سەردێڕ:

وەرزش دەرگایەکی کراوەی حیزب!!

8/4/2019 11:40:01 PM
3875 جار خوێندراوەتەوە
رەزوان یاڵانپى
+ -

لەوڵاتە پێشکەوتوەکاندا پێکھێنەری حکومەتەکان حیزب و پارتەکانن، تا ئەوکاتەی حکومەت دادەمەزرێت و دەکەوێتە سەرپێ لەوە بەدواوە حیزب دەست ناخاتە ناو کاروباری حکومەتەوە، ئەوەی لە حکومەت و حکومڕانی بڕیار دەدات یاسا و دەستورن نەک حیزب.

حیزب لە ھەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی ئێجگار خراپ دەگێڕێت لە تەواوی سێکتەرەکانی ژیاندا، حیزب بوەتە بڕیاردەری حکومەت، حکومەتی بە تەواوی نەخۆش خستوەوە ناھێڵێت یەکە یاساییەکان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، بەم پێوەرە بێت ھەموو لایەک زەرەرێکی گەورە دەکات، پێش ھەموان حیزبی دەسەڵاتدار، چونکە خەڵکی بە دێوەزمەی ژیان سەیریان دەکات، چونکە بە تەواوی دەستێ ڕۆچوەتە ناو تەواوی کاروبارەکانی ژیانەوە.
نمونەی یانەی ورزشی خورماڵ دەھێنینەوە ساڵانێکی زۆرە ئەو یانەیە بە دەست کێشمە کێشمی سیاسیەوە دەیناڵاند، سەرئەنجام بوە قوربانی ململانێیەکانی یەکیەتی و پارتی بە فەرمی مۆڵەتی یانەکە لە وەرزشکاران سەندرایەوە. لە نێو ئەم بۆشاییە وەرزشیەدا یاریزان و وەرزشکارانی ناوچەکە لە سەر توانا و ئیرادەی خۆیان بەردەوام بون و بەھرەی خۆیان ون نەکرد، لە بوارە جیاجیاکانی وەرزشدا بە تایبەتی تۆپی پێ و بالە و بە تایبەتی تر لە بواری کاراتی کە چەندین ساڵە بونەتە جێگای فەخر و شانازی کورستان بە گشتی و خورماڵ بە تایبەتی.
دوای نزیکەی دە ساڵ بە ناچاری و بە ھەوڵ و ھیممەتی کۆمەڵێک ماندو نەناس بە فەرمی مۆڵەتی یانەی وەرزشی خورماڵ وەرگیرایەوەو و بوە جێگای ئومێدی وەرزشکاران، ھەموان بە چاوی پڕ ئومێد و پڕ لە ھیواوە پیرۆزباییان لە گەڕانەوەی مۆڵەتی یانەکە دەکرد. 
چاوەڕێ دەکرا دەستەی یانەکە لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزاو لێھاتو پێک بێت، مەخابن لە گەڵ ئاشکراکردنی ستافی نوێی یانەی وەرزشی خورماڵ وەک ئاوێک بە ئاگردا بکرێت دڵخۆشی و حەزی یاریزانیان مراند و کەسانی وا لەو جێگایە دانراون خۆیشی گەورەترین موفاجەئەیە لە لای.
دو مانگە بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ دەست بەکاربوەوە و خەڵکی دەڤەرەکەش نیە کراوەتە سەرۆکی فەخری یانەکە، بەڕێوەبەری گشتی گەشتو گوزاری ھەڵەبجە کراوەتە سەرۆکی یانەکە کە بۆ ماوەی نزیک بە سی ساڵ دەبێت لە ھێچ گۆڕەپانێکی وەرزشیدا نەبینراوە، گەر وەرزشکارە بۆچی بوەتە بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە؟ تەواوی ئەندامانی یانەکەش لە حیزبی دەسەڵاتدارن.
بۆ ئەوەی یانەکە ببێتە فەخری وەرزشکارو شانازی حیزب دەبیت بەم شێوەیە تەشکیل بکرێت:
یەکەم/ پێک بێت لە کەسانی شارەزار و پسپۆڕی وەرزشی و دڵسۆزی وەرزش چ کەسانی سەربەخۆ وە یا کەسانی حیزبی بن.
دوەم/ لەبەرچاو گرتنی خەڵک و وەرزشکاری ناوچەکە کە ھەرکەسەیان ڕاوبۆچونی جیاوازیان ھەیە و ئەمە شتێکی ئاساییە.
سێیەم/ بەکارھێنان و سود وەرگرتن لە یاریزان و ناوبژیوان و ڕاھێنەرانە ھەر باشەکان کە دواجار یانەکە سودیان لێ دەبینێت و دواجاریش باشی یانەکە دەچێتە خزمەتی گیرفانی حیزبەوە.
چوارەم/ حیزبیش دەتوانێت چەند دەرچویەکی بێکاری زانکۆ بخاتە ناو ستافەکەوە و بتوانێت ھەم خزمەت بە خۆی ھەم بە بێکارەکەش بکات و لەوڕێگەیەوە یانەکەش ڕوبەری ڕەخنە نابێتەوە.
گەر ھاتوو یانەکە پێشنیاری یاریزان و دڵسۆزانی نەگرت و تەنھا بە بڕیاری کۆمێتەکان و مەڵبەند جوڵایەوە، ڕۆژێ زوتر فاتحە بۆ یانەکە دەخوێنرێت و لەم کاتەشدا دو لایەن زەرەر دەکەن:
١-خودی حیزبەکە.
٢- وەرزشکاری ناوچەکە.