سەردێڕ:

نەمامێکتان ناشت و نیشتیمانێکتان ھەڵوەراند

8/7/2019 2:59:27 PM
7476 جار خوێندراوەتەوە
عەلی عەبدولسەمەد
+ -

ساڵانێکە نیشتیمانتان بەھەموو جوانیەکانیەوە ھەڵوەراندووە، ھیوا و ئومێد و ھەستی نەتەوایەتی و دڵسۆزی بۆ خاک و وڵات، ئەو بەھایانەبوون ئێوە ھەڵتان وەراندن. ساڵانێکە جەرگی دایکی کورد ھەڵدەوەرێنن، گەنجە خێر لە خۆ نەدیوەکانی نیشتیمان بەدڵی شکاوەوە ئاودیویی ئەو دیو سنور دەکەن و ڕادەستی دەریاکانیان دەکەن، ساڵانێکە باوەشی گەرمی دایکەکانتان لە گەنجی ئەم نیشتیمانە،  گۆڕیوە بۆ کۆڵانەکانی غەریبی لە خاریج، ساڵانێکە دڵی گەنج و پیر و ھەموو تاکێکتان شکاندووە، ساڵانێکە کەرامەتی مرۆڤی کوردتان لەباشور شکاندووە، ھەزاران دڵۆپ فرمێسکتان لە چاوی دایکەکانی کورد ھەڵوەراندووە. ساڵانێکە خەزانی دلخۆشی گەل و بەھاری نائومێدکردنیانن، ساڵانێکە ئومێدی ھەموو خەون و ھیوایەکی گەنجی کوردتان ھەڵوەراندووە، کە دوایی تەواکردنی خوێندنی بەھیوایی دروستکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆ خۆی، بەڵام چارەنوسی لە باوەشی  نائومێدی و کۆچدا دەبینێتەوە، لەگەڵ ئەوەدا ژیانێکی شاھانەییتان بۆ خۆتان و نەوەو نزیکەکانتان دروستە کردووە. 
کام بەھاو جوانیە ماوە لەم نیشتیمانەدا ھەڵتان نەوەراندبێت؟ کام خەون و ھیوایە ماوە، لەم نیشتیمانەدا ھەڵتان نەوەراندبێت،  لەبری ناشتنی نەمامێک، وەرن ھیوا و ئومێد و ڕاستگۆیی خۆتان لە دڵی ھاووڵاتیەکانی ئەم نیشتیمانەدا  بچێننەوە کە ساڵانێکە ھەڵتان وەراندوون، وەرن پێکەنین لە دڵی دایکە دڵشکاوەکانی ئەم نیشتیمانەدا بچێننەوە کە ساڵانێکە لەدووری جگەرگۆشەکانیان ھەڵوەریووە. وەرەن ھیوایەک لەدڵی کەمئەندامەکانی ئەم نیشتیمانەدا بچێنن، بە چاککردنی ژیان و گوزەرانیان، نەک ناشتنی نەمامێک و بڵاوکردنەوەی، وەک ئەوەی کە نیشتیمانتان کردبێت بە دووبەی و ژیانی خەڵکتان کردبێت بە بەھەشت.  ئێوە بە ھەشتێکتان بۆ خۆتان و دۆزەخێکتان بۆ ژێر دەستەکانتان دروست کردووە، ئاکا سیحیرە ئەفسوناویەکەی ژیان پێچەوانەبۆوە و ئەوکات لەوە ناشرینتر بچنە مێژووی ئەم خاک و وڵاتەوە ئەم بەھەشتەتان لێ ببێتە دۆزەخێکی ئەبەدی.