سەردێڕ:

شنگال لە نێوان واقیع و موزایەدەى سیاسیدا

8/5/2019 2:04:09 PM
3418 جار خوێندراوەتەوە
ئەکرەم ساڵح
+ -

کارەساتی شنگال یەکێکە لەو کارەساتە مەزنانەی سەرەتای سەدەی بیست و یەک بەخۆیەوە بینیوە. ئەم کارەساتە تراژیدیە وێڕای زیانی مرۆیی گەورە و کاولکاری و ھەوڵی پاکتاوی ئایینی لە ڕووی سیاسیشەوە لێکدانەوە ‌و مزایدەی زۆری پێوەکراوە، بە شێوەیەک تاکو ئیستاش کوردانی ئیزدی سەرگەردانن و باجی دەدەن.

ئەڵبەتە لە کارەساتی شنگالدا نەیارانی پارتی بەردەوام پەنجەی تۆمەتیان بۆ پارتی درێژ دەکرد بەو پێیەی پارتی ھێزی یەکەم بوو لەو دەڤەرە، بەڵام ئایە ‌ڕاستیەکەی ئەوەیە پارتی کەمتەرخەم بوو یان ئەو کات ڕووداوەکان لە دەرەوەی ئیرادەی ھێزی پێشمەرگە و پارتی بوون. گریمان پارتی لە شنگال نەبوایە ھەر ھێزێکی تر لە شنگال بوایە لەو بارودۆخەی کە لە ئەنجامی پەلاماری داعش ڕووی لە عێراق و ناوچەکە کردبوو، چی پێ دەکرا، ئایا دەیتوانی شنگال و شنگالیەکان بپارێزێ یان ھاوشێوەی موسل و ناوچەکانی تر شنگالیش ھەمان چارەنوسی دەبوو.
ئەگەر بە شێوەیەکی واقعی و لۆژیکی تەماشای ڕووداوەکان بکەین و بەراوودێ لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق و سوریا بکەین. ئایا ھێزی پێشمەرگە لە رووی لۆجستی و ژمارەوە لە ئەوان بەھێزتر بوو بە تایبەت سوپای عیراق کە لەو کاتەدا بە نوێترین چەکی ئەمریکی پڕچەک کرابوو و نوێترین جۆری چەکی زرێپۆشی پێدرابوو، بەڵام نەک بەرگری پێ نەکرا، بەڵکو لە ماوەی مانگێکدا لە ٣٥% ی خاکی عیراقدا تێکشکاو شەڕ گەیشتە کەنارەکانی بەغداد. خۆ ئەگەر پێشمەرگە لەوێ نەبوایە سوپا لەوێ دەبوو وە پێشتریش سوپا لەوێ بوو، کەواتە ڕووداوەکە ھەر دەبوو. بۆیە کاتی خوێندنەوە بۆ ڕووداوێکی لەو جۆرە دەکرێ پێویستە کۆی ڕووداوەکان لە بەرچاو بگیرێ ھەر بۆیە شنگال ھەر ھێزێکی لێ بوایە ئەنجامەکەی ھەر وەک ئەوە دەبوو کە ڕوویدا، بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافی و بیری شۆفێنی عەرەبەکانی ناوچەکە و فتوا و رەوای دانی داعش بە تەکفیری ئایینی و حەڵالکردنی سەر و ماڵی ئێزدیەکان.
ئەوەی لە شنگال ڕوویدا بەشێک بوو لەو ڕووداوانەی لە عیراق و سوریا روویدا کە بوو بەھۆی داڕوخانی باری سایکۆلۆژی و مەعنوی ھێزە چەکدارەکان و خەڵک بەگشتی، لە ئەنجامی کردەوەی درندانەی داعش و نەبوونی ئەزمون و شارەزای لە سروشتی شەڕی ئەو ھێزەدا.
ئەمە سەرەڕای ڕۆڵی ھەندێ وڵاتی ناوچەکە لە گۆڕینی ئاراستەی داعش لە بەغداوە بۆ کوردستان بۆ ئەوەی گوشار لەسەر بەغدا کەمبێتەوە و سنورێک بۆ پێشڕەویەکانی پێشمەرگە دابنرێت.
