سەردێڕ:

مەسرور بارزانی لە مەحەکدایە..!

8/24/2019 4:49:23 PM
8792 جار خوێندراوەتەوە
شوان محەمەد
+ -

زۆرجار دەڵێن کە مرۆڤ دەکەوێتە بەرخۆر، ئەگەر عەیب و عارێکی ھەبێت، یان خاڵی بەھێز و جوانیشی ھەبێت دەردەکەوێت، ئێستا مەسرور بارزانی کەوتۆتە بەرخۆر.

٢٢ی ئابی ٢٠١٩ میدیاکان بڵاویان کردەوە کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت داوای لە وەزیرەکانی کابینەکەی کردووە سەروەت و سامانیان بۆ دەستەی دەستپاکی ئاشکرا بکەن، ئەم ھەنگاوە سەرۆکی حکومەت دەخاتە بەردەم مەحەک.

پرسی گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەتێکی راستەقینە یەکێکە لە پرسە ھەرە گرنگ و ھەنوکیەکانی ھەرێم، ئەمەش لەو روانگەیەوە ئەگەر دەزگا رەقابییەکانی نێو ھەرێم و چالاکوانانی کۆمەڵگاو بەرپرسانی ھەرێم، ئەوانەی  ئاھێکی خێریان تیا مابێت، بیر لە چارەسەرێکی جدی ئەم کێشەیە نەکەنەوە، ئەم دەسەڵاتەی ئێستای ھەرێم ھیچ ئایندەیەکی نابێت.

کاتێک دەستەی نەزاھە فۆرمی ئاشکراکردن دەخاتە بەردەم بەرپرسانی باڵای حکومی، ئەوان خۆیان زۆر باش دەزانن لەم دۆخە سیاسی و ئابوری و داراییە داخراوەی ھەرێم ناگەنە حەقیقەتی سەروەت و سامانی بەرپرسان، چونکە تەنھا تۆ کاتێک دەگەیتە ئەو راستیە کە بەلایەنی کەمەوە سیستەمێکی بانکی پێشکەوتووھەبێت و سەروەت و سامانی بەرپرسان و حیزب و کۆمپانیان بەتەواوی شەفافبن، ئەوا ئەو دەمە کارەکانی دەستەی نەزاھەو ھەموو دەزگا رەقابییەکانی دی زۆر ئاسان بەڕێوە دەچن.

جگە لە دۆخی دیموکراسی و شەفاف و ھەبوونی سیستەمێکی ئەلکترۆنی بانکی، بۆ وڵات گەلێکی وەک ئێمە فاکتەرێکی تر ھەیە، ئەویش مۆراڵی نیشتمانی ( ئەخلاقی نیشتمانی )، لەم دۆخەدا بەرپرسانی حکومەت دەتوانن بەمۆراڵێکی بەرزی نەتەوەی و نیشتمانی خۆنەویستەوە ھەنگاو لەم بوارەدا بنێن، ئەویش یەکەم ھەنگاو دەبێت لە خۆیانەوە دەستپیێبکەن.

ئەو ھەنگاوەش ئەو ساتە دەستپێدەکات کە سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی لەو مۆراڵە نیشتمانی و خۆنەویستییەوە تێکڕای سەروەت و سامانی خۆی ئاشکرا بکات، ئەزموونی گەلانیش زۆرن کە بەرپرسێکی نیشتمانی بۆتە خاڵی وەرچەرخان لە کۆمەڵگاکانیاندا، ھەروەک " بارک تشونگھی " سەرۆکی کوریای باشور کە لەساڵی ١٩٦١دا،  وڵاتی لە دواکەوترین دۆخەوە گۆڕی و، سەرەتایەکی دانا بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی بەھێزی ئابوری و، ئێستا ئەو وڵاتە یەکێکە لە وڵاتە بەھێزە ئابوریەکان و خاوەنی دیموکراسیەتێکی پێشکەوتووە، یان سەرۆکی سەنگاپوورە " کی کوان یو " کە لەساڵی ١٩٦٥ دا بەردی بناغەی وڵاتێکی فرە کەلتوری و ئابوریەکی بەھێزی داڕشت، یان سەرۆکی بەرازیل "لولا داسیڤا" کە لەساڵی ٢٠٠٢دا بەرازیلی لە وڵاتێکی ھەژارەوە وردە وردە کردە ولاتێکی بەھێزو، جیاوازی نێوان ھەژاران و دەوڵەمەندانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.

ھەڵبەتە ئەگەر بمانەوێت ھەرێم بەرەو پێش بچێت و لەم بازنە داخراوە رزگاری بێت، دەبێت خالێک بێتە پێشەوەو ئەم وەرچەرخانە رووبدات، ئیستاش ئەوەی دەبێت مەسرور بارزانی  بیکات، تا ببێتە سەرەتای ئەو خاڵەی ئەو وەرچەرخانەی تیا روودەدات، فەرموو ئێوە وەک بەرپرسێکی ئەو وڵاتە زۆر راستگۆیانە سەروەت و سامانی خۆتان ئاشکرا بکەن، ئەوە نا کە بەرپرسانی پێشوو لە فۆرمی دەستەی نەزاھەدا ئیعلانیان دەکرد، بەڵکو سەروەت و سامانی راستەقینەی خۆت، با ھەندێک نموونەی سەروەت و سامانەکەتان کە چەند نموونەیەکی کەمە و ھەموو کەس دەیزانێت ئاشکرای بکەین، کە ئەویش کەناڵی کوردستان ٢٤ و رۆژنامەو ماڵپەڕی باسە، دەتوانن بۆ دەستەی نەزاھەو پەرلەمان و رای گشتی ئاشکرا بکەن کە ئەو پارە زۆرەی بۆ ئەو دوو میدیایەی خەرجی دەکەن لە کوێتان بووە و چەندە..؟ ئەگەر ئەمەتان ئاشکرا کرد، ئەوا ئەو موڵک و ماڵەی ھەتانە  یەک لە دوای ئاشکرای بکەن و، ببنە ھەڵگری درووشمی شەفافیەت لەھەرێمدا.

مەسرور بارزانی کە کوڕەزای مەلا مەستەفایە، با ئەو خاڵە لەسەری دێڕ دابنێت و لە خۆیەوە دەستپێبکات و، چی سەروەت و سامان ھەیە ئاشکرای بکات، ئەو با ببێ بەو سومبلەی کە باپیری گەورەتر بکات، ئەوەی من لەسەر باپیری ئەو خوێندومەتەوەو لەخەڵکانێکم پرسیووە، کەسێکی زاھیدبووە و موڵک و ماڵی ئەوتۆی نەبووە عەیب داری بکات، تۆ ئەو دەرفەتەت لەبەردەمدایە کە وەک کوڕی بەرپرسەکانی تری نێو حیزب و بنەماڵەکەت و بەرپرسانی یەکێتی  و گۆڕان مەبە کە زۆربەیان باوک و باپیریان لەبەر سەروەت و سامان و دەسەڵات بچووک کردۆتەوە.. فەرموو تۆ باپیرت گەورە  بکە..!