

پێنج لە سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا: (جیڕاڵد فۆرد، ریگان، بۆشی باوک، کلنتن، ئۆباما).

ھەریەک لە کەسێتییە سیاسیی و حکومڕانە بەناوبانگەکان: (یۆلیۆس قەیسەر، شاژنە ڤیکتۆریا، ناپلیۆن، ھیتلەر، ونستۆن چەرچڵ، رەزا شای پەھلەویی، مەھاتما گاندیی، فیدڵ کاسترۆ، ئوسامە بنلادن، ھۆگۆ چاڤیز، ... تاد).