بەڵام ھەمیشە یەکێک لە کێشەکانی کورد لە مێژوودا ئەوە بووە ھێندەی خەریکی خۆشکاندن و پاساو بۆ دوژمن ھێنانەوە بووە نیو ھێندە لە خەمی ئایندەی خۆیدا نەبووە، لە شنگالیش ھەمان حاڵەت دووبارە بووە،‌ لایەنە سیاسیە کوردییەکان لەبری ئەوەی بە ‌لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی ئێزدیەکان کار لەسەر ساڕێژکردنی برینەکانی کارەساتەکە بکەن کەچی کەوتنە تۆمەتبارکردنی پارتی بۆ ئەوەی پێگەی پارتی لەناو ئێزدیەکان لاواز بکەن بێ گوێدانە مەترسی ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەم پرسە لەسەر ئایندەی ئێزدیەکان و کوردستانیەتی دەڤەری شنگال، لەڕووداوێکی لەم جۆرەدا بە حوکمی تایبەتمەندی کوردانی ئێزدی و ئەو زوڵمە مێژووییەی لێیان کراوە دەبوایە نیشتمانیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو کارەساتە بکردایە کەچی ئەوانەی پارتیان تۆمەتبار دەکرد بۆ مزایدەی سیاسی خۆیان نەچوونە ژێر باری ھیچ ھاوکارییەکی مرۆیی و سەربازی، بەڵکو ھەر پارتی شانی دایە بەر کارەساتەکەو نزیکەی ٧٠٠ شەھیدی بۆ ئازادی شنگال بەخشی و زیاتر لە ٣٠٠ سێ سەد ھەزار ئاوارەی کوردانی ئێزدی حەواندەوە تا ئێستا نزیکەی ٣٠٠٠ سێ ھەزار دەستگیرکراوی ئیزدی بە ڕێگەی جیاواز ئازاد کردووە، ئەوەی من دەیڵێم پاکانە نیە،‌ بەڵکو خوێندنەوەی واقعی حاڵە لەو ھەلومەرجەدا.
بۆیە بەبروای من کاتی ئەوە ھاتووە مزایدەی سیاسی بە ‌دۆسیەی شنگالەوە کۆتایی پێ بھێنریت ھەوڵبدرێ چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی شنگال و برا ئێزدیەکان لە نێوان ھەرێم و بەغدا بدۆزرێتەوە بەھەر شێوەیەک بێت ناوچەکە ئاوەدانبکرێتەوە و خەلکەکەی بگەڕێنرێتەوە سەر زێدی خۆی و بە ھەموو لایەک ھەوڵبدرێ برینەکانیان ساڕێژ بکرێ و سەقامگیری و ئارامیان بۆ دابین بکرێ، ھاوکات کار بۆ ئەوەبکرێ کارەساتی شنگال لە ئاستی ناوخۆ و نیودەوڵەتی بەجینۆساید بناسرێ و قەرەبووی مادی و معنوی دانیشتوانەکەی بکرێنەوە، چونکە درێژەکێشانی ئەو بارودۆخە بەم شێوەیە لە نیوان ھەرێم و بەغدا لە داھاتوو مەترسیەکی گەورەیە لەسەر گۆڕانی دیموگرافی و کوردستانیەتی شنگال و پەرتەوازەی زیاتری کوردانی ئێزدی، نەخاسمە کە لەدوای کارەساتەکەوە بەسودوەرگرتن لەو ھەلومەرجە نوێیەی کە ھاتوتە ئاراوە بە ئاشکرا ھەولی دەرەکی و ناوخۆیی ھەیە بۆ کارکردن لەسەر گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەی کوردانی ئیزدی بۆ ناسنامەی کەمینەیەکی ئایینی